* نەوژین، پەرژین کامەران
له‌ئێستادا به‌شداریكردنی ژنان له پرۆسه‌ی سیاسی دا یه‌كێكه له‌پرسه گرنگه‌كان كهبهیاخێكی زۆری پێده‌درێت، بەڵام وەک ژنانی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن: ئاستەنگی زۆریان دێتە پێش، خانمە پارلەمانتارێکی پێشوی پارلەمانی عێراقیش دەڵێت: یەکەم ئاسته‌نگی به‌رده‌م ژنان له نێو سیاسه‌تدا خودى حزبه سیاسیيهكانیانن.
حزب و لایەنە سیاسیەکان بەردەوام دروشمی زیادکردنی بەشداری سیاسی ژنان دەڵێنەوە و بەشداری سیاسی ژنان بە گرنگ دەزانن، بەڵام وەک ژنانی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن، حزبە سیاسیەکان روکەشانە داوای بەشداری سیاسی ژنان دەکەن، لەراستیدا ژنی لاوازیان دەوێت.
رێزان شێخ دلێر، پارێزه‌ر و پارله‌مانتاری پێشوی پارله‌مانی عێراق، بۆ نه‌وژین وتی: یه‌كه‌م ئاسته‌نگی سیاسی بۆ ژنێك بیه‌وێت له حزبێكی سیاسی كاربكات، خودى حزبه سیاسیهكەی خۆیه‌تی، زۆرینەی زۆری حزبه سیاسیه‌كان به روكه‌شانه داوای به‌شداری سیاسی ژنان ده‌كه‌ن، بەڵام لە راستیدا ئەوان ژنانی لاوازیان دەوێت، هەروەک رۆڵێکی کەم دەدەن بە ژنەکان و بە پلە دو سەیریان دەکەن.
به‌شداری پێكردنی "شكڵی" له‌نێو حزبه سیاسیه‌كان، بابەتێکی دیکەیە کە جێی نیگەرانیە لای ژنانی سیاسی و به ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌میانی ده‌بینن.
وەک د.بەسمە محەمەد، سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای ژنان بۆ سه‌ركردایه‌تی له عێراق ئاماژەی پێ‌کرد: به‌شداری پێنه‌كردنی ژنان له وه‌فدی دانوستاندنەکان و بڕیاره چاره‌نوس سازه‌كاندا، وایكردوه ژنان هه‌ست بكەن سیاسه‌ت مه‌یدانی ئه‌وان نییه، هەروەک بەهۆی ئەم بەشداری نەکردنەیان نازانن باس لەچی کراوە، ئەمەش وادەکات بێ ئەزمونی سیاسی بمێننەوە.

ئەم رایەی سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای ژنان بۆ سه‌ركردایه‌تی، رێزان شێخ دلێریش جەختی لێکردەوە.
"منی ژن دانوستانم نه‌بینیبێت، چۆن ده‌توانم دانوستانكارێكی باشبم، گەر نەچوبێتمە ئەو کۆبونەوانەی باسی سیاسەتی دەوڵەت دەکەن، چۆن ببمە سیاسیەکی لێهاتو؟ بەڵام گەر به‌ربه‌ست نەبێت و بەشداری لە دانوستان بکەم ئەوکات بە کردارەکی فێردەبم و پێگەی سیاسی خۆم دروست دەکەم". رێزان شێخ دلێر، وای وت.
مامۆستایه‌كى زانكۆش ئاماژە بەوەدەکات ئەو ئاستەنگانەی بۆ ژنانی سیاسی دێنە پێش رێگری دەکەن لە دروستبونی ژنی سیاسی کاریزما.
د. نه‌زاكه‌ت حسێن، مامۆستای زانكۆ و ئاگادارى سیاسی، بە نه‌وژینی وت: ئێمه لە کوردستان ژنی سیاسیمان زۆره، به‌ڵام ژنی كارێزمامان نییه، بەڕای من به‌ربه‌سته‌كان هۆكاری دروست نه‌بونی كاراكته‌ری ژنێكی كاریزمای سیاسین، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عه‌قڵیه‌تی خێڵه‌كی و كلتوری كۆمه‌ڵگەی پیاو سالاری کە رێگرن لە به‌رده‌م گه‌شه‌ی ژنان و به‌ره‌و پێش چونی تواناكانیان.
خانمە ئەندام پارلەمانەکەی پێشوی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ژنان جیاواز لە پیاوان گەر رای جیاوازیان هەبێت لەنێو حزبەکان گوێیان لێناگیرێت، له‌وباره‌شه‌وه خۆی بە نمونە هێنایەوە.
وتی: من هەرچەندە پۆستی باڵام هەبو لەنێو حزبەکەم، بەڵام چونکە رای جیاوازم هەبو و رەخنەم لەکارەکانی حزبەکەم دەگرت، دەریانکردم، له‌كاتێكدا بۆ پیاوێك ناتوانرێت ئه‌مه بكرێت، به‌ڵام بۆ ژن زۆر به‌ئاسانی ده‌كرێت.

كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی دەبنە به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كاری سیاسی ژنان و رۆڵیان لە سیاسەت لاوازده‌كه‌ن، بهڕێگەچارهی به‌ره‌وپێشبردنی تواناكانی ژنان له‌سیاسه‌تدا داده‌نرێت.
شاناز هیرانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدانی بیر و هۆشیاری یه‌كێتى نیشتمانى، باس له‌و رێگەچارانه دەکات کە ژنان دەتوانن بە ئەنجامدانیان بەربەستەکان تێپەڕێنن.
وتی: رێگە چارە ئەوەیە ژنان زاڵ‌بن به‌سه‌ر به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری و ئاینی و دابونهریتیهكان دا، هەروەک بە کۆمەڵ کاربکەن لەسەر گۆڕینی دیدگا و تێڕوانینی کۆمەڵگە و لەسەر شێوازی پیاوانه نەمێنێتەوە.
وتیشی: ژنان ده‌توانن به‌به‌شداری كردنیان له‌هه‌مو بواره‌كاندا ئه‌و بۆچونه ره‌د بكه‌نه‌وه كه پێیوایه سیاسه‌ت بۆ ژن نیه و ته‌نها بۆ پیاوه، بەڵکو ژنانیش ده‌توانن په‌یڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بكه‌ن و بڕیارده‌ربن له‌كاته هه‌ستیاره‌كان و پرسه گرنگه‌كانی په‌یوه‌ندار به‌هه‌رێم و وڵاته‌وه.
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.