هێرۆ مستەفا وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد

2023/11/09    299 جار بینراوە

 

* نەوژین

هێرۆ مستەفا باجەلان، وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاردەبێت، ئەو لەدایکبوی شاری هەولێرە و پێش نزیکەی پەنجا ساڵ ئاوارەی ئەمریکا بون.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قاھیرە لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوەتەوە: ھێرۆ مستەفا، وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە میسر سوێندی یاسایی خوارد، ئەو لەم کاتە گرنگە دا کە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و قاھیرە بەرەوپێشچوە ئەو ئەرکەی پێدەسپێردرێت و ھەوڵەکان بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە چڕ دەکاتەوە. 

هێرۆ، لەساڵی ١٩٧٣ لە هەولێر لەدایکبوە و لە تەمەنی ٢ ساڵی دا لەگەڵ خێزانەکەی دا کوردستانی بەجێهێشتوە و پاش دو ساڵ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گیرساونەتەوە.

ئەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا هەیە، هەشت زمان دەزانێت کە بریتین لە زمانەکانی: ئینگلیزی، کوردی، عەرەبی، فارسی، هیندی، یۆنانی، بولگاری و پورتوگالی.

هێرۆ چەندین ساڵە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کاردەکات، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ تا مارسی ٢٠٢٣ باڵیۆزی وڵاتەکە بوە لە بولگاریا، پێشتریش جێگری باڵیۆز بوە لە پورتوگال و هەروەها راوێژکار بوە لە باڵیۆزخانەی نیودەلهی لە هیندستان.

لەساڵی ٢٠٢١ دا، لەلایەن دامەزراوەی 'کارنیگی'ـیەوە وەکو یەکێک لە گرنگترین ئەو کەسانەی بە پەناهەندەیی رویان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردوە، خەڵات کراوە.

هێرۆ مستەفا، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بە رەگەز هیندی کردوە بەناوی رافنیش جارج و خاوەنی دو مناڵە بەناوەکانی: ئاریانا و ئاشنا.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,376,925     ژمارەی میوان 235

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە