کچێکی کورد لە بەریتانیا دەبێتە براوەی خەڵاتی باشترین کەمپین

2023/01/16    107 جار بینراوە

 

* نەوژین

خانمە چالاکی بەریتانی بە رەگەز کورد: پایزە مەحمود، خەڵاتی باشترین کەمپینی ساڵی بەدەستهێنا، کە تایبەت بو بە کۆتاییهێنان بە بەشودانی مناڵان.

پایزە محمود، کچێکی چالاکی دانیشتوی وڵاتی بەریتانیایە و بە رەگەز کوردە، ئەو ساڵی رابردو (٢٠٢٢) کەمپینێکی بۆ رێگریکردن و کۆتاییهێنان بە دیاردەی بەشودانی مناڵان و خەتەنەکردنی مێینەیە راگەیاند، کەمپینەکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکێکی زۆری بەریتانی پشتگیری بون.

کەمپینەکەی پایزە لەلایەن Global Citizenـەوە بە باشترین کەمپینی ساڵ لە وڵاتی بەریتانیا هەڵبژێردراوە.

لەدوای وەرگرتنى خەڵاتەکە پایزە رایگەیاند: بەردەوام دەبم لە کارکردن بۆ باشترکردنى رەوش و ژیانى ژنان و کچان لە هەر کوێییەک بن.

ئەو خانمە چالاکە، بیرۆکەی کەمپینەکەی لە چیرۆکی ژیانی خۆی و هەمو ئەو کچانەوە وەرگرتوە، کە لەتەمەنێکی کەمدا بەشودراون، چونکە پایزە خۆی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەزۆر هاوسەرگیری پێکراوە.

پایزە خوشکى بەناز مەحمودە، ئەو کچەی بەر لە چەند ساڵێک لەلایەن خێزانەکەى بە پاساوى (شەرەف) لە روداوێکى تەمومژاوى دا لە وڵاتی بەریتانیا کوژرا و کوژرانەکەی دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دروستکرد.



Newjin.net - 2023
ژمارەی سەردان 818,803     ژمارەی میوان 32

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە