* نهوژین، شنۆ نوری
لە قەزای کەلار ژنێک دەست بۆ کارێکی جیاواز دەبات، ئهو هاوشێوەی زۆر ژنی دیکەی شارەکە خولی فێرکاری بەرگدوری دەکاتەوە، بەڵام جیاواز لەوان خولی فێرکاری دورینی جلی ژنان بۆ پیاوان دەکاتەوە.
سیڤەر رەشید، 27 ساڵ، دانیشتوی قەزای کەلار، ماوەی ساڵێکە سەنتەرێکی بەرگدوری کردوهتەوە، لەم رێگەیەوە هەم بژێوی ژیانی خۆی دابیندەکات هەمیش هەلی کاری بۆ چەندین گەنجی شارەکە رەخساندوە.
سیڤەر بۆ نەوژین دەربارەکەی کارەکەی دوا و وتی: "زیاتر لە 10 ساڵە کاری بەرگدوری دەکەم، سەرەتا لەماڵەوە دەستم پێکرد، دواتر دوکانێکی بەرگدوری و فرۆشتنی قوماشم کردەوە،پاشان حەز و خولیام بۆ کارەکەم وایکرد کارەکەم بەرەو پێشتر ببەم و سەنتەرێکی تایبەت بە بەرگدوری بکەمەوە".
جیاواز لەسەنتەرەکانی تری شارەکە، سیڤەر وەکو یەکەم ژن لە کەلاردا لە سەنتەرەکەی مانگانە خولی تایبەت بە فێربونی بەرگدوری بۆ ژنان و پیاوانیش دەکاتەوە.
بەشداری پێکردنی پیاوان لە خولەکانیدا، ههروا ئاسان بهسهر سیڤەر دا تێنهپهڕیوه، بهڵكو ئهوى روبهڕوى رەخنە کردوهتەوە.
دەڵێت: لەلایەن دەوروبەرەکەمەوە روبەڕوی رەخنەی جیاواز بومەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی پیاوان لەسەنتەرەکەمدا، وتیان سەنتەرەکەت تایبەتە بە جلی ژنانه و نابێت پیاوان بەشداری پێبکەیت، بەڵام من گوێم بە رەخنەکان نەدا و بەردەوامم.
لەناو سەنتەرەکەی سیڤەردا 9 کەس کاردەکەن، جگە لەمەش ئەو فێرخوازانەی کە بەشداری خولەکانی سەنتەرەکەی دەکەن، بەزۆری دوای خولەکە دەبن بە خاوەن کاری خۆیان.
راڤیار محەمەد، دوای بینینی خولێکی یەک مانگی لە سەنتەرەکەی سیڤەر ئێستا بوە بە خاوەن کاری خۆی. بۆ نهوژین وتى: بەرگدوری خەونی مناڵیم بو، لەدوای بینینی خولی فێرکاری لە سەنتەرەکەی خاتو سیڤەر، گەشتم بەخەونەکەم و ئێستا کاری بەرگدوری دەکەم.
سیڤەر، لە ماوەی ساڵێکى تهمهنى سهنتهرهكهى دا، 10 خولی فێرکاری بەرگدوری بۆ فێرخوازان بەشێوەی پراکتیکی و تیۆری بە سێ ئاستی جیاواز کردوهتەوە. خهونیشی ئهوهیه كه پهرهى زیاتر به كارهكهى بدات و كهسانى زیاتر لێی سودمهند بن.