* نەوژین، کەژان غازی
لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە، مافناسێكیش دەڵێت: زۆرکات ژنان سکاڵا تۆمارناکەن، ئەمەش وادەکات مافەکانیان پێشێلبکرێت یان بکوژرێن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان لە ساڵی ٢٠١٠ تاکو ساڵی ٢٠٢٠ (٤٩٠) ژن کوژراون و (٦١٢) ژنیش خۆیان کوشتوە، هەروەک بەردەوام رێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان لە زیادبوندایە.
ئامارى توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر به ژنان له هه‌رێمى كوردستان
بە وتەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئاماری توندوتیژییه‌كانى ساڵی ٢٠٢٠ زیاترە، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و نەبونی دەوام ئامارەکان ئەوەندە تۆمارکراون.
فاتمە عەبدولکەریم، مافناسی لێكۆڵه‌ر له‌دادگای سلێمانی، لەبارەی هۆکارەکانی توندوتیژی دژى ژنان و به‌تایبه‌تى توندوتیژییه قورسه‌كان له نمونه‌ى کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان، بۆ نەوژین وتی: هۆکارەکان بەزۆری بریتین لە: لاوازی ئاستی رۆشنبیری تاك، خراپبونی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی خێزانی، گرنگی نه‌دان به په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزان و بەرێژەیەکی زۆریش خراپ بەکارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
ئاماژەی بەوەشکرد: لاوازی ئاستی ئاین و گرنگی نه‌دان به به‌ها ره‌وشتیه‌كان بەهەمان شێوە بەشێکن لە هۆکارەکان کە بەزۆری دەبنە هۆی دروستبونی توندوتیژی لەنێو خێزان و کۆمەڵگە، زۆرینەی کاتیش ئەمانە ژنان باجەکەی دەدەن.
رای ئەم مافناسه، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە گەرمیانیش جەختی لێدەکاتەوە و لەبەرامبەردا باس لەچەند هۆکارێکی دیکەش دەکات کە بون بە هۆکاری بەردەوامی ژن کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان.
ئه‌یوب حسێن، وتی: بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمەن دیارترین هۆکار بۆ ژن کوشتن یان خۆکوشتنی ژنان لێرە: کێشە کۆمەڵایەتیەکان، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و خیانەتی هاوسەرگیرین، هەروەک هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنانیش بەزۆری خراپی دۆخی ماددی یاخود مەعنەوی خێزانەکان و کێشە کۆمەڵایەتیەکانە.
مافناس فاتمە عەبدولکەریم ده‌ڵێت: لە کوردستان ههوڵههبوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى توندوتیژییه‌كان، به‌ڵام زۆر كاریگه‌ر نه‌بون
بەپێچەوانەوە چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤ پێیوایە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بە ژنان سیستمی پیاوسالاری کۆمەڵگەیە.
دیار عەزیز، چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ، بۆ نەوژین وتی: لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دیاردەی کوشتنی ژنان زەق بو ئەوە رونە ئەو کۆمەڵگەیە بە سیستمێکی پیاوسالاری بەرێوەدەچێت، واتا چەند ده‌سه‌ڵاتگه‌رایی پیاو یان نێرینه به‌گشتی به‌رزتر بێت، ئه‌وه‌نده حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژ به ره‌گه‌زی مێینه له هه‌ڵكشاندا ده‌بێت، هەروەک بێدەنگبونی کۆمەڵگەش بەرامبەر بە کوشتنی ژنان دوبارە هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی حاڵەتەکان.
هاوکات لەبارەی خۆکوشتنی ژنانەوە پزیشكێكى دەرونی باس لەوەدەکات خۆکوشتنی ژنان بەزۆری هۆکارەکەی خەمۆکیە کە لە لێدان و دەستدرێژی سێکسیەوە دروستدەبێت.
د. جه‌عفه‌ر عومه‌ر، بۆ نەوژین وتی: بەزۆری کاتێک ژنێک خۆی دەکوژێت دەوترێت ژنەکە توشبوی نەخۆشی دەرونیە، بەڵام ئەم دەستەواژەیە راست نیە، بەڵکو زۆرکات هۆکارەکەی خەمۆکیە کە لە ئەنجامی لێدانیان لەلایەن هاوسەر و خێزانەکانیانەوە دروستدەبێت، هەندێکجاریش ژنان خۆیان دەکوژن دوای ئەوەی توشی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کەسێکەوە دەبنەوە.
دیاردەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دیاردەیەکی جیهانیە و زۆرینەی وڵاتان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، هەروەک بەپێی ئامارە نافەرمیە جیهانیەکان ساڵانە (٦٦ ھەزار) ژن بەشێوەیەکی توندوتیژ لەسەر ئاستی جیھاندا دەکوژرێن، زۆرترین رێژەش لە وڵاتی سلڤادۆرە.
وەک فاتمە عەبدولکەریم، ئاماژەی پێدا: لە کوردستانیش هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتان هەوڵدراوە رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان کەمبکرێتەوە لەڕێگەی سزادانی بکەرانی توندوتیژی، هه‌روه‌ها هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه خێزانییه‌كانیش دراوە، بەڵام ئەم رێگەچارانە نەبونەتە هۆی ئەوەی رێژەکە کەمبکەنەوە.
لەبارەی هۆکارەکەیشیەوە وتی: هۆکارەکەی ئەوەیە زۆرێك لهتوندوتیژییهكان به‌ڕێگەی نهێنی ئه‌نجام ده‌درێت، یان به‌زۆری ئه‌و ژنانەی كه توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له‌سه‌ره، بێ ده‌نگ ده‌بن و سکاڵا تۆمارناکەن.