* نەوژین، سومەیە ساڵح
رێژەی ئەو ژنانەی لە هەرێمی کوردستان دا کاری سیاسی دەکەن، بەراورد بە پیاوان زۆر کەم نیە، بەڵام بەراورد بە پیاوان کەمترین پۆستی باڵای حزبیان هەیە، لەبارەی هۆکارەکەیەوە ژنانی سیاسی کۆکن لەسەر ئەوەی رێگری کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکیە، لەگەڵ ئەوەدا پێیانوایە حزبە سیاسیەکان پاڵپشتی ژنانی بە توانا لە بواری سیاسی دا نین.
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە رابردو و لەدوای دروستبونی پارلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە ژنان بەگشتی کرانەوەیان بەخۆوە بینیوە و بەشدارن لە کارە سیاسیە حزبی و حکومیەکان، بەڵام بەشداریکردنیان هێشتا لەئاستی پێویستدا نیە و بەردەوام لەکاتی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی نێو حزبەکان ژنان بەشداریەکی لاوەکیان هەیە، لەبارەی هۆکارەکەشیەوە لایەنە سیاسیەکان دەڵێن: ژنان خۆیان هاتنە پیشەوەیان بۆ کاری سیاسی کەمە.
لەوبارەیەوە پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکی بواری ژنان، هاوکات ئەندامی خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان، بۆ نەوژین وتی: ژنان بەراورد بە پیاوان بەرێژەیەکی کەمتر حەز بە کاری سیاسی دەکەن، چەندین هۆکار هەن بۆ ئەمە، بەڵام سەرەکیترینیان ئەوەیە بەدرێژایی مێژوی سیاسی کورد کاری سیاسی بە کاری پیاوان زانراوە و بەبەردەوامی ژنان وا پەروەردەکراون لە کاری سیاسی دوربکەونەوە و بەئیشی خۆیانی نەزانن.
"هەروەک بەردەوام وا لە ژنان دەکرێت هەمو توانا و هێزیان بۆ کاری ماڵەوە بەکاربهێنن، ئەمەش وایکردوە ژنان نەک تەنها بۆ کاری سیاسی بەڵکو حەزیان بۆ زۆرینەی کارەکانی دیکەش نەمێنێت"، پەیمان عیزەدین وای وت.
لەبەرامبەردا ئەندام سەرکردایەتیەکی حزبی کۆمەڵی دادگەری پێی وایە شێوازی سیاسەتی ئێستای حزبەکان هۆکارە کە ژنان حەز بە کاری سیاسی ناکەن و لێی دوردەکەونەوە.
قومری بەرزنجی، ئەندام سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بۆ نەوژین وتی: کاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی بێزراوە، نەک تەنها ژنان بەڵکو زۆرینەی خەڵک تاقەتی کاری سیاسی و بەشداری سیاسیان نەماوە، لەلایەکی دیکەوە ژنان حەزیان بەکاری سیاسی نیە، چونکە دڵنیانین لە پاراستنی شکۆ و پێگەیان لەکاتی بەشداریان لە کاری سیاسیدا، هەروەک کۆمەڵگەش بەشێکی دیکەیە لە هۆکارەکان.
بە پێچەوانەی ئەو دو رایەی سەرەوە، چالاکێکی بواری ژنان پێیوایە حزبەکان راست ناکەن کە دەڵێن "ژنان خۆیان حەزیان بە کاری سیاسی نیە".
دڵسۆز زەنگەنە، وتی: حزبەکان راست ناکەن کە دەڵێن ژنان حەزیان بە کاری سیاسی نیە، ئەمە پێچەوانەکەی راستە، ژنان حەزیان بە کاری سیاسی هەیە، بەڵام دەرفەتیان پێنادرێت، رێگریان لێ دەکرێت و بەشداری کۆبونەوە چارەنوس سازەکانیان پێ ناکرێت، دواتریش دەڵێن حەزیان بە کاری سیاسی نیە.
وتیشی: هەندێک کاتیش ژنان کە هاتونەتە نێو سیاسەتەوە تۆمەتیان بۆ دروستکراوە، ئەوەش وایکردوە دور بکەونەوە لە کاری سیاسی.
گەرچی زۆرکات دەوترێت پیاوان رێگرن لەوەی ژنان بەشدارێکی کارای سیاسەت بن، بەڵام وەک ئەندام سەرکردایەتیەکەی کۆمەڵ ئاماژەی پێدەکات ژنانی سیاسیش بەشێکن لە هۆکارەکان.
وتی: زۆرکات ژنان پشتگیری یەکترنین، نەک تەنها بۆ ژنانی جیا لە حزبی خۆیان، بەڵکو هەندێک کات ژنان پاڵپشتی ژنانی سەرکردەی خۆیشیان نین، تەنانەت لەکاتی دەنگدانیشدا زۆرینەی ژنان دەنگ بە کاندیدی پیاو دەدەن نەک ژن، ئەمەش هۆکارێکە کە وادەکات ژنان ساردبنەوە لە سیاسەتکردن.
هەرێمى كوردستان هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتان لە رێگەی کۆتای پارلەمانەوە هەوڵی داوە بۆ زیادکردنی رێژەی بەشداری سیاسی ژنان، بەشێوەیەک ژنان لە پارلەمانی کوردستان (٣٠%)ـی کورسیەکانیان مسۆگەرە، کۆتا لەنێو حزبە سیاسیەکانیشدا هەیە، بەڵام لەنێو حزبەکان کۆتا لە هەمو ئاستەکاندا پشتی پێنابەسترێت.
لەبارەی کۆتاوە، پەیمان عیزەدین، وتی: بە دڵنیاییهوه کۆتا سودی لێوەرگیراوە بۆ هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ نێو سیاسەت، بەڵام کۆتای پارلەمان کاتێک دەتوانێت سودی زۆری هەبێت کە لە پارلەمانەوە شۆربکرێتەوە بۆ نێو حزبەکان و ناچاربکرێن لەهەمو ئۆرگانەکانیاندا کۆتا بسەپێنن.
هاوکات هەر لەو بارەیەوە، دڵسۆز زەنگەنە، وتی: هەبونی کۆتا گرنگە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە پشتگیری لەو ژنانە بکرێت کە بەتوانان، کە بەداخەوە حزبەکان هیچ رۆڵیان نیە لە پشتگیریکردنی ژنانی سیاسی بەتوانا و بە ئەزمون، بەڵکو پشتگیری لە ژنانی بێ توانا و بێ ئەزمون دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرباری سودەکانی کۆتا قومری بەرزنجی باسی لەوەکرد کۆتا هەندێک کات بوەتە هۆی زیانگەیاندن بە خودی ژنانی سیاسی.
وتی: کۆتا هەندێک کات سودی هەبوە، بەڵام لە هەندێک کاتیشدا زیانی بۆ خودی ژنانی سیاسی هەیە، بەهۆیەوە زۆرکات ژنان هەوڵنادەن و پشت بەرێژەی کۆتادەبەستن، یاخود دەنگدەران دەنگ بە ژنان نادەن و دەڵێن ئەوان بە کۆتا دەردەچن و پێویستیان بە دەنگ نیە، ئەمەش هەندێک کات وایکردوە ژنان بێئومێد بن لەوەی بتوانن بە دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان دەربچن.
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.