* نەوژین، پەرژین کامەران
لەکۆنگرەی ١٤ـی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان دا، چەند گۆڕانکارییەک لە پەیڕەو و پڕۆگرامی نێوخۆی حزبەکە دا ئەنجامدران، گرنگترینیان بەرزکردنەوەی رێژەی کۆتای ژنان بو له کۆمیتەی ناوەندی حزبەکە، ژنانی سیاسی نێو حزبەکەش ئەمە بە "دەستکەوت" دەبینن.
پارتی دیمو‌كراتى كوردستان لە کۆنگرەی ١٤ـدا كه رۆژانی ٣ و ٤ـی ئەم مانگە له دهۆك به‌ڕێوه‌چو، ناوی سەرکردایەتی حزبەکەی گۆڕی بۆ کۆمیتەی ناوه‌ندی و رێژەی کۆتای ژنانی له‌م كۆمیته‌یه‌دا لە (١٠٪) بەرزکردەوە بۆ (١٥٪)، لای ژنانی نێو حزبەکەش ئەم گۆڕانکاریە جێی بایەخە.
چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا، یەکێک لە ژنە کاندیدە دەرچوەکان بۆ کۆمیتەی ناوەندی، لەبارەی دەستکەوتەکانی کۆنگرەی ١٤ـى حزبه‌كه‌یه‌وه، بۆ نەوژین وتی: بەراورد بە کۆنگرەی پێش‌و کە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ئەنجامدرا، کۆنگرەی ئەمجارە ئەنجامەکانی جیاواز بون بۆ ئافره‌تان، لە کۆنگرەی پێش‌و دا تەنها پێنج ئافره‌ت سەرکەوتوبون و دوان لەوان بەبێ کۆتا دەرچون، بەڵام لە کۆنگرەی ئەمساڵ روداوه‌كان جیاواز بون (٤) ئافره‌ت به‌بێ كۆتا و (٣) ئافره‌تى دیكه‌ش به كۆتا سه‌ركه‌وتن و‌ئافره‌تێكیش یه‌ده‌گە، بۆیه هه‌بونی ٨ ئافره‌ت له‌سه‌ركردایه‌تی خاڵێكی گرنگه بۆ ئێمە.
به رای ژنه ئه‌ندامێكى دیكه‌ى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی پارتى، رۆڵی ژنان له‌م كۆنگره‌یه‌دا زیاتر بوه.
ڤیان سلێمان، سكرتێری یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركه‌وتوی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتى، باسی لەوەکرد: یەکێک لە خاڵە گرنگ و جیاوازەکانی ئەم کۆنگرەیە بەراورد بە کۆنگرەکانی پێش‌و ئەوەبو گرنگی و رۆڵی زیاتر بە ئافره‌تان درا.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی (٣ی تشرینی یه‌كه‌مـی ٢٠٢٢) له شاری دهۆك به به‌شداری نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌ندام کۆنگرەی ١٤ـی ئەنجامدا، هەر پێش دەستپێکردنی کۆنگرە بڕیاردرا (٢٥٪)ـی ئەندامانی کۆنگرە ژن بن، وەک ژنانی نێو حزبەکەش باسی دەکەن: په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كانی كۆنگره زۆر خاڵی جه‌وهه‌ری نوێی بۆ ژنان تێدا بوه.
چنار سەعد، لەبارەی پەیڕەوی نێوخۆیی نوێی حزبەکەوه وتی: خۆم یه‌كێك بوم له وانه‌ی له ئاماده‌كردنی رەشنوسی په‌یڕه‌وه‌كه دا بەشداربوم، زۆر خاڵی جه‌وهه‌ری بۆ ئافره‌ت تێدایه، له كۆنگره‌ش خوێندرانەوە و په‌سه‌ندكران.
وتیشی: جه‌ختیش کرایەوە ده‌بێت نه‌ك له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تی، بەڵکو له ئاسته‌كانی هه‌رێم و كاركردنی هه‌یكه‌لی حزب و ده‌سته‌ی كارگێڕی لق و مه‌كته‌ب و ناوه‌ند و دامەزراوە باڵاكانی ناوچه كانیش دا ئافره‌ت بونی هه‌بێت.
هه‌ر كاندیدێكی ده‌رچو بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، دەبوایە (٣٠٠) ده‌نگ یان زیاتر بەدەستبهێنێت، هەروەک لەنێو ژنانی کاندید بۆ بون بە ئەندام چوار ژنیان پێشتر ئەندام سەرکردایەتی بون، لەم ژمارەیە هەریەک لە (چنار سەعد و ئەڤین هروری) توانیان بەدەنگی خۆیان و بەبێ کۆتا دوبارە ببنەوە بە ئەندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی، بەڵام هەریەک لە (شیرین ئامێدی و ڤیان سەبری) نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و نەبونەوە بە ئەندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی.
"به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆنگره زۆرخاڵی تیایه دڵخۆشكه‌رن، وەک: زیادبونی رێژه‌ی ئافره‌تان بۆ ئه‌ندام کۆمیتەی ناوەندی و مه‌كته‌ب سیاسی، هەروەک ئەنجامەکانیش له‌ئاست چاوه‌ڕوانیه‌كانی ئافره‌تانى پارتی دا بو". ئەشواق جاف، ئه‌ندامى كۆمیته‌ى نوێی ناوه‌ندى پارتى كه شەشەم زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکانى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی بەدەستهێنا، وای وت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ساڵی ١٩٤٦ له شاری مه‌هاباد دامه‌زراوه، لە ئێستادا و وەک چنار سەعد باسی لێوەکرد: هه‌وڵدان بۆ راگرتنی باڵانسی جێنده‌ر لەنێو پۆست و به‌رپرسیاریه‌تیه باڵاكانی پارتی دەستیپێکردوە، بەجۆرێک ئەگەر باڵانسیش نەبێت هه‌وڵده‌ین رێژەى ئافره‌تان زیاد بکەین.
* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.