عێراق: بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر سێ کیژۆڵە دو کەس بە لەسێدارەدان سزا دەدرێن
2023/05/16
486 جار بینراوە
* نەوژین لە بەغدا و بەسڕە دو کەس بەتۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر سێ مناڵى کچ بە لەسێدارەدان سزادران، کە یەکێک لەو کچانە لەلایەن تۆمەتبارەکەوە کوژراوە و تەرمەکەی فڕێداوە . ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیەندراوێک دا رایگەیاند: دادگاى تاوانەکانى شاری بەسڕە بە تاوانى دەستدرێژیکردنە سەر کچێکى نەوجەوان و کوشتنى، سزاى لەسێدارەدانى بۆ تۆمەتبارێک دەرکردوە. رونیشیکردوەتەوە: روداوەکە رۆژی (١٤ـی نیسان) رویداوە، دوای ئەوەی کچێکى حەوت ساڵان لە پارێزگاى بەسرە دیارنەماوە، دەرکەوتوە لەلایەن کەسێکەوە رفێندراوە، دواتر پۆلیس رفێنەرەکەیان دەستگیرکردوە، کە لەدواى رفاندنى و دەستدرێژیکردنە سەرى، کچەکەی کوشتوە و تەرمەکەی لەنزیک زبڵخانەیەک فڕێ داوە. ئاشکرایشیکرد: تۆمەتبارەکە بەپێی بڕگەى یەکى مادەى ٤٠٦ لە یاساى سزادانى عێراقى سزادراوە کە تایبەتە بە کوشتنى بە ئەنقەست بە رێگەیەکى قێزەون. هەر لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى دا هاتوە: تۆمەتبارێکى دیکە لەلایەن دادگاى تاواکانى رەسافەى بەغدا سزاى لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، بەتۆمەتى ئەوەى دو مناڵى کچى لەوشارە رفاندوە و دەستدرێژى سێکسی کردونەتە سەر. تۆمەتبارەکە بەپێی مادەى ٣٩٣ـی یاساى سزادانى عێراقى سزادراوە، کە تایبەتە بە دەستدرێژێکردنە سەر کەسێک، کە تەمەنى نەگەیشتبێتە 18 ساڵ.
|