خەرامان جاف: کۆتای ژنان چارەسەرێکی کاتیە

2023/02/25    786 جار بینراوە

 

* نەوژین

ژنە ئەندام سەرکردایەتیەکی یەکگرتوی ئیسلامی باس لەوەدەکات وەکو یەکگرتو بۆ زیادکردنی بەشداری سیاسی ژنان کۆتای ژنان بە چارەسەری تەواو نازانن، دەشڵێت: جیاوازی رەگەزی گەر لای حزبەکانی دیکە ٩٠% بێت لای ئێمە ١٠%ـە.

یەکگرتوی ئیسلامی وەک یەکەم حزب لە هەرێمی کوردستان لە چوارەم کۆنگرەی خۆیدا لە ساڵی (٢٠٠٥) رایگەیاند پەیڕەوی رێژەی کۆتای ژنان دەکەن و  بە (٢٥٪) رێژەی کۆتای بۆ ژنان لە سەرجەم ئاستەکانی حزبدا جێگیرکرد.

لەبارەی زیادکردنی رێژەکە بۆ زیاتر لە ٢٥% لە ماوەکانی داهاتو دا بۆ زیادکردنی بەشداری سیاسی ژنان، خەرامان محەمەد جاف، ئەندام سەرکردایەتی حزبەکە، لەبەرنامەی (ژن و سیاسەت)ـی رادیۆی دەنگ دا وتی: وەکو حزب پێمان وایە رێژەی ٢٥% رێژەیەکی گونجاوە بۆ ئێستا و تاوەکو چەند ساڵی دیکەیش، هەروەک پێشمان وایە دەبێت ژنان لەهەمو ئۆرگانەکانی حزب بونیان هەبێت.

وتیشی: ئێمە وەکو یەکگرتوی ئیسلامی پێمان وایە کۆتا چارەسەری تەواو نیە و تەنها چارەسەرێکی کاتیە. 

لەبارەی ئەو ئاڵەنگاریانەیشی وەک ژنانی نێو حزبەکە روبەڕوی دەبنەوە وتی: بەراورد بە حزبەکانی دیکە لەوانەیە ئێمە کەمتر هەست بە جیاوازی رەگەزی بکەینەوە، بۆ نمونە گەر هەستکردن بە جیاوازی رەگەزی لە حزبەکانی دیکە ٩٠% بێت لای ئێمە ١٠%ـە. 

یەکگرتو حزبێکی ئیسلامی سیاسیە لە (٦/٢/١٩٩٤) دامەزراوە، تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستوە، هەروەک خاوەنی ٤١ ئەندام سەرکردایەتیە، لەم ژمارەیەش (١٠)ـیان ژنن.


* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,721,986     ژمارەی میوان 2004

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە