* نەوژین، مەریەم خالد
لە گەرمیان کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت سەرباری ئالهنگاریەکانی بهردهمیان، چۆك دانادهن، بهڵكو دهستیان به كاركردن كردوه، ئەوان دەڵێن: خۆمان هەوڵی بەدیهێنانی هیواکانمان دەدەین.
پەیام حەسەن، ٢٦ ساڵ، کچێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، لە زکماکیەوە کێشە لە سیەکانی و دڵی دا هەیە، بەوهۆیەش ئاستەنگی هەناسەدانی هەیە، بەردەوام لەگەڵ (ئامێرە ئۆکسجین)ـەکەی دەگەڕێت، بەڵام سەرباری ئەوە هەوڵی بەدیهێنانی هیواکانی دەدات، وەک لەوەی چۆک بۆ نەخۆشیەکەی دابدات.
ئەو چیرۆکی خۆی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: نەخۆشیەکەی من زکماکیە، تاوەکو پۆلی نۆیەمی بنەڕەتیم خوێندوە، چونکە بەهۆی نەخۆشیەکەم نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم، بەهۆی نەخۆشیەکەمەوە ئازارێکی زۆرم چەشتوە، بەڵام کۆڵم نەداوە.
سەرباری خراپی دۆخی تەندروستی، پەیام کاری دەستیی دەکات، هەم چنین دەکات و هەمیش وێنە دەکێشێت.
وتی: من لە مناڵیەوە خولیای وێنەکێشانم هەبو، بۆیە بەردەوام پەرە بە توانای خۆم لە بوارەکەدا دەدەم، هەروەک بۆ ئەوەی کاتە بەتاڵەکانم پڕ بکەمەوە و روبەڕوی حاڵەتی دەرونی ناخۆش نەبم، خۆم فێری چنینیش کردوە و سەرقاڵی ئەو کارەشم.
بەپێی ئامارێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی گەرمیان بۆ نەوژین، لە سنوری ئیدارەکە (٦٥١٠) خاوەن پێداویستی تایبەت هەن، لەو ژمارەیە (٢٦٢٨)ـیان لە رەگەزی مێن، بەڵام هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو خاوەنپێداویستیانەی کە خاوەنکاری خۆیانن بەردەست نییە.
لەبارەی هۆکاری نەبونی ئامارەوە، کاوە جەبار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی گەرمیان، دەڵێت: داتای لەو شێوەیەمان تۆمار نەکردوە، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە چاودێری کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
بەناز ئەحمەد، کچێکی دیکەی خاوەنپێداویستی تایبەتی دانیشتوی قەزای کەلارە، ئەو سەرباری ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام هەم فێرخوازی پەیمانگەیە و هەمیش کاری دەستی دەکات، جگە لەوەش رێکخراوێکی بۆ یارمەتیدانی کچانی گەرمیان دامەزراندوە.
بەناز، بەنەوژینی وت: من کێشە لە قاچەکانم هەیە، توانای رێکردنم کەمە، نەخۆشیەکەم زکماکیە، بەڵام سەرباری ئەوە و بە یارمەتی خێزانەکەم کۆڵمنەداوە و بەردەوام وەک مرۆڤێکی ئاسایی کارمکردوە.
رێکخراوەکەی بەناز بە ناوی (گوڵەمێخەک)ـە تایبەت بە پەرەپێدان بە تواناکانی ژنانی دەستڕەنگینی سنورەکەیە.
وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: ژنانی سنورەکە زۆر باش پێشوازیان لە رێکخراوەکەم دەکەن، چونکە کارەکانم بۆ خزمەتی ئەوانە، تاوەکو ئێستا چەندین چالاکیمان ئەنجام داوە، گرنگترینیان کردنەوەی خولی درومان بوە بۆ ژنانی گوندەکان، تاوەکو لە داهاتو دا ببن بە خاوەنکاری خۆیان.
بەشێک لە کارە دەستییەکانی بەناز ئەحمەد
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بە نزیکەیی (٥٠٠) خاوەنپێداویستی تایبەت فەرمانبەری حکومین.
هاوکات لەکۆی ئەو خاوەنپێداویستیانەی لە گەرمیاندا هەن، (١٢٠٠)ـیان تهنانهت موچهى چاودێریی كۆمهڵایهتییشیان نییه كه بڕهكهى (١٥٠) هەزار دینارە.
ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، لەبارەی موچەی کەمئەندامانەوە دەڵێت: ئەو موچەیەی ئەوان وەریدەگرن زۆر کەمە و بەشی خەرجی پێداویستیەکانیان ناکات.
توێژەرێکی دهرونیش لهگهڵ جهختكردنهوه له خراپی دۆخی ژیانى كهسانى خاوهن پێداویستی تایبتهوه، ئاماژە بەوەدەکات مافیشیان پارێزراو نییە.
سامان عادل، وتی: ئەو خاوەنپێداویستیانەی توانیویانە ببنە خاوەنکاری خۆیان کاریگەری ئەرێنیان لەسەر ئەوانی دیکەش دروستکردوە، بەڵام بەداخەوە لێرە مافی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان پارێزراو نییە و پێشێل دەکرێت.