* نەوژین، لەیلا ئەحمەد
مناڵێکی تەمەن پێنج ساڵ لەکەرکوک دوای ئەوەی لەلایەن باوکیەوە ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت گیانى لەدەستدا، دایکی مناڵەکەش دەڵێت: هاوسەرەکەم بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر بە من و مناڵەکانم ئەنجامدەدا و کۆتاجاریش منی لەماڵ دەرکرد و کوڕەکەمی کوشت.
ئێوارەی رۆژی دوشەممە (١٨ـی تەموز) مناڵێکی تەمەن پێنج ساڵ بەناوی (موراد هۆشیار هیدایەت) دوای مانەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک، گیانی لەدەستدا، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت مناڵەکە لەلایەن باوکیەوە ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە و بەهۆی زۆری برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.
روسل ئهسعهد سهعدوڵڵا، دایکی 'موراد'، بە گریانەوە بۆ نەوژین باسی لەوەکرد ماوەیەکی زۆرە کێشەی خێزانیان هەیە و بەردەوام هاوسەرەکەی توندوتیژی بەرامبەر خۆی و چوار مناڵەکەی ئەنجامداوە.
ئیمان ئەسعەد، خوشکی 'روسل' قسەکانی خوشکەکەی زیاتر رونکردەوە، وتی: کێشەی خوشکەکەم و هاوسەرەکەی بەهۆی هەژاریەوە بو، بەیارمەتی خێرخوازەکان مناڵەکانی بەخێودەکرد و کرێ خانویان بۆ دەدان، تەنانەت جارێک خانوشیان بۆ کڕین، بەڵام هاوسەری خوشکەکەم خانوەکەی فرۆشت و کەوتنە لەسەر جادە.
وتیشی: بەهۆی ئەم کێشەوە خوشکەکەم پێشتر ماوەی چوار مانگ تۆرا و گەڕایەوە ماڵی باوکم لە فەلوجە، هەرچەندە داوای کرد مناڵەکانی پێبدەنەوە، بەڵام هاوسەرەکەی رازی نەبو و مناڵەکانی کەوتنە ژێردەستی داپیر و مام و ژنی مامیان.
روسل، بەهۆی مناڵەکانیەوە دوای چوار مانگ دەگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی و لە کەرکوک نیشتەجێ دەبنەوە، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت و دوای ماوەیەک دوبارە بەهۆی نەبونی پێداویستیە سەرەتاییەکان لە ماڵەکەیاندا دەبێت بە کێشەیان و بە وتەی خۆی هاوسەرەکەی بەشێوەیەکی دڕندانە لێی داوە و پێی وتوە: ''نامەوێت بێیتەوە ئەم ماڵە"، ناچار ئهویش چوەتە ماڵی ئیمانی خوشکی.
دەشڵێت: دواى ئهوهى بۆ کۆتا جار هاوسەرەکەم لهماڵ دهریكردم، سێجار سکاڵام كرد تاکو بتوانم مناڵەکانم وەربگرمەوە، بەڵام حاکم داواى دو شایهتی دەکرد تاکو بیسەلمێنم کە ئەو مناڵەکانی لێ دورخستومەتەوە، منیش هیچ کەسم شک نەدەبرد تاکو شایەتیم بۆ بدات.
تاکە کەس کە روسل ئومێد دەکات بتوانێت شایەتی بۆ بدات و ببێتە فریادرەسی تاکو مناڵەکانی وەربگرێتەوە ئیمانی خوشکێتی، بەڵام چونکە ئیمانیش هاوسەرگیری لەگەڵ برای هاوسەری روسل دا کردوە بۆیە رەتی دەکاتەوە کێشە لەگەڵ ئەو ماڵەدا دروست بکاتەوە و دەڵێت: "ببورە خوشکم من شایەتی نادەم".
هەروەک ئیمان، دەشڵێت: من بوکی ئەو ماڵەم بەڵام ناخۆشی زۆرم لەگەڵدا چەشتون، ١١ ساڵ پێش ئێستا هاوسەرەکەم کۆچی دوای کرد و پێنج مناڵمان هەبو، ئەو ماڵە رێگربون لەوەی مناڵەکانم وەربگرمەوە و بەهۆی ئەوە توشی کێشەی زۆر بومەوە لەگەڵیان تاکو مناڵەکانم وەرگرتەوە، بۆیە نەمویست دوبارە توشی کێشەببمەوە.
"دوای ٢٠ رۆژ مانەوەم لە ماڵی ئیمانی خوشکم، هەواڵی مەرگی کوڕەکەم بۆ هات، کە لە ژێر ئەشکەنجەی هاوسەرەکەم نەخۆش کەوتبو و دوای مانەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابو". دایکی موراد وای وت.
وتیشى: پێشتر ئاگادارکرابومەوە کەوا موراد لەنەخۆشخانەیە و سەردانیم کرد و بینیم کە لهژورى ئینعاش بو، ههمو لهشى ئاسهوارى لێدانى پێوەبو و شین بوبوەوە.
باوکی موراد سەرەتا لەکاتی ئیفادەدا دەڵێت: کورەکەم لە سەربان کەوتوەتە خوارەوە، بەڵام دواتر دان بە تاوانەکەیدا دەنێت.
کوڕێکی دیکەی 'رەسل' کە تەمەنی ١٠ ساڵە چیرۆکی کوشتنی موراد بە دەستی باوکی بۆ دایکی گێراوەتەوە و وتیەتی: باوكم بهوایهرى كارهبا و دار بە هەمو هێزی لە مورادی دەدا، چونکە گریا و ناوی دایکمی دەهێنا و دهیوت دهچم بۆ لاى دایكم، بەهۆی لێدانەکانی باوکمەوە موراد نهخۆشكهوت و دو رۆژ لهسهر جێگا بو، ئەوجا باوكم بردى بۆ نهخۆشخانه.
لە بارەی روداوەکەوە، عامر نورى، وتهبێژى پۆلیسی كهركوك، وتى: دواى بهدواداچون بۆمان دهركهوت كه موراد بەهۆی کێشەیەکی خێزانی درێژه كێشاوەوە بوەتە قوربانى.
وتیشی: دوای زانینی راستی روداوەکە راستەوخۆ بڕیاری دهستگیركردنی باوکیمان پێگەشت و بهپێ مادهی ٤١٣ لە یاسای سزادانى عێراقی دەستگیرمان کرد، بەڵام دواتر چونکە مناڵەکە نەمردبو بەرێوبەری پۆلیس ماددە یاساییەکەی گۆڕی بۆ ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی.
ئهگهرچی باوكهكه بوهته هۆی كوشتنى مناڵهكه، كهچى وهك وتهبێژی پۆلیس ئاماژهى بۆدا، ئهگهری ئازاد كردنى ههیه.
عامر نوری، زیاتر رونیكردهوه: گرنگه یاسایەکی تایبەت بەم جۆرە کەیسانە هەبێت، چونکە ئهگەربێتو لە داهاتودا دایکی ئەو مناڵە لەژێر کاریگەری و هەڕەشەدا لە هاوسەرەکەی خۆشبێت، پیاوەکە ئازاد دەکرێت و مافی مناڵەکە دەفەوتێت.