* نەوژین
ژنانی خاوەنکار باس لەوەدەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردوە بە سەکۆیەک بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان، دەشڵێن: لەڕێگەیەوە کڕیار بۆ بەرهەمەکانمان بەدەستدەهێنین.
بەشێک لە ژنانی خاوەنکار لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە بەرهەم و کارەکانیان دەناسێنن و هەر لەوێوە کڕیاری بۆ بەرهەمەکانیان دەدۆزنەوە، وەکخۆیشیان ئاماژەی پێدەکەن تاکە سەرچاوەیە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان.
باخان جەلال، دانیشتوی شاری سلێمانی، ماوەی پێنج ساڵە لەماڵەوە شیرینی دروستدەکات، تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێکی نیە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی، تاکە سەرچاوە بەکاری دەهێنێت سۆشیاڵمیدیایە.
وەکخۆی بە نەوژینی وت: تەنها رێگە بۆ ساغکردنەوەی ئەو شیرینیانەی دروستی دەکەم سۆشیاڵمیدیایە، لە ماڵەوە شیرینیەکانم دروستدەکەم و لە پەیجەکانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاویان دەکەمەوە و بەو شێوەیە خەڵک داوام لێدەکەن کە بۆیان دروست بکەم.
وتیشی: ئەوە وایکردوە پشت بەخۆم ببەستم، گەر وانەبا توانای دانانی دوکانم نەبو.
بەپێی ئامارێکی سهنتهری میدیای دیجیتاڵ (DMC) لە تەواوی عێراق ٢٥.٣ ملیۆن کەس بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن، لە نێویشیاندا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک زۆرترین بەکارهێنەری هەیە کە ١٧.٩٥ ملیۆن کەس بەکارهێنەرین.
ناهیدە عەلی، ژنێکی دیکەی خاوەنکارە و دانیشتوی قەزای پێنجوێنە، کاری بەرگدوریی دەکات، پێشتر تەنها دراوسێ و خزمەکانی داوایان دەکرد جلیان بۆ بدورێت، بەڵام دوای دروستکردنی پەڕەیەک لە فەیسبوک تایبەت بە کارەکەی، ئێستا خەڵکێکی زۆر داوای لێدەکەن جلیان بۆ بدورێت.
ناهیدە، بە نەوژینی وت: لەڕێگەی پەیجەکەمەوە لە فیەسبوک وێنەی کارەکانم دادەنێم، زۆرکات ئەو کەسانەی بینەری دەبن بەدڵیان دەبێت و لەڕێگەی نامەوە پێم دەڵێن: "لەو شێوازە بۆ ئێمەیش بدورە".
خانمان سۆشیاڵمیدا بەتەنها بۆ فراوانکردنی کارەکەیان بەکار ناهێنن، هەندێکیان سود لەو ڤیدۆیانە دەبینن کە کەسانی خاوەن ئەزمون بڵاوی دەکەنەوە.
ژاڵە بەکر، خانمێکی دیکە شێوەکارە و لە شاری سلێمانی دادەنیشێت، بە نەوژینی وت: سودی زۆرم لە سۆشیاڵمیدیا بینیوە، بەردەوام سەیری ڤیدۆکانی تایبەت بە شێوەکاری دەکەم و هونەری نوێی لێوە فێردەبم، هەروەک سودی ئەوەشم لێبینیوە کەوا کارەکانی خۆمی تێدا بڵاوبکەمەوە.