* نهوژین، زریان محهمهد
کەژاڵ ئەحمەد، لە ساڵی 1967 لە کەرکوک لە دایک بوه و لە شارى سلێمانی دادهنیشێت و ههر له سلێمانى خوێندنى تهواو كردوه. ئهو یهكێكه له روخساره دیارهكانى ژنان له بواری شیعر دا.
له دیدارێكى (نهوژین) دا لهبارهى ژن و شیعر چهند بۆچونێك دهخاتهڕو.
* دوای ماوەیەک دابڕان گەڕایتەوە بۆشیعر و چالاکی ئهدهبیی، چی گۆڕانکارییەک بە دیی دەکەیت؟
دوای ئەو ماوەیەى کە گەڕاومەتەوە قۆناغی وێرانەییە، چونكه ئەو کۆمەڵگە مرۆڤایەتیانەی کە بە قۆناغی شەڕ و قەیرانی دارایی و کارەساتە سەردەمیەکان تێئەپەڕن کە ئەویش تەکنەلۆژیایە، ئەمە وێرانەیەکی ئەخلاقی و هونهری و ئەدەبیه، لەو قەیرانەش ئێستا سەردەمی ریکلامە و مێژوی کەسەکان قیمەتێکی نەماوه، شاعیری راستەقینە نەماوە کە جاران ئەکادیمیانە کاریان دەکرد، بۆیە ئێمه لە ناو قەیرانێکی روناکبیریی داین کە ئەویش ئهوهیه خوێندنەوەى کتێب کەم بوەتەوە.
* پێتوایە ھێشتا شیعر جێی گرنگییپێدان و برەو بێت بەتایبەت لای گەنجان؟
بەڵێ هەتاوەکو ئێستا شیعر جێی بایەخە لە کوردستان به تایبهت له ناو گهنجاندا، ئەوەش لە کۆڕەکان دا دهردهكهوێت به تایبهت ئەوانەی خۆم سەلمێنەری ئەوەیە.
* پێگەی ژنان بەتایبەتی لە شیعردا لە ئێستادا چۆن دەبینی؟ پێتوایە ھیچ بەرەوپێشەوەچونێک بەدیی ھاتوە لەو روەوە؟
ئهو ژنانهى كه ههن له ئێستادا هەر ژمارەن، گرنگ نیە لە هەمو بوارەکاندا ژمارەکان چهنن، ئهوهش بە مانای بەهێزیی ناگەیەنن، زۆر جار کەمینەکان باشترن و بەهێزترن لە زۆرینە، بۆیە من ئەڵێم زۆر گرنگ نیە ژمارەکە چەنە کە ژنان بێنە پێش بۆ نوسین، ئەوە گرنگە چی دەنوسن و بۆچی دەنوسن، بۆ نمونه: (مەستورەى ئەردەڵانی) كه جێدەستی دیارە له ئەدەبیاتی کوردی لەو هەمو سەردەمانە، ئهو یەکەم مێژونوسی کورد بوە و یەکەم ژن بوە کە شیعری بۆ پیاو نوسیوە، ئهمهش وایكرد پەیکەری لە سنە و سلێمانیش بۆ دروست بكرێت، ئێمە پێویستمان بە ژنی لەوشێوەیە هەیە. لەگەل ئەوەش بەشداری ژنان باشە لە روی ژمارەوە، بەڵام لە کوردستانی خۆمان گرنگى بە ژنان نادەن بەتایبەت لە روی شیعرەوە.
* وەکو شاعیرێکی بە ئەزمون، ئەگەر بتەوێت رێنوێنی کچان بکەی بۆ شیعر نوسین، چیان پێ دەڵێی؟
پێیان دهڵێم ناتوانی بڵێی بڕیار ئەدەم ببم بە شاعیر، بەڵکو دەبێت ئەو بەهرە و توانایەت تیابێت و ئامادەیت تیابێت بۆ قوربانیدان و ماندوبون و خۆپەروەردەکردن. یهك رێنمایی دۆستانە و پڕ لە خۆشەویستی كچان دەکەم بۆ ئەوانهى کە دەیانەوێت ببن بە شاعیر، شاعیربون رێگەیەک نیە بە گوڵ نەخشابێت، بهڵكو رێگایەکە پڕە لە دڕک و خەنجەر و گولە و ئازار، دەڕۆیت و خوێنت لێدەچۆڕێت، لەگەڵ ئەوەش سەربەرزی و سەروەرییەکی گەورەشی تیایە، یان مەبن بە شاعیر یان کە بون ببن بە شاعیری راستەقینە و خۆتان بن و هەستی ژنانەتان هەبێت.