* نەوژین
من سۆزیار عمر، لە ۱٥/۸/۱۹۹٥ لە شاری سلێمانی لەدایک بوم، خۆێندنم لە زانکۆی راپەڕین بەشی زمانی ئینگلیزی تەواوکردوە، مامۆستام لە زانکۆی کۆمار دەرسی زمان ئەڵێمەوە، ماوەی سێ ساڵە هاوسەرگیریم کردوە.
ساڵێک بەرلە ئێستا پاش دروستبونی گرێیەک لە مەمکم و عەمەلیاتکردنی دەرکەوت کە شێرپەنجەی مەمکم هەیە، پاش دو عەمەلیات و چەندین جەلسەی کیمیایی و تیشک و چەندین ناخۆشی وسەختی لە ماوەی ئەو ساڵەدا سوپاس بۆ خوا ئێستا باشم و چەن چارەسەرێکی کەمم ماوە.
”ماڵەکەم نەکردە تەعزیەبار“
من بەهێز بوم، زانیم نەخۆشم سوپاسی خوامکرد، چونکە هەمو نەخۆشییەک لای ئەودێ و چارەسەریش هەر لایخۆیەتی، ساڵێکی پر لە سەختی و ناخۆشی بو، بەڵام لە پێکەنینی نەخستم ماڵەکەمم نەکردە تەعزییە و لە كارەکەم و ژیانی ئاسایی خۆم بەردەوام بوم، تەنانەت بە باشترین مامۆستای ساڵ دیاری کرام.
سۆزیار عمر، وەرگرتنی یەکەم دەرزی کیمیایی تایبەت بە شێرپەنجە
مەبەستم لە باسکردنی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە شێرپەنجە ئەو وەحشە نیە کە خەڵک لێی ئەترسێ، راستە زۆر قورسە زۆر بە ئازارە زۆر ناخۆشە بەڵام تێ ئەپەڕێت، ئاگاداری خۆتان بن هەمیشە پشکنینەکانتان لەکاتی خۆیا بکەن و نەخۆشیەکانتان ئیهمال مەکەن، خانمانی ئازیز پشکنینی مەمک زۆر گرنگە، تکایە پشت گوێی مەخەن گرنگ نیە تەمەنت چەنە من تەنها ۲٤ ساڵ بوم نەخۆش هەیە لە منیش گەنجترە، ئەو نەخۆشیە تا زوتر پێی بزانیت ئاسانتر چارەسەر ئەکرێن.
سوپاسی دایکم و هاوسەرەکەم و هەمو هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەم و هەمو کەسە نزیک و دورەکان ئەکەم چونکە هەمیشە ئەوەی توانیبێتیان بە زیادەوە بۆیان کردوم سوپاسی خوێندکارە ئازیزەکانم ئەکەم کە هەمیشە پاڵپشتیان کردوم خەمخۆرمبون، ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەمو دکتۆر و کارمەندە ماندونەناسەکانی نەخۆشخانەی هیوا هەیە.
سۆزیار عمر، وتنەوەی وانەکانی بە شێوەی ئۆنلایەن بە خوێندکارەکانی
”تابەهێرتربیت ئاسانتر تێدەپەڕیت“
کە پێیان وتی شێرپەنجەت هەیە کۆتایی دنیا نیە، وەک هەمو نەخۆشییەکی تر ئەچیتە نەخۆشخانە و چارەسەر وەرەگری، راستە چارەسەرەکان زۆر سەختن من تا ئێستاش ئازارەکەی لە جەستەما ماوە، بەڵام هەرگیز لەبیریمەکە تا بەهێز بیت ئاسانتر تێئەپەڕێت، خوای گەورە شیفا دەنێرێت، بە هێز بن ئەوەی لەدەستی ئەدەن تەنها کاتیە و هەموی ئەگەڕێتەوە و باوەڕتان بەخۆتان هەبێت، پشکنینەکانتان بیر نەچێت.
سۆزیار عمر، دوای وەرگرتنی چارەسەرەکان بۆ ئەم وێنەیەی دەڵێت "قژەکە هی خۆم نیە"