لە هەولێر پیاوێک هاوسەرەکەی لە ماڵە خەزوری دا کوشت

2023/06/20    970 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە گەڕەکێکی شاری ھەولێر پیاوێک دەستڕێژی گولەی کردوەتە سەر ماڵی خەزوری و هاوسەرەکەی کوشتوە و خوشکی هاوسەرەکەیشی بە سەختی بریندارە.

درەنگانی شەوی رابردو (١٩ـی حوزەیران)، پیاوێک بە دەستڕێژی گولە هێرشی کردوەتەوە سەر ماڵی خەزوری و هاوسەرەکەی کوشتوە و خوشکی هاوسەرەکەیشی بریندارە.

بە وتەی باوکی ژنەکە کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا بۆ میدیاکان قسەیکرد، روداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان زاواکەی لەگەڵ کچەکەی دا بوە، وتی: زاواکەم دڵپیس، رەزیل و توڕەش بو، بۆیە کچەکەم هاتەوە بۆ ماڵەوە و وتی چیتر ناڕۆمەوە بۆ لای، بەڵام هاوسەرەکەی هەڕەشەی کرد وتی: ئەگەر نەیەیتەوە یان خۆم دەکوژم یان تۆ.

وتیشی: هەر بەوهۆیەوە درەنگانی شەو هاوسەرەکەی هات و دەستڕێژی گولەی کردە سەر ماڵەکەمان و کچەکەمی کوشت و خوشکەکەشی بریندارە و تەندروستی ناجێگیرە.

ژنەکە بەناوی (ئەڤین رەمەزان) تەمەنی ٢٠ ساڵ بوە و خوشکەکەشی تەمەنی ١٦ ساڵە، هاوسەرەکەشی بەناوی (هەریاد) تەمەنی ١٨ ساڵە.

لەدوای روداوەکە تەرمی ژنەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و بریندارەکەش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەر، بە وتەی باوکی، رەوشی بریندارەکە خراپە و قاچێکی لەدەستداوە، چونکە فیشەکێکی زۆری بەرکەوتوە.

هەروەک ئاماژەی بەوەشدا پیاوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام بە وتەی باوکی ژنەکە: دو کەسی دیکەشی لەگەڵ بوە، بەڵام ئەوان دەستگیرنەکراون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,563,147     ژمارەی میوان 1534

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە