* نەوژین
لە سلێمانی ژنێک بەهۆی بەرکەوتنی چەقۆوە گیانی لەدەست دا، پۆلیسیش دەڵێت: چەقۆکە بەر سنگی کەوتوە، لەگەڵی دا جێگەی سوتاویش بە جەستەیەوە بوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: روداوەکە کەمێک بەر لە ئێستا لە گەڕەکی هوانە رویداوە، ژنەکە بە برینداری لە پشت ماڵی خۆیان دۆزراوەتەوە
رونیشیکردەوە: ژنەکە شوێنی چەقۆیەک بە سنگیەوە بو و لەگەڵیشی دا دەست و پێیەکانی نیشانەی سوتاوییان پێوە بوە، ئەو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شۆڕش و دواتریش نەخۆشخانەی شار بە برینداری، گیانی لەدەست داوە.
ئاشکرایشیکرد: تاوەکو ئێستا نازانین روداوەکە خۆکوژی بوە یان کوژراوە، هەروەک ناشزانیین جێگە سوتاوەکانی جەستەی خۆی لە کارەبا داوە یاخود کارەبا گرتویەتی.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی: ھێزەکانی پۆلیسی بەڵگەی تاوان رۆیشتونەتە شوێنی روداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
بەپێی زانیاریەکان ژنەکە تەمەنی ٢٧ ساڵ بوە، هاوسەرگیری کردوە و دایکی سێ مناڵ بوە.