ژنە بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەر چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

2023/07/14    1435 جار بینراوە

 

* نەوژین

شەیدا، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵی دانیشتوی شاری سلێمانیە، بەزۆری هاوسەرەکەی لە ماوەکانی رابردو دا بوە بە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر، هەرچەندە ئێستا وازی لەکێشانی هێناوە، بەڵام چونکە هاوسەرەکەی هێشتا بەکارهێنەرە توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدات و بەهۆیەوە دەیەوێت لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە.

شەیدا، چیرۆکی ئاڵودەبونی خۆی و هاوسەرەکەی بەمشێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە : بۆ ماوەی چەند مانگێک هاوسەرەکەم ماددەی هۆشبەری بەکاردەهێنا، بەڵام من ئاگاداری ئەوە نەبوم، کاتێک بۆ یەکەمجار هاوسەرەکەمم بینی ماددەی هۆشبەری بەکاردەهێنا زۆر سەرم سوڕما و نەمزانی چیە و دەبێت چی بکەم.

زیاتر وتی: بەڵام کاتێک کە ئەو زانی من ئاگادارم ترسا و لە ترسی ئەوەی پۆلیس ئاگادار نەکەمەوە هەڕەشەی لێکردم و ئەشکەنجەی دام، وتی دەبێت تۆش بەکاری بهێنیت، منیش لە ترسا دەستم بە بەکارهێنانی کرد و ئاڵودە بوم.

ماددەی هۆشبەر بریتیە لە هەمو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەی کە تایبەتمەندى وریاکەرەوە و ئازارشکێنیان تێدایە و بارى راهاتن دروستدەکەن لە روى جەستەیی و دەرونیەوە.

شێوازی بەکارهێنانەکەی لەڕێی دەرزی و بۆنکردنه‌وه‌ دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ دەمارەکانی لەش و تێکەڵ بە خوێن دەبێت، به‌كارهێنه‌ر لەڕوی تەندروستیەوە توشی لاوازی واتە کەمی کێش دەبێت و حەز و ئارەزوەی خواردنی کەم دەبێتەوە، نیشانەکانی لەسەر جەستە و رێکردن بەدیاردەکەوێت و  توانای بەرگەگرتنی نەخۆشی و گرفته‌ ته‌ندروستیه‌كانی كه‌مده‌بێته‌وه‌ و  تەندروستی لاواز دەبێت.

بەپێی ئاماری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ (١٦٨٥١) کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە (٢٥٠) یان ژن بون، بەکۆی گشتی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دا نزیکەی ٧٥ هەزار کەسن و (٢٣%)ـیان ژنن.

شەیدا، دوای ماوەیەک لە ئاڵودەبونی خۆی و خراپی دۆخی هاوسەرەکەی، پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و پێیان دەڵێت: من و هاوسەرەکەم بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرین. 

لەدوای ئەوە پۆلیس شەیدا و هاوسەرەکەی دەستگیردەکات و دواتر دەنێردرێنە لای پزیشک و لەژێر چاودێری پزیشک دا واز لە ماددەی هۆشبەر دەهێنن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام، وەک شەیدا ئاماژەی پێکرد: دوای ماوەیەک دوبارە هاوسەرەکەم دەستی بە کێشانی ماددە کردەوە.

یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارلەمانی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە "بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان" پۆلێن دەکات، بەپێی ماددەی ٣٢ بەکارهێنەران سزای زیندانیکردنیان لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بۆ دەبڕدرێتەوە لەگەڵ غەرامەکردنیان بە بڕی پێنج ملیۆن دینار، ئەگەر سزادراوەکە ئەو بڕە پارەیە نەدات، ئەوا سزاکەی بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە درێژ دەکرێتەوە.

خانمە پارێزەرێک ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا لە کوردستان ژنان بەراورد بە چەند ساڵی پێشو زیاتر لەم بابەتە تێوەگلاون، هەروەک کاریگەری ماددەکە لەسەر ژنان خراپترە وەک لە پیاوان.

ئەشواق جاف، وتی: ژنان بەراورد بە ساڵانی پێشو، بەشێوەیەکی بەرچاو تێوەگلاون لەو بابەتە، هۆکاری زیادبونەکەش بەپێی ئەو داتایانەی لای ئێمەن دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابوری، پەیوەندی ناتەندروست لە نێوان تاکەکان دا، سەردانیکردنی گەشتیاری بیانی و چاولێکەری.

زیاتر وتی: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان زیانێکی زۆر بە کەسەکە دەگەیەنێت بە تایبەتی بۆ ژنان کاریگەریەکەی خراپترە وەک لە پیاوان، کێشەی تەندروستی زیاد دەکات و دەبێتە هۆی توشبون بە نەخۆشی درێژخایەن، دورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە، کێشەی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشاندەوەی خێزانەکانی لێدەکەوێتەوە، لەژێر فشاری ئابوریدا فریودەدرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

شەیدا، بەوهۆیەی کە هێشتا هاوسەرەکەی بەکارهێنەرە و لەکاتی بەکارهێنانی ماددەکاندا توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدات، ئێستا داوای جیابونەوەی لە هاوسەرەکەی کردوە، کەیسیان لە دادگایە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکەن تاوەکو لێکجیاببنەوە.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,844,620     ژمارەی میوان 1823

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە