* نەوژین
رێکخراوێکی تایبەت بە چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات ژنێکی رۆژهەڵاتی کە کاری مۆدێل دەکات لە هەولێر بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هاوسەرەکەیشی هەڵهاتوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رێکخراوەکە، فاتمە زارعی کە بە «ژیلا» ناسراوە و تەمەنی ٢٣ ساڵ بوە و خەڵکی شاری سەردەشت بوە، پێشتر کێشەی هەبوە لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ناوی ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنشە و سێ ساڵ پێشتر کوڕێکی ٢٠ ساڵانی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ژنەکەی (واتا فاتمە زراعی) کوشتوە و ژنەکەشی بە چەقۆ بریندار کردوە. پاش ئەم روداوە فاتمە کە چاک بوەتەقە روی لە شاری هەولێر کردوە و لەوێ سەرقاڵی کاری مۆدێلین بوە.
دەشڵێت: دوای ئەوەی ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش لە شوێنی نیشتەجێبونی فاتمە ئاگادار بوە، چوەتە هەولێر و رۆژی پێنجشەمە بە چەقۆ لە ملی داوە و کوشتویەتی، دواتریش هەڵهاتوە و دەستگیر نەکراوە. تەرمی قوربانیەکەش دوای دو رۆژ لە قەڵادزێ و بەبێ بەڕێوەچونی هەر مەراسیمێک و بەبێ ئامادەبونی کەسوکاری، بەخاک سپێردراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە تائێستا پۆلیس لەبارەی روداوەکەوە هیچی نەوتوە.
ئەو ژنە خاوەنی کوڕێکی تەمەن ٤ ساڵە.