راهێنانی تواناکان کچانی زانکۆی گەرمیان دەکاتە خاوەنکار

2022/11/21    729 جار بینراوە

 

* نەوژین، زریان محەمەد

زانکۆی گەرمیان بۆ ماوەی ٢ ساڵە پرۆگرامی راهێنانی تواناکان ئەنجامدەدات، کە لێوەی خوێندکاران بۆ ماوەی ٢ مانگ راهێنان لە ناوەندە جیاوازەکان وەردەگرن، بەجۆرێک ئەم پرۆگرامە بوە بە دەرەچەیەک بۆ کچان بەتایبەت کە توانیویانە لەڕێگەیەوە کاریان دەستبکەوێت.

پرۆگرامی راهێنانی تواناکان بۆ ماوەی دو ساڵە لە زانکۆکانی کوردستان دەستی پێکردوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەشێوەیەک لە نێو هەر زانکۆیەک و سەنتەرێکی تایبەتی کردوەتەوە بە ناوی سەنتەری پەرەپێدانی کار یان سەنتەری بەکارخستن یان سەنتەری راهێنانی تواناکان کە هەر زانکۆیە و سەرپشکە لە بەکارهێنانی یەکێک لەم ناوانە.

سەیران عەبدوڵڵا، دەرچوی بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی گەرمیان و هاوکات بەشداربوی راهێنانی تواناکان، بۆ نەوژین لەبارەی سودەکانی راهێنانەکە وتی: "من ساڵی رابردو بەشداربوی راهێنانی تواناکان بوم و توانیومە لە دوای تەواوبونی پرۆگرامەکە ببم بە مامۆستا لە هەمان ئەو خوێندنگەیەی کە راهێنانم تێدا ئەنجامدەدا.

سەیران لە کاتی وانە وتنەوەدا لەچوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى راهێنانی تواناکان

 

زەهرا سەڵاح، دەرچوی بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی گەرمیان بەهەمان شێوەیە کچە بەشداربویەکی دیکەی راهینانی تواناکانە، کە ئێستا لەو خوێندنگەیەی کە راهێنانی تێدا ئەنجامدا وانەدەڵێتەوە.

ئەو بۆ نەوژین هێمای بۆ ئەوە کرد: زۆر گرنگە کچانی خوێندکار بەشداری ئەم جۆرە پرۆگرامانە بن، چونکە بۆ هەر کارێک راهێنان وەربگرن (٥٠٪) دەرفەتی وەرگرتنیان لە کارەکە زیاترە بەراورد بەو کەسانەی بەشداری راهێنانەکە نەبون.

بەپێی ئاماری سەنتەری راهێنانی تواناکان لە زانکۆی گەرمیان لە ماوەی ساڵی یەکەم (٢٠٢١)ـدا، (١٦٠) خوێندکار بەشداری پرۆگرامەکەیان کردوە لەو رێژەیەش ١٣٠یان کچ بون، بۆ ساڵی (٢٠٢٢)ـیش (٢٢١) خوێندکار بەشداری پرۆگرامەکەبون لەو رێژەیەش ١٧٤یان کچ بون.

زه‌هرا لە کاتی وانە وتنەوەدا لەچوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى راهێنانی تواناکان

 

جیاواز لەوانی دیکە کانی دەرچوی بەشێکی جیاوازترە وەک لەو کارەی بەهۆی پرۆگرامی راهێنانی تواناکانەوە دەستی کەوتوە، وەک خۆی دەڵێت: دەرچوی بەشی باخچەی ساوایانم، بەڵام ئێستا مامۆستای زمانی ئینگلیزیم لەو شوێنەی کە راهێنانم تێدا ئەنجام دا.

زیاتر وتی: سێ مانگ دوای تەواوکردنی ماوەی راهێنانەکەم لەو شوێنەی راهێنانم کرد بانگیانکردم، پێیان وتم لەگەڵیان بەردەوام بم و وەکو مامۆستای زمانی ئینگلیزی کۆرسەکانیان بۆ بڵێمەوە.

رێكخه‌رى پێشوى پرۆژه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات جیاوازى ئه‌وان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌رفه‌تى راته‌قینه‌ بۆ كچان ده‌خوڵقێنێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن تواناكانیان به‌كاربخه‌ن.

نیاز نەجم، رێکخەر و سەرپەرشتیاری پێشوی راهێنانی تواناکان لە زانکۆی گەرمیان، وتی: پرۆگرامەکە دەستکەوتێکی زۆر باشی هەبوە، چونکە وایکردوە رێژەیەکی زۆر لە بەشداربوان بەتایبەت کچان کاریان دەستبکەوێت لەو ناوەندانەی کە راهێنانیان وەرگرتوە.

كانى لە کاتی وانە وتنەوەدا لەچوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى راهێنانی تواناکان

 

کچانی بەشداربوانی پرۆگرامی راهێنانی تواناکان لە زانکۆی گەرمیان پێکەوە کۆکن لەسەر ئەوەی پرۆگرامەکە گرنگی زۆری هەیە بۆ دەستکەوتنی کار بەتایبەت بۆ کچان.

وەک سەیران دەڵێت: ئەم پرۆگرامە بۆ خوێندکارانی زانکۆ بە گشتی و کچان بەتایبەتی زۆر گرنگە، چونکە رێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانیت ئەو توانا و کارامەییەی کە هەمانە لەڕێگەی ئەم پرۆگرامەوە بەکاریبهێنین.

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,154     ژمارەی میوان 53

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە