سێ ژنی کورد کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی فینلەندا

2023/04/01    384 جار بینراوە

 

* نەوژین

سبەی هەڵبژاردن لە فینلاند بەڕێوەدەچێت و تێیدا بۆ یەکەمجار سێ ژنی کورد کاندیدن بۆ بون بە ئەندام پارلەمان لەو وڵاتە، کە دوانیان کەرکوکین.

سبەی یەکشەممە فینلاندییەکان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٠ نوێنەر بۆ پارلەمانی وڵاتەکەیان، هاوکات بۆ یەکەمجار کورد سێ کاندیدی بۆ پارلەمانی فینلاند هەیە و لەهەمان کاتدا هەرسێ کاندیدەکەش ژنن و لە سێ پارتی جیاوازیشن، هەروەها هەر کاندیدێکیش لە بازنەیەکی جیاواز رکابەری گەیشتن بە پارلەمان دەکەن.

 ئەو سێ ژنە کاندیدەش ئەمانەن:

شیرین نامیق، لەدایکبوی شاری کەرکوک و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە رۆژنامەوانی دا، کاندیدی پارتی سەوزەکانە.

گەشاو بیبانی، لەدایکبوی شاری کەرکوکە و زانکۆی لە بواری گەشەپێدانی تەندروستی تەواوکردوە و پێشتر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا بەشداری کردوە، کاندیدی پارتی چەپەکانە.
 
شەیدا سوهرابی، لە سەرپێلی زەهاو لەدایکبوە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان و جێگری ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی هێڵسنکیە، کاندیدی هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلاندە کە پێنج پارتن و سەرۆکی هەر پێنج پارتەکەش ژنن.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 20 هەزار کورد لە فینلاند دەژین و نزیکەی هەشت هەزار کورد مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات 2424 کەس خۆیان کاندید کردوە بۆ بون بە ئەندام پارلەمانی ئەو وڵاتە.



Newjin.net - 2023
ژمارەی سەردان 1,104,995     ژمارەی میوان 38

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە