نه‌بونى پزیشك مناڵانى گه‌رمیان روبه‌ڕوى مه‌ترسی توشبون به‌ ئیفلیجی مێشك ده‌كاته‌وه‌

2022/10/18    1018 جار بینراوە
 
* نەوژین، زریان محەمەد
 
نه‌بونى پزیشكى مناڵان بەتایبەت (مناڵانى نه‌به‌كام) له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبون له‌كه‌لار گرفتى بۆ زۆر مناڵى تازه‌ له‌دایك بو دروستکردوە، به‌جۆرێک به‌شێك له‌و مناڵانه‌ی له‌وێ له‌دایكدەبن ژیانیان دەکەوێتە مه‌ترسیه‌وه‌ یاخود توشى ئیفلیجی مێشك بون.
 
به‌شێك لە دایکان نه‌خۆشخانه‌كه‌ و پزیشكه‌كانى به‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن به‌رامبه‌ر به‌ نه‌خۆشه‌كانیان، به‌ جۆرێك پزیشكان به‌ هۆكار ده‌زانن بۆ توشبونى مناڵه‌كانیان به‌ ئفلیجی مێشك (شه‌له‌ل ده‌ماغ)، چونكه‌ وه‌ك خۆیان باسى لێوه‌ده‌كەن مناڵه‌كانیان له‌ ته‌نگانه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ كاتى له‌ دایكبون و ئۆکسجین بۆ مێشکی ناڕوات.
 
شاناز، ناوى خوازراوى ژنێكى دانیشتوى ناحیه‌ى باوه‌نوره‌، بۆ نه‌وژین وتی: مناڵه‌كه‌م نه‌خۆش نه‌بو، چونكه‌ دكتۆرى خۆمم هه‌بو داوام لێكرد بۆم بكات به‌ نه‌شته‌رگه‌رى،پێى وتم هه‌ركات مناڵت بو پێویست بكات ئەوجا بۆت ده‌كه‌م، به‌ڵام كاتێك پزیشكه‌كه‌م هات خه‌ریكبو مناڵم ده‌بو، بۆیە مناڵەکەم زۆر له‌ ته‌نگانه‌ مایه‌وه‌ و ئۆكسجینى پێویست نه‌ڕۆشت بۆ مێشكى و بوبه‌ ئیفلیجی مێشك.
 
به‌ دڵێكى پڕه‌وه‌ باسى له‌وه‌شكرد: هەر ئەوکاتەی مناڵەکەم لەدایک بو تاکو ١٨ رۆژ داخلی نەخۆشخانە کرا، دواتر پێیان وتم توشى ئیفلیجی ده‌ماغ بوه‌ به‌و هۆیه‌ی‌ كه‌ باسم كرد.
 
نه‌خۆشى ئیفلیجی مێشك (Cerebral Palsy)،له‌ مناڵاندا حاڵه‌تێكه‌ به‌هۆى گه‌شه‌نه‌كردن یاخود پوكانه‌وه‌ى به‌شێكى مێشكى مناڵ دروستدەبێت، نەخۆشیەکە پێش له‌دایكبون یان له‌كاتى له‌دایكبون یان له‌ دواى له‌ دایك بون به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م روده‌دات، هۆكارەکانی توشبون بەم نه‌خۆشیه‌ زۆرن یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌رۆشتنى ئۆكسجینى پێویستە بۆ مێشكی مناڵەکە له‌كاتى له‌دایك بونیدا.
 
 
 
ئاوات محه‌مه‌د، دانیشتوى قەزای كه‌لار،‌ دایکێکی دیکەیە کە بەهەمان شێوە مناڵەکەی لەکاتی لەدایکبونیدا توشی نەخۆشیەکە بوە.
 
به‌دڵێكى پڕه‌وه‌ چۆنیه‌تى توشبونى مناڵه‌كه‌ى به‌و نه‌خۆشیه‌ بۆ نه‌وژین گێرایەوە و وتی: مناڵەکەم پێش یانزە ساڵ لەنەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب له‌كه‌لار لەدایک بوە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌كاتى له‌دایكبونیدا گرفتى كه‌مى ئۆكسجینى هه‌بو لەوکاتەوە توشى ئیفلیجی ده‌ماغ بوه‌، تاکو ئێستا چه‌ندین شوێنم پێ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چاك بێته‌وه‌، له‌ پێنج نه‌خۆشخانه‌ى هیندستان جوابیان كردوم، دەڵێن سودی نیە چونكه‌ له‌كاتى له‌دایكبون واى لێهاتوه‌.
 
وتیشی: ئەوکاتەی مناڵەکەم لەدایک دەبو، پێویستی بە ئۆکسجین هەبو، بەڵام بەبیانوی ئەوەی وتیان ئۆکسجینەکەمان ئاودەدات و خراپ بوە بۆیان دانەنا، دواتر تاکو بردمانە نەخۆشخانەیەکی دیکە کار لە کار ترازابو.
 
پزیشكێكى ژنان و مناڵبون باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ ژنان و مناڵبون پزیشكى مناڵان نیه‌، بەهۆکاری ئەمەش چەندین مناڵ توشی ئەم جۆرە حاڵەتان دەبنەوە.
 
د. ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له‌ نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون له‌ كه‌لار، دەڵێت: لێرە پزیشكی مناڵان نیە، ئه‌ركى ئه‌وه‌ش كه‌وتوه‌ته ئە‌ستۆى ئێمه‌، بۆیە زۆرجار كێشه‌مان توش ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌و مناڵانه‌ى كه‌ به‌ سروشتى له‌ دایك ده‌بن.
 
 
 
له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان رەتیدەکاتەوە توشبونی مناڵان بە ئیفلیجی مێشك هۆکارەکەی نەبونی پزیشکی مناڵان بێت لە نەخۆشخانەکە.
 
د. سیروان محه‌مه‌د، دەڵێت: توشبونى مناڵان بە ئیفلیجی مێشك حاڵه‌تێكه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكارى زانستى هه‌یه، په‌یوه‌ندى به‌ نه‌بونى به‌شى خوده‌ج (مناڵانى نه‌به‌كام) هه‌یه‌ كه‌ نیمانه‌، ‌پزیشكى مناڵان بۆ ئه‌م به‌شه‌ گرنگه‌.
 
دەشڵێت: ئه‌وه‌ى كێشه‌ى گه‌وه‌ره‌یه‌ نه‌بونى پزیشكى نیشته‌جێى دێرینى مناڵانه‌ له‌و به‌شه‌دا، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و به‌شه‌ بكه‌نه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ مناڵان و سه‌ربه‌خۆ بێت، حاڵه‌ته‌ تونده‌كانیش كه‌ روده‌دات ئاراسته‌ى سلێمانى ده‌كه‌ن.
 
لەبارەی رێژەی مناڵانی توش بو بە ئیفلیجی مێشك لە سنورەکەدا، ئامارێکی ورد له‌به‌رده‌ستدا و نیە ئەوەی هەیە ئاماری پێش ٢٠١٣ـیە.
 
ده‌رون عومه‌ر، پێش له‌كارترازانى له‌ پۆستى به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان، ئه‌وه‌ى بە نه‌وژین راگه‌یاند: له‌ سنورى گه‌رمیان ٥٦٧ مناڵى ئیفلیجی مێشك له‌لاى ئێمه‌ تۆماره‌ و موچه‌یان پێده‌درێت، به‌ڵام له‌ كۆتایى ساڵى ٢٠١٣ـەوە تا‌كو ئێستا فایلی هیچ نەخۆشێکی نوێ وه‌رنه‌گیراوه‌، بەڵام دەزانین رێژه‌كه‌ زۆر لەمە زیاتره‌.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,227     ژمارەی میوان 421

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە