نوێترین زانیاری دەربارەی کەیسی کەژاڵ مستەفا

2023/02/28    877 جار بینراوە

 

* نەوژین 

دوای ئەوەی بەهۆی نوسینێکیەوە چالاکێکی بواری ژنان لە سلێمانی دەستگیرکرا، نەوژین زانیاری لەسەر دەستگیرکردنەکەی بڵاودەکاتەوە، پارێزەرەکەیشی دەڵێت: داوامانکردوە ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادبکرێت.

دوێنێ هەواڵی دەستگیرکردن و راگرتنی کچە چالاکوان: کەژاڵ مستەفا لە سلێمانی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بڵاوکرایەوە.

دەربارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، هێمن مامەند، رۆژنامەنوس هاوکات هاوڕێی ‘کەژاڵ مستەفا’، ئەو خانمە چالاکەی دەستگیرکراوە، بە نەوژینی راگەیاند: کەژاڵ ساڵی رابردو نوسینێکی کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە، دەربارەی (پۆلیسی رەوشت)ـی ئێران، بەڵام دواتر پەیجێک هەستاوە بە بردنی پۆستەکەی و بڵاوکردنەوەی، دواتر پۆلیسی سەرچنار سکاڵای دژ بە پەیجەکەی فەیسبوک تۆمار کردوە، بەڵام خاوەنی ئەو پەیجە لە ئیفادەدا وتویەتی قسەکە هی ئێمە نیە و وەرمانگرتوە.

وتیشی: هەر لەبەر ئەمە رۆژی ٢٦ـی شوبات کەژاڵ بانگهێشتی بنکەی پۆلیسی سەرچنار کراوە و لەدوای وەرگرتنی ئیفادە، دادگا بڕیاری داوە بە راگرتنی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ واتا لە ( ٢٦ـی شوبات) بۆ (٧ـی ئادار).

کەژاڵ، دوێنێ لە بەردەم دادگا لەگەڵ خاوەنی ئەو پەیجەی نوسینەکەی بڵاوکردوەتەوە روبەڕوی یەک کراونەتەوە.

وەک سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێی پۆلیسی سلێمانی بە نەوژینی وت: دوێنێ کەژاڵ و خاوەنی ئەو پەیجەی بابەتەکەی بڵاوکردبوەوە پێکەوە لەبەردەم دادگا بون و کەژاڵ بە دادوەری وتوە: دەستکاری نوسینەکەم کراوە، نوسینەکەی من بۆ پشتگیریکردن لە ژینا ئەمینی بوە و باسی پۆلیسی رەوشتی ئێرانم کردوە، بەڵام خاوەنی پەیجەکە نوسینەکەی گۆڕیەوە، وا نیشانی داوە مەبەست لە پۆلیسی سلێمانیە. 

هاوکات ئەم قسەیەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن نەریمان ئەحمەد، پارێزەری کەیسی کەژاڵ مستەفاوە پشتراستکرایەوە. 

ئەو کە لەنێو دادگای سلێمانی بو، هەروەها وتیشی: داواکاریم بۆ ئازادکردنی کەژاڵ داوەتە دادوەر بەڵام رازی نەبوە، بۆیە ئێستا داواکاری دەکەم بۆ ئازادکردنی بە کەفالەت، هەروەک چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین، لەوانەیە هەر ئەمڕۆ ئازادبکرێت.

کەژاڵ مستەفا، چالاکێکی بواری ژنانە، بەڵام لەنێو هیچ رێکخراوێک کار ناکات.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,462     ژمارەی میوان 63

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە