* نەوژین
لیژنەی ژنان و خێزان و مناڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: دەیانەوێت سود لە یاسای خێزانی کۆماری ئیسلامی ئێران ببینن، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە لە ریزبەندە کۆتاییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە مافەکانی ژنان و خێزان و مناڵان دەپارێزن.
بەپێی راگەیەنراوێکی پەیجی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەی ژنان، خێزان و مناڵان لە ئەنجومەنەکە، رۆژی چوارشەممە وۆرکشۆپێکی "بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمون و مۆدێلی یاسادانانی یاسای خێزان لە کۆماری ئیسلامی ئێران سازکردوە".
دەشڵێت: لە وۆرکشۆپەکە ژمارەیەک لە ژنە پەرلەمانتاران، خوێندکاری زانکۆ و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بون، تیشکخرایە سەر "پێداچونەوە بەو یاسایانەی کە لە ئێران بەپێی یاسای شەریعەتی ئیسلامی دەرکراون و چۆنیەتی بەکارهێنانیان بۆ داڕشتنی رەشنوسی یاسای پێشنیارکراوی دامەزراوەی خێزان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێران لە پۆلێنکارییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام لە ریزی ئەو وڵاتانەدا دێت کە ئازادیی و دیموکراسی و مافی ژنانی تێدا پێشێلکراوە، بەشێوەیەک لە ریزبەندیی ئازادیی جیهانییدا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کە دەزگای (فریدەم هاوس) ئەنجامیدەدات، ئێران بە وڵاتێکی "سەرکوتکار" ناوبراوە کە پێشێلی هەمو ئازادییەکانی مرۆڤ دەکات