* نەوژین، سومەیە ساڵح
رێگریکردن، پێنەدانی زانیاری، گێچەڵپێکردن و ئاستەنگی کۆمەڵایەتی، بەشێک لەو کێشانەن کە ژنانی رۆژنامەنوسی کوردستان لەمیانی کارەکانیان روبەڕوی دەبنەوە، سەرباری هەمو ئەوانە دەڵێن: بەردەوام دەبین.
لە ساڵرۆژی رۆژنامەگەری کوردی دا، ژنانی رۆژنامەنوس باس لەوەدەکەن رۆژانە تەنها بەهۆی ژن بونیانەوە روبەڕوی چەندین گرفت دەبنەوە.
ژیلیا عەلی، کە رۆژنامەنوسێکی مەیدانیە و لە شاری سلێمانی کارەکانی دەکات، ئاماژە بەوەدەکات بەهۆی کارە مەیدانیەکانیانەوە ژنانی پەیامنێر بەردەوام توشی گێچەڵپێکردن و رێگری دەبنەوە.
ئەو وتی: ئێمەی ژنان بەهۆی کارە مەیدانیەکانمانەوە بەردەوام توشی گێچەڵ دەبینەوە، گەر بە دڵی بەرپرسەکان نەبین فەرامۆشمان دەکەن و لێدوانمان بۆ نادەن، هەروەک رێگریش دەکەن لەوەی کارەکانمان بەباشی ئەنجامبدەین.
ئەو رایەی ژیلیا، خانمە رۆژنامەنوسێکی دیکەش جەختی لێدەکاتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات ژنان دەێت بەهێز بن و نابێت ئاڵەنگاریەکانی پێشیان رایانبگرێت.
رۆژنامەنوس: پەری محەمەد، وتی: لەکاتی کارکردنم دا چەندینجار توشی ئاڵەنگاری بومەتەوە، بەڵام ئەوەم بە شتێکی ئاسایی وەرگرتوە و کاری نەکردوەتە سەر سارد بونەوەم لە پیشەکەم، ژنانی راگەیاندنکار رۆژانە بەردەوام توشی توندوتیژی و گێچەڵی زارەکی دەبنەوە، بەڵام گرنگە سەرباری ئەوانە بەهێز بن و بەردەوام بن.
رێگریەکان لە بەردەم کچانی رۆژنامەنوس لەنێو قەزا و ناحیەکان زیاترن لە گێچەڵ و رێگری، ئەوان بەربەستی یەکەمی پێشیان بەربەستی کۆمەڵایەتیە، کە پێش هەمو بەربەستەکانی دیکە پێشیان دەگرێت.
نیگار عومەر، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە گەرمیان کاری رۆژنامەوانی دەکات، دەڵێت: ئێمەی رۆژنامەنوسانی نێو قەزا و ناحیەکان زیاتر بەربەستمان دێتە پێش، ئێمە جگە لەوەی گرفتی پێنەدانی زانیاریمان لەلایەن بەرپرسانەوە هەیە، توشی چەندین رێگری کۆمەڵایەتیش دەبینەوە، وەک: قسەی ناخۆش، رێگری و تۆمەت، نەک تەنها ئەوەندە تەنانەت هاوپیشەکانیشمان بیرکردنەوەیان بە شێوەیەکە پێیان قەبوڵناکرێت ژنێک هاوشانی ئەوان لە مەیدانەکە بێت و کاربکات.
وتیشی: هەر لەبەر ئەوەش ژنانی نێو قەزا و ناحیەکان بە کەمی دێنە نێو بواری راگەیاندنەوە یان سەرکەوتو نابن.
بە پێی ئامارێکی تایبەتی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بۆ نەوژین، لە کوردستان لەکۆی (١٠٦٥) رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، ژنان تەنها خاوەن ئیمتیازی ٦٣ـیانن کە دەکاتە رێژەی کەمتر لە (٦%)ـی دەزگا میدیاییەکان، هاوکات تەنها سەرنوسەری (٦٧) دەزگای میدیاین کە دەکاتە (٧%).
ژنانی رۆژنامەنوس کلتور و رێگری پیاوان بەهۆکاری نەبونی ژنان بە خاوەن ئیمتیاز یان سەرنوسەری دەزگا میدیاییەکان دەبینن.
لەوبارەیەوە، نیگار عومەر، وتی: هۆکاری سەرەکی رێگری پیاوانە، ئەوان قەبوڵیان نیە ژنێک ببێتە بەڕێوەبەریان، هەر لەبەر ئەمەش رێگری دەکەن لەوەی ژنێک پۆستی گەورەی پێبسپێردرێت.
هەر لەو بارەیەوە پەری، وتی: سەرباری هەمو رێگریەکانی دیکە پێموایە کلتور بەپلەی یەکەم هۆکاری نەگەیشتنی ژنانە بەو پۆستە باڵایانە.
سەرباری ئەوەش، رێگریەکان نەیانتوانیوە ژنانی رۆژنامەنوس لەکارەکانیان ساردبکەنەوە.
وەک ژیلیا ئاماژەی پێکرد: رێگریەکان نەیانتوانیەوە ساردم بکەنەوە، چونکە خێزانەکەم لە پشتمن، بەڵام زۆرکات بێزاردەبم و دەرونم هیلاک دەبێت و لەخۆم دەپرسم بۆچی توشی ئەو رێگری و تۆمەتانە دەبمەوە، لەکاتێک دا من تەنها کارەکەی خۆم ئەنجامدەدەم.
پرسێکی دیکەی بەردەم راگەیاندنکارانی ژن لە کوردستان، پرسی رێگریکردنیانە لەوەی نابێت دەست بۆ هەمو بابەتێک ببەن.
ئەم جۆرە لە رێگری توشی، خانمە راگەیاندنکار، نیگار عومەر بوەتەوە، وتی: لەسەر بابەتێک ویستم بەدواداچون بکەم، کەچی لەلایەن دەزگا حکومیەکانەوە رێگریم لێکرا وتیان: "تۆ ژنیت نابێت دەست بۆ ئەم جۆرە بابەتانە ببەیت و کاری لەسەر بکەیت".