رێژه‌ى ژنانى رۆژنامه‌نوس له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زیادی كردوه‌

2022/04/23    998 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
لە 124 هه‌مین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا رادیۆی دەنگی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامی راپرسیەکی سەبارەت بە رێژەی به‌شداری ژنان له‌ نێو ده‌زگا میدیایه‌كان و ئه‌و توندوتیژیانه‌ی روبه‌ڕوی ژنانی میدیاكار لە پارێزگاکە ده‌بێته‌وه‌، راگەیاند.
 
رەنگین سەلام، سەرپەرشتیارى راپرسیەکە بە نەوژینی راگەیاند: ئەو ئامارانەى کە ئاماده‌مان كردون، دو بەشن: بەشێکى بۆ دەزگا میدیایەکانى سنورى پارێزگاکەیە، بەشەکەی دیکەش تایبەتە بە ئاستى بەشدارى ژنان لە دەزگا راگەیاندنەکانی سنورەکە.
 
لە راپرسیەکەدا 7 دامەزراوەی میدیایی لە (رادیۆ، تەلەفزیۆنى ناوخۆیى، وێب  تیڤی)، لەگەڵ 22 ژنە رۆژنامەنوسی پارێزگای هەڵەبجە بەشداربون.
 
ره‌نگین سه‌لام، له‌كاتى خستنه‌ڕوى ده‌ره‌نجامى راپرسیه‌كه‌یان
 
 
بەشێک لە راپرسیەکە تایبەت بو بە جیاوازی رێژەی كاركردنی ژنان لە نێوان رابردو و ئیستادا، واتا لە نێوان ساڵی 1996 کە یەکەمین دەزگای راگەیاندن لە سنورەکە کرایەوە تاکو ساڵی 2021.
 
رەنگین سەلام، دەربارەی ئەنجامی بەراوردکردنەکە وتی: "بەپێى بەراوردەکە بەشداریکردنى ژنان لە دەزگاکانى راگەیاندندا زیادى کردوە، ئەمەش جێگەى دڵخۆشیە".
 
لە بارەى هەبونى توندوتیژیش بەرامبەر به‌ ژنانى رۆژنامەنوس، سەرپەرشتیارى راپرسیەکە وتی: "توندوتیژى هەیە، بەڵام تەحەڕوش کەمە، توندوتیژیەکانیش بە جۆرى جەستەیى زۆر کەمە، بەڵام توندوتیژى زارەکى و دەرونى زۆر زۆرە".
 
بەپێی ئامارەکان 30 ژن لەناو دەزگا راگەیاندنەکانی هەڵەبجەدا کاردەکەن، بەپلەی یەکەم وەکو پێشکەشکاری بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان دەردەکەون و پێشکەشکردنی بەرنامەی سیاسیش لە پلەی دوەمدایە، هەروەک بەپێى وەڵامەکانیان بۆ راپرسیەکە دەرکەوتوە کە زۆرینەیان بەرنامە و کارەکانیان بۆ دیارى دەکرێت نەک ئەوەى بە دڵى خۆیان بێت.
 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,687     ژمارەی میوان 12

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە