* نەوژین
دو کچی شاری هەڵەبجە دیواری شوێنە گشتییەکان بە وێنە دەنەخشێنن و دەڵێن: ئامانجمان لەکارەکە ئەوەیە مناڵان بە سەیرکردنیان دڵخۆشبن و بێئومێد نەبن.
سەلوا مستەفای ٢٨ ساڵ و هەتاو کەریمی ٣١ ساڵ، دو کچی وێنەکێشی دانیشتوی شاری هەڵەبجەن، ئەوان پەرەیان بە خەونی مناڵیان کە وێنەکێشان بوە داوە و لە ئێستا دا هەردوکیان وێنەکێشن.
پێکەوە مناڵان و مناڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت فێری وێنەکێشان دەکەن، لەگەڵ ئەوەدا شوێنەگشتیەکانی ناوشارەکەیان وەک: نەخۆشخانەی مناڵان، خوێندنگە و باخچەکان دەنەخشێنن.
دەڵێن: کارکردن لەگەڵ مناڵان چێژێکی تایبەتی هەیە و ئارامیمان پێدەبەخشێت.
پێکەوە ساڵانێکە کاری شێوەکاری دەکەن، ئەوان خاوەنی پێشەنگای تایبەت بە خۆیانن و بەشداریان لە چەند پێشەنگایەکی نێوخۆیش دا کردوە.
وەک هەتاو ئاماژەی پێکرد: پێکەوە بەشداریمان لە چەندین پێشەنگا کردوە و خۆم خاوەنی دو پێشەنگای تایبەت بەخۆمم کە یەکەمیانم لە ساڵی (٢٠١٣) کردەوە و دوەمیشیان لەساڵی (٢٠١٨) و بەناوی (بەرەو گوڵستان) کردەوە.
دیوارەکان دەنەخشێنن، بە ئامانجی ئەوەی مناڵان بە سەیرکردنیان دڵخۆشبن.
خەیاڵ وتی: ئێمە دیوارەکان بەتەنها بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانمان نانەخشێنین، بەڵکو ئەو جێگانە دەنەخشێنین کەوا زیاتر مناڵان سەردانیان دەکەن، بە ئامانجی ئەوەی بە سەیرکردنیان دڵخۆشبن، نەترسن و بێئەمێد نەبن.
هاوکات ماوەی چەند ساڵێکە پێکەوە لە هاوینان خولی فێرکاری بۆ هەردو رەگەز دەکەنەوە.
وەک سەلوا ئاماژەی پێکرد: لە خولەکان ئامانجمان تەنها فێرکردنی دەوروبەرمان نییە، بەڵکو ئامانجمانە لەڕێگەی خولەکانمانەوە کچان و کوڕان سودمەند ببن و لەداهاتو دا ببنە وێنەکێشی بەتوانا و بتوانن هونەرەکە بکەن بە پیشە.