* نەوژین
فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنیەکان رەتی دەکەنەوە بەشداربن لە هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و دەڵێن: حزبەکان خۆیان هەمواریان کردوەتەوە، بەڵام ئێستە خۆیانی لێ بێبەری دەکەن.
ئەمرۆ(٢٧ـی ئەیلول) لە کۆنگرەی رۆژنامەنوسی دا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تیایدا هاتوە: هەمو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە دەڵێن ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن رێکخراوەکانەوە پێشکەشکراوە، بەڵکو حزبەکان کردویانە بەڵام ئێستە خۆیانی لێبێبەری دەکەن.
وتیشی: ئێمە تەنانەت ئاگادار نەبوین کاتێک لە (٢٣ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢١) خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە کرا، دواتریش ئێمە پرۆژە یاساکەمان رەتکردەوە و وتمان لەگەڵیدا نیین.
ئاماژەیان بەوەشداوە: پێشوتر لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ژنان و یاسایی لە پارلەمان، نیگەرانی خۆمان دەربری و ئاگادارمان کردنەوە کەوا هەندێک لە گۆرانکاریەکانی نێو یاساکە لەگەڵ کۆمەڵگایی کوردیدا ناگونجێت، بەڵام هیچ گوێیان لێنەگرتین و بە قسەیان نەکردنین.
ئەم قسانەی رێکخراوە مەدەنیەکان لەکاتێکدایە، حزبەکان خۆیان لە هەمواری پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بێبەری دەکەن و دەڵێن: لەگەڵ یاسایەکدا نین دژ بێت بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام، هەروەک لە میدیاکانیشیانەوە بۆ پرسەکە لەبری بانگهێشتکردنی ئەندامانی پارلەمان بانگهێشتی ئەندامانی نێو رێکخراوەکانی ژنان دەکەن تاکو بەرگری لە یاساکە بکەن.