* نەوژین، شێوان رۆستەم
سەرباری ئەوەی چەندین کچی شارەکە دەرچوی بەشی شانۆن، بەڵام کچانی گەرمیان به كهمی لهسهر تهختەى شانۆ دا دهبینرێن، دەرهێنەرێکی شانۆش دەڵێت: بەهۆی نەبونی کچەوە توشی گرفت بوین.
ساڵانە لە گەرمیان چەندین شانۆ نمایش دەکرێن، ئەوەی جێگەی سەرنجە کچانی شانۆکاری ناوچەکە بەشداری تێداناکەن، یاخود بەکەمی بەشداری دەکەن، لەبارەی بەشداری نەکردنی کچان لەکارە شانۆگەریەکاندا رای جیاواز هەیە، شانۆکاران دەڵێن لەبەرامبەر کارەکەدا پاداشت وەرناگرن بۆیە ئەو کارە ناکەن، دەرهێنەرێکیش هۆکارەکەی بۆ ئەو قسە و توانجانە دەگەڕێنێتەوە کە روبەڕویان دەبێتەوە.
حسێن عەبدوڵڵا، دەرهێنەری شانۆیە و بەزۆری لەکەلار شانۆکانی نمایش دەکات، دەڵێت: کچان لێرە بە دو هۆکار بەشداری لە شانۆکان ناکەن، یەکەم: بەهۆی ئەوەی دوای بەشداریکردنیان لە شانۆکان روبەروی قسە و توانجێکی زۆر دەبنەوە، دوەمیش: بەشێکیان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوسەری دەڵێن کاتیان نیە بۆ ئەنجامدانی شانۆ.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەشدا: لهم ماوهیهى رابردودا شانۆگهریەکم لە کەلار نمایشکرد، لە شانۆکەدا دەبو سێ کچ رۆڵ بگێڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ کچێکم دەستنەکەوت ناچار بەبێ کچ شانۆکەم ئەنجامدا.
كاستى دواین شانۆی نمایشكراو له كهلار، كه دهرهێنهرهكهى باس لهوهدهكات دو رۆڵی كچ له شانۆكهدا ههبوه، بهڵام بههۆی نهبونى ئهكتهری كچهوه لایان بردوه
بەشێکی زۆری ئەو کچانەی دەرچوی بەشەکانی شانۆن لە پەیمانگاکان، لە شوێنێکی زۆر جیاواز لە کارەکەی خۆیان کاردەکەن.
مەریەم جاف، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفریە و دانیشتوی قەزای کەلارە، تاکو ئێستا بەشداری ١٨ شانۆی کردوە، بەڵام ئێستا وازی لەکاری شانۆ هێناوە و لە مارکێتێکی نێو قەزاکە کاردەکات.
لەبارەی وازهێنانی لەکاری شانۆ، بۆ نەوژین وتی: شانۆ و چالاکیەکانی هاوشێوەی بژێوی ژیان دابین ناکەن، بۆیە ئێمەی کچان لەم جۆرە کارانە دورکەوتوینەتەوە، پێموایە بۆ زۆرینەی کچان ئەمە هۆکاری سەرەکیە، هۆکاری دیکەش هەن وەکو ئەوەی خێزانەکانیان رێگریان لێدەکەن یاخود دەوروبەر بە قسەکانیان دەیانڕوخێنن و ناچار وازدەهێنن.
ئەم رایەی مەریەم، سەربەست ئەحمەد، جێگری بەرێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیانیش پشتگیری دەکات، بەڵام ئەمە بە تاکە هۆکار نابینێت.
ئەو وتی: بەدڵنیاییهوه کۆمەڵگا و کلتوری ئێرە رێگری دەکات لە بەشداری کچان لە کاری شانۆدا، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا بەشێکی کچان خۆیان نایانەوێت بەشداربن لە کارە شانۆییەکاندا.
نمایشی شانۆگهریهكى سهر شهقام له كهلار، زستانى 2020
ئهم دۆخهش لهكاتێكدایه، له سنوری ئیدارهى گهرمیان دا پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری ههیه، كه به پێی ئامارێكى پهیمانگاكه، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی ٢٠٠١ تاکو ئێستا، ٢١٧ فێرخوازی وەرگرتوە لەم ژمارەیە ٨٠ فێرخوازیان کچ بون.
داود محەمەد، بەڕێوبەری پەیمانگاكه، هۆکاری بەشداری نەکردنی کچانی لە شانۆدا بۆ نەبونی پشتیوانی گەڕاندوە و وتی: کچانی شانۆکار و ئەکتەر لە گەرمیان پشتیوانی مادی و مەعنەوی ناکرێن بۆیە ناتوانن لە کاری شانۆ بەردەوام بن.
مهریهم، جهختى له رای بهڕێوبهرهكهى پهیمانگاى هونهرهجوانهكان كردهوه و وتى: ئەو تاقەت و وزەیەی لە شانۆدا بەکاری ئەهێنین بۆ کارێکی دیکە بەکاری بهێنین باشترە، ئەوکات توشی زیانی مەعنەویش نابینەوە.