ژنانی خاوەنکاری سەربەخۆ روبەرِوی رێگری و توانج دەبنەوە

2022/08/11    1023 جار بینراوە
 
* نەوژین  
 
لە هەرێمی کوردستان لەکۆی ٢٧ هەزار کۆمپانیا کە ناویان لە بەرێوبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان تۆمارکراوە، ١٢٠٠ کۆمپانیايان بەناوی ژنانەوەن، ژنێکی خاوەن کۆمپانیاش دەڵێت: "خەڵکی پێم دەڵێن تۆ بەرپرسێکت لە پشتە بۆیە بویت بە خاوەنی کۆمپانیا".
 
بەپێی ئەو ئامارانەی کە دەست نەوژین کەوتون، لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٧ هەزار کۆمپانیا ناویان لە بەرێوبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان تۆمارکراوە، لەم رێژەیە ١٢٠٠ کۆمپانیایان بەناوی ژنانەوە تۆمارکراون، بەمشێوەیە: ٤٠٠ کۆمپانیا لە هەولێر، ٧٠٠ کۆمپانیا لە سلێمانی و ١٠٠ کۆمپانیاش لە دهۆک.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا ژنانی خاوەن کۆمپانیا و خاوەنکاری سەربەخۆ وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن بەهۆی کارکردنیانەوە توشی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی تۆمەتيان بؤ هةلَدةبةستن. 
 
 
 
"هەرجارێک لە چاوپێکەوتنێک دەربکەوم و باسی کارەکانی کۆمپانیاکەم بکەم، هەموان لە کۆمێنت بۆم دەنوسن 'تۆ بۆیە خاوەن کۆمپانیایت، چونکە بەرپرسێکی حزبیت لەپشتە و یارمەتی داویت'، لە کاتێکدا من هاوسەرگیریم کردوە و دایکم".
 
ئەمانە قسەی مینا مەردوک، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی بانونە، کە هاوکات یەکەم ژنە لە کوردستان خاوەنی  کۆمپانیای عەقارات بێت، ئەو دەشڵێت: تائێستا بەهۆی کۆمپانیاکەمەوە لەلایەن پیاوانەوە توشی بەربەستی زۆر و گاڵتەپێکرد بومەتەوە و پێیان دەوتم تۆ ناتوانیت ئەم جۆرە کارانە بکەیت.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە کۆی ٣٧ هەزار و ٣٠٦ کەس کە مۆڵەتی ژوری بازرگانیان هەیە ٦٢٢یان ژن، لەکۆی هەزار و ٩٨ وەبەرهێنەریش ٢٧یان ژنن.
 
هەروەک لە کۆی هەشت هەزار ملیۆنەر لە کوردستان ٢٪ـیان ژنن.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,008     ژمارەی میوان 2020

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە