* نەوژین، ژاڵە عوبێد
بەشێکی زۆری ژنان لە گەرمیان بۆ مناڵبون پەنا دەبەنە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەشێکیان بە ویستی خۆیان نەشتەرگەری ئەنجامدەدەن و بەشێکیشیان دەڵێن ناچارن بەهۆی دۆخی تەندروستیانەوە، پزیشکێکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبونیش باس لە چەندین ئەگەری خراپ دەکات کە ئەگەر هەیە لەدوای نەشتەرگەری مناڵبون دایکان توشی ببێت.
مناڵبون به نهشتهرگهریی كه نهشتهرگریی "قهیسهری"یشی پێدهوترێت، بریتيه لهو نهشتهرگهرییهى كه له رێگهیهوه مناڵ دههێنرێته ژیانهوه، بهپێچهوانهى رێگا سروشتییهكه. زۆرێك له ژنان لهكاتى هێنانه دونیای مناڵهكانیانهوه پهناى بۆ دهبهن، پاساویشیان بۆ ئهم كاره، جۆراوجۆره.
تابان، ٢٥ ساڵ، پێش چەند ساڵێک لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە مناڵی بوە، بەڵام سورە لەسەر ئەوەی گەر مناڵی دیکەشی ببێت دوبارە رێگەی نەشتەرگەری هەڵدەبژێرێتەوە.
ئەو بۆ نەوژین وتی: من جارێک مناڵم بە نەشتەرگەری بوە، دوای نەشتەرگەریەکە بۆ ماوەی دو مانگ توشی ئازارێکی زۆر بوم، بەڵام سەرباری ئەمانەش چەند مناڵی دیکەشم هەبێت هەر ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرمەوە.
بەشێکی دیکە لە ژنان دەڵێن ناچارن نەشتەرگەری منداڵبون ئەنجامبدەن، چونکە دکتۆرەکان پێیان دەڵێن ناتوانن بە شێوەی سروشتی مناڵیان ببێت.
شیرین، 27 ساڵ، دانیشتوی قەزای کەلار، سەرەڕای ئەوەی خۆی دەیەوێت بە سروشتی مناڵی ببێت بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستیەوە ناتوانێت بەو شێوەیە مناڵی ببێت، دەڵێت: سێ مناڵم هەیە، هەرسێکیانم بە نەشتەرگەری بوە، هەرچەندە خۆم حەزم لێیە بە سروشتی ببن بەلام دکتۆر دەڵێت نابێت.
لەبارەی ئەو کێشانەشی دوای نەشتەرگەری توشی بوە، شیرین وتی: دوای مناڵی یەکەمم، توشی مایەسیری بوم، بۆیە عەمەلیاتم بۆ کرد، دوای منداڵی دوەمیشم دیسان توش هاتمەوە، بەڵام دکتۆر وتی نابێ عەمەلیات بکەی چونکە مەترسی بۆسەر ژیانت هەیە، بۆیە تاکو ئێستا بەبەردەوامی دەرمان دەخۆم.
ئاماری پێنج ساڵی رابردوی لهدایكبون له گهرمیان
بهپێی ئامارێك كه نهوژین له تهندروستى گهرمیانهوه دهستیكهوتوه، لهماوهى ساڵانى 2017 تاوهكو 2021، لهدایكبون به نهشتهرگهریی به رێژه لهنێوان 26 تاوهكو 36%ـى كۆی ههمو پرۆسهكانى لهدایكبونى پێكهێناوه.
هاوکات بەپێی ئاماری مانگەکانی (کانونی دوەم، ئازار، نیسان، حوزەیران، تەموز و ئاب)ـی ئەمساڵی نەخۆشخانەی شههید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون لە کەلار، لەکۆی (1,591)مناڵ کە لەم ماوەیەدا لەدایکبون (٦٤٠) مناڵیان بە نەشتەرگەری هاتونەتە دونیاوە
ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کەوا ژنان لەکاتی مناڵبوندا بەزۆری پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبەن، بەبێ بیرکردنەوە لە خراپیەکانی، جگە لە خراپیەکانی لە مانگی پێنجی ئەمساڵ ژنێک بەهۆی نەشتەرگەری مناڵ بونەوە لە قەزاکەدا گیانی لەدەستدا، دوابەدوای گیان لەدەستدانی ئەم ژنەش، د.سیروان محەمەد، بەرێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا وتی: "داوادەکەم ژنان دوربکەونەوە لە مناڵبون بە نەشتەرگەری".
"کاتی لەدایکبونی مناڵەکەم بەهۆی بێئاگایی پەرستارەکانەوە خەریک بو بکەوێتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە"، ئەمە قسەی 'دەریا'یە،کە بەهۆی گرنگی پێنەدانی لەکاتی مناڵبون و نەبونی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە حکومیەکەی تایبەت بە مناڵبون لە کەلار، بریاریداوە بۆ مناڵی دوەمی نەشتەرگەری ئەنجامبدات.
وتیشی: کە مناڵی یەکەمم بە سروشتی بو، توشی ئازارێکی زۆر بوم، بەڵام ئەوەی کە زۆر بۆ من ناخۆش بو رەفتاری ناشرین و جنێوی کارمەندانی نێو نەخۆشخانەکە بو.
کێشەکەی دەریا، تاکە کێشەی نێو نەخۆشخانەکە نیە، ئەوەی زیاتر ژنانی نیگەران کردوە ئەوەیە لەنەخۆشخانەکەدا ناهێڵن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن، بەڵکو دەبێت چاوەرێیەکی زۆر زۆر بکەن، بەمەش مناڵەکانیان هەندێکجار توشی نەخۆشی دەبن.
لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا، دکتۆر: بەناز جەلیل، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون و بهڕێوبهرى نەخۆشخانەی شههید شێرەی نەقیب لە قەزای کەلار، وتی: ئێمەی پزیشک لە نەخۆشخانە حکومیەکان بریاری مناڵبون بە سروشتی یاخود نەشتەرگەریمان بەدەست نیە، بەڵکو لیژنەی پزیشکی هەیە و ئەوان بڕیار دەدەن، تاکو نەخۆشەکە پێویستی پێ نەبێت رێگە نادرێت نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدرێت.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد چەندین ئەگەری خراپ هەن کە ئەگەر هەیە روبدەن لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری مناڵ بون لەلایەن ژنانەوە.
وتی: نەشتەرگەری مناڵبون وەکو هەر نەشتەرگەرییەکی دیکە خراپی خۆی هەیە، هەر لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە هەتا کاریگەرییەکانی لە داهاتودا.
وتیشی: تەقینی بۆری سییەکان و خوێنبەربون، چونە ناوەوەی هاوڕێ مناڵ بۆ ناو رەحم دوای زیان گەیاندن بە رەحم و لابردنی، لە حاڵهته دیارەکانن کە ئەگەر هەیە بەهۆی نەشتەرگەری مناڵبونەوە توشی ببن.