* نه‌وژین
پاش گیان له‌ده‌ستدانى مامۆستای وانه‌بێژ (جیهان ته‌ها)، به‌رگرى شارستانى ده‌ڵێت روداوه‌كه به‌هۆی وه‌رگه‌ڕان و سوتانى ئۆتۆمبیله‌كه‌یه‌وه بوه، ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیش به گومانه له مردنه‌كه‌ى.
دوێنێ گیان له‌ده‌ستدانى (جیهان ته‌ها) مامۆستاى وانه‌بێژ و یه‌كێك له مامۆستا ناڕازییه دیاره‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر، به روداوێكى هاتوچۆ لە گوندی "هەڤنکا" لە دەڤەری بارزان راگه‌یه‌نرا.
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر روداوه‌كه، ده‌سته‌ی داكۆكی له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی، راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه و تیایدا ده‌ڵێت: "به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵی مه‌رگی مامۆستای وانه‌بێژی ڕه‌خنه‌گری حه‌قبێژ (جیهان ته‌ها) به‌كاره‌ساتێكی گوماناوی ئۆتۆمبێل سه‌رجه‌م مامۆستایانی خه‌مباركرد".
ده‌سته‌كه گومانى خۆیشی له روداوه‌كه پیشان ده‌دات و ده‌ڵێت: "هیواخوازین روداوێكی ئاسایی بێت و ده‌ستی له پشته‌وه نه‌بێت".
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى سۆران راگه‌یه‌نراوێكى له‌سه‌ر روداوه‌كه بڵاوكردوه‌ته‌وه.
تیایدا هاتوه: "به پێی راپۆرتی تیمەکانمان ئۆتۆمبێله‌كه له جۆری (Nissan micro)یە و بەتەواوی سوتاوه، شۆفێره‌کەی ئافرەت بوه بەهۆی روداوه‌کەوه تەواوی جەستەی سوتابو بەو هۆیەوه گیانی له دەستدابوو".
ئه‌وه‌ى گومانه‌كانی زیاتر كردوه، ئه‌و پۆستانه‌ى مامۆستاكه‌یه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك كه پێش گیان له‌ده‌ستدانى كردویه‌تى و تیایدا باس له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مردن ده‌كات.
له یه‌كێك له‌و پۆستانه‌دا كه پێش گیان له‌ده‌ستدانى به‌چه‌ند كاتژمێرێك كردويه‌تى ده‌ڵێت: رێگاكه‌م به‌ره‌و مه‌رگه، مه‌رگ با‌نگم ده‌كات". له پۆستێكى تریشدا وێنه‌ى باوكی كۆچكردوى داناوه و ده‌ڵێت بۆلای تۆ (لای باوكی) دێم.
هه‌ر پێش روداوه‌كه‌ش به چه‌ند كاتژمێرێك، له پۆستێكى دیكه‌ى دا كه زیاتر له وه‌سیه‌ت ده‌چێت، ده‌ڵێت: "مناڵەکانم ئەمانەتی دەستی سەرکردەیی گەورەم کاکە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ".