کچان و ژنان گرفتاری توندوتیژیە تەکنەلۆژیەکانن

2023/09/10    916 جار بینراوە

 

* نەوژین، سومەیە ساڵح

ئامێرەکانی پەیوەندی بون بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە کچان و ژنان، لەماوەی ساڵی رابردودا زیاتر لە ٢٥٠٠ کەیسى یاسایی په‌یوه‌ندیدار به‌م ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردنه‌وه‌ تۆمارکراون، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی گەرمیانیش دەڵێت: ئه‌و ئامێرانە ئه‌گەر راستەوخۆش نەبێت، ئه‌وا بە ناڕاستەوخۆ  پەیوەندیان بە زۆرینەی کەیسەکانی توندوتیژییە خێزانییەکانەوە هەیە.

خەیاڵ، ناوی خوازراوی کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵی دانیشتوی قەزای سەیدسادقە، لەلایەن پیاوێکى دانیشتوى هه‌ولێره‌وه‌ هەڵدەخەڵەتێندرێت، به‌شێوه‌یه‌ك پیاوه‌كه‌ خۆی وه‌كو كه‌سێكى سه‌ڵت پێده‌ناسێنێت و داواى هاوسه‌رگیری لێده‌كات، به‌ڵام دواتر خه‌یاڵ و خێزانه‌كه‌ى بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پیاوه‌كه‌ هاوسه‌ری دیكه‌ى هه‌یه‌ و خاوه‌نى مناڵه‌، هه‌بۆیه‌ رازیی نابن به‌م هاوسه‌رگیرییه‌. له‌به‌رامبه‌ردا پیاوه‌كه‌ چەند وێنەیەکی خەیاڵ لە پەیجێکی تێلیگرام بڵاودەکاتەوە و هەڕەشە دەکات بەوەی ڤیدیۆی خەیاڵی لایە، دەڵێت: هەر ئەمشەو لە هەمان پەیج بڵاویدەکەمەوە.

هەر لەو شەوەدا و پێش ئەوەی ڤیدیۆکان بڵاوبکاتەوە، پۆلیسی هه‌ولێر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە، پیاوه‌كه‌ دەستگیردەکەن، هەروەک دەستدەگرن بەسەر کۆمپیوتەرەکەی کە وێنە و ڤیدیۆکانی خەیاڵی تێدابوە.

بەپێی یاسا ئەنجامدانی تاوانی هاوشێوەی ئەوەی بەرامبەر بە خەیاڵ کراوە، دەچێتە قاڵبی ماددەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، دەقی ماددەکە دەڵێت: "هەر کەسێک بە خراپی (مۆبایل)، ئامێری پەیوەندی پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێ تەل، ئینتەرنێت، پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن، تۆمەت هەڵبەستن، جنێودان، بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکاربهێنێت کە ترس پەیدا بکات یان دزەی بە گفتوگۆ کردن کرد یان وێنەی چەسپاو یان جوڵاو یان کورتە نامەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خوڕەوشتی گشتی دا ناگونجێ یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر رێگایەک بێت دەستی کەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بە هۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە (٦) مانگ کەمتر نەبێت و لە (٥) ساڵیش زیاتر نەبێت، وە بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دو سزایە سزادەدرێت". 

بەپێی ئامارە فەرمیەکان لە ماوەی ساڵی رابردو (٢٠٢٢)ـدا دو هەزار و ٥٧٦ کەیسی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە گەرمیان، دەڵێت: ئامێرەکانی پەیوەندی ئه‌گەر راستەوخۆش پەیوەندیان بە کەسیەکانی توندوتیژی نەبێت، ئه‌وا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەریان هەیە، بەتایبەت لە کەیسەکانی ناپاکی هاوسەرگیری.

ئەو کەسانەی توشی کێشە دەبن و سکاڵا تۆماردەکەن، زۆرینەیان لە کێشەکە رزگاریان دەبێت، ئەمەش بە وتەی لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە گەرمیان. 

"تەواوی ئەو سکاڵانەی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراون، تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکراون". بورهان ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژى ژنان و خێزان له‌ هەڵەبجە، وای وت. 

هاوکات وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژى ژنان و خێزان له‌ گەرمیان دەڵێت: زۆرینەی زۆری ئەو کەیسانە چارەسەرکراون کە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمارکراون، هەروەک ئەوانەی دیکەش کە ماون لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

ئەگەر خەیاڵ لەلایەن کەسێکه‌وه‌ هەڵخەڵەتێندرابێت و هه‌ڕه‌شه‌ى لێكرابێت كه‌ ناسیویه‌تى، ئەوا ژنانێک هەن بەبێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن دەکەونە نێو کێشە تەکنەلۆژییەکانه‌وه‌.

ئاڵا، ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵە، هاوسەرگیری کردوە و دایکی دو مناڵە.

دەڵێت: رۆژێک لەناکاو نامەیەکم بۆ هات نوسرابو وێنە و ڤیدیۆی تۆم لایە، گەر لەماوەی دو رۆژ دا بڕی سێ ملیۆن دینارم بۆ نەنێریت ئەوا هەمویان بڵاودەکەمەوە. 

زیاتر وتی: منیش ترسام و نەمزانی چیبکەم، رۆژی یەکەم هیچم بۆ هیچ کەسێک باسنەکرد، تەنها لەو کەسەی نامەکەی بۆ ناردبوم دەپاڕامەوە و دەموت: تکایە بڵاوی مەکەوە، بەڵام دواتر کە زانیم بەپێی یاسا ئەو کەسە سزا دەدرێت، بۆ هاوسەرەکەم روداوەکەم باسکرد و پێکەوە رۆشتین سکاڵامان تۆمارکرد. 

لەدوای تۆمارکردنی سکاڵاکەی ئاڵا، توانرا ئەو کەسەی هەڕەشەی لێکردبو دەستگیر بکرێت. 

ئاڵا، وتی: ئەوه‌ ماوەی چوار مانگە لە زیندانە و جگە لەوە بە بڕێک پارەش غەرامە کراوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,525     ژمارەی میوان 747

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە