* نهوژین، ساكار خالد
کچێک ماوەی هەشت ساڵە بەرێوبەری بەشە ناوخۆی کچانی زانکۆی هەڵەبجەیە، پێگەکەی کردوە بە هۆکارێک تاکو یارمەتی ئەو کچە خوێندکارانە بدات کەلە بەشە ناوخۆیەکاندا دەمێننەوە.
شێوە محەمەد، دەرچوی بەشی زمانی کوردی زانکۆی گەرمیانە، سەرەتا وەکو چاودێری شەوان لە بەشە ناوخۆی کچانی زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٣ دەست بەکاردەبێت، پاش دوساڵ کارکردن وەکو چاودێر بەهۆی کارامەيی لە کارەکەی دەکرێت بە بەرێوبەری بەشە ناوخۆی کچانی زانکۆی هەڵەبجە.
شێوە، بۆ نەوژین باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ کارەکەی کرد و وتی: "کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت،خۆشەویستیم بۆ کارەکەم وایکردوە سەرەرای سەختیەکان بەردەوامبم، چونکە پێموایە لێرەوە دەتوانم خزمەت بکەم و یارمەتی کچە خوێندکارەکان بدەم".
٤٢٠٠ خوێندکار لە زانکۆی هەڵەبجەدا دەخوێنن، لەم ژمارەیە ١٠٨٥ خوێندکار لە بەشە ناوخۆیەکان دەمیننەوە، ٧٠٠ خوێندکار لە بەشەناوخۆی کچان و ٣٨٥ خوێندکاریش لە بەشەناوخۆی کوڕان، سەرەڕای زۆری ژمارەی خویندکارە کچەکان، بەڵام شێوە بەبێ کێشە کاری هەمو کچە خوێندکارەکان بەرێوەدەبات.
شێوە محەمەد، بەرێوبەری بەشە ناوخۆی کچانی زانکۆی هەڵەبجە
دەربارەی کارەکانی شێوە، د. مهاباد كامل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، بۆ نهوژین دەڵێت: لەو ماوەیەی کە لەگەڵ مندا کاردەکات کارەکانی خۆی بەو پەڕی بەرپرسیارێتیەوە جێبەجێ دەکات، خوێندکارانیش زۆرجار وەکو کەسێکی نزیکی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
هەشت ساڵی کارکردنی شێوە وەکو بەرێوبەری بەشەناوخۆیی کچان بێ ئاستەنگ نەبوە، ئەو دەڵێت: منیش وەکو هەر ژنێکی دیکە کە کاردەکات رۆژانە ئاستەنگ دێتە پێشم، بەڵام حەزم بۆ کارەکەم وایکردوە بەردەوامبم.
بەگشتی خوێندکاران لە کارەکانی شێوە رازین، پێیانوایە هەرچەندە هەندێک کات لێیان نیگهران دەبێت، بەڵام ئەمە لەسودی خۆیاندایە.
راشان حەمەئەمین، خوێندکاری قۆناغی یەکەمە و لە بەشەناوخۆی دەمێنێتەوە، دەڵێت: "وەک قۆناغی یەکەم توندە لەگەڵمان لەچاو قۆناغەکانی دیکە، بەڵام زۆر گرنگیمان پێدەدات، پێموایە ئەم توندیەی لە بەرژەوەندی ئێمەیە".
سهرۆكى زانكۆی ههڵهبجه لهكاتى خهڵاتكردنى شێوه محهمهد دا
سەردەشت رەئوف، خوێندکاری بەشی ڕاگەیاندنە و لە قۆناغی دوەمدایە، هەمان رای راشانی هەیە، دەڵێت: "شێوە خان هەمو کات بەدەم خوێندکارانەوەیە، هەندێک کات توندە ئەویش لە بەرژەوەندی ئێمەیە".
"ئەو نمونەیە بۆ کچانی تر"، کچە خوێندکارێکی دیکەی بەشەناوخۆیی زانکۆی هەڵەبجە وهها پهسنى شێوه دهكات.
پەیڤین فارس، وتیشی: "لە زۆر روەوە دەتوانین وەکو نمونەی ژنی سەرکەوتوو ناوی بێنین،ئەو نمونەیە بۆ کچانی تر تاکو ئەزمونی لێوەربگرن".