* نەوژین، هۆزان فەریق
ژنان لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان لە گەرمیان کەمینەن، بەرپرسی راگەیاندنی مەکۆی کەلاری حزبەکەش دەڵێت: بۆ زیادکردنی رێژەکە پێویستە ژنان خۆیان هاتنە پێشەوەیان هەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان لە گەرمیان پەیڕەوی رێژەی کۆتای ژنان کە بریتیە لە (٢٥٪) لە پۆستەکانی نێو مەکۆ و پۆستە ئیداریەکانیش دەکات، بەشێوەیەک لەکۆی حەوت پۆستی نێو مەکۆی کەلاری بزوتنەوەکە یەک پۆستیان بە ژن سپێردراوە و لەکۆی هەشت پۆستی حکومەتی خۆجێی گەرمیانیش یەک پۆستیان لەلایەن ژنەوە بەڕێوەدەبرێت.
شەیما جەمال، ههڵسوراِوى بزوتنهوهى گۆڕان له گهرمیان و راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، لەبارەی ئەو هۆکاری کەوای کردوە تەنها یەک ژن لە پۆستە ئیداریەکانی پشکی گۆڕان بونی هەبێت، بۆ نەوژین وتی: نەک تەنها ئەو پۆستانەی پشکی بزوتنەوەی گۆڕانن، بەڵکو زۆرینەی پۆستە ئیداریەکانی ناوچەکە لای پیاوانن، هۆکارەکەشی کەمی رێژەی ژنی سیاسیە لە ناوچەکەدا.
لەبارەی ئەو هۆکارەشی کە وایکردوە ژنان بەکەمی بەشداری کاری سیاسی ناوچەکە بکەن، شەیما جەمال وتی: هۆکارەکەی حزبەکانن کە نەیانتوانیوە نمونەیەکی جوانی سیاسەت پیشانی خەڵکی بدەن، نەبونی ئابوری سەربەخۆی ژنانیش هۆکارێکی دیکەیە.
لەبەرامبەردا ساڵح میروەیس، بەرپرسی راگەیاندنی مەکۆی كهلاری بزوتنهوهى گۆڕان، پێیوایە ژنانی نێو بزوتنەوەکە ئەگەرچی ژمارەیان کەمە، بەڵام توانیویانە تواناکانی خۆیان پیشان بدەن و کاری باش ئەنجامبدەن.
وتی: ژنان لەنێو گۆڕاندا لە گەرمیان بەشداریەکی کارا و باشیان هەیە، بەشێوەیەک هەندێک لەوان کەلێرە کاریانکردوە توانیویانە بە توانا و هێزی خۆیان ببن بە ئەندام پارلەمانی کوردستان و راوێژکاری وەزارهت.
لەبارەی پلانی بزوتنەوەکەش بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان لەنێو کارە سیاسیەکانی بزوتنەوەکەدا، بەرپرسی راگەیاندنی مەکۆی كهلاری گۆڕان وتی: بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان لە کاری سیاسیدا لە گەرمیان بەگشتی پێویستە ژنان خۆیان هاتنە پێشەوەیان هەبێت و خۆیان بسەلمێنن و وجودی جدیان هەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان پارتێكى سیاسیی باشوری کوردستانە، ماوەی ١٣ ساڵە دامەزراوە، تاکو ئێستا تەنها یەک کۆنگرەی بەستوە.
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.