له‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ بۆ وه‌رزش

2022/04/03    1286 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، له‌یلا ئه‌حمه‌د
 
ئاواره‌یی نه‌یتوانیوە خه‌ونى بون بە یاریزانی کچە ئێزیدیەکان لە کەمپی (باجد کەندالا) لەناوبەرێت، ئەوان ماوەی شەش ساڵە تیپێکی تۆپی پێیان دروستکردوە و بەشداری خولەکانی کوردستان و عێراق دەکەن، چاویشیان له‌ بردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى و به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌.
 
تیپی کچانی نێو كه‌مپی (باجد كه‌ندالا)ـی ئاواره‌ ئێزید‌یه‌كان له‌ قه‌زاى زاخۆ له (8/3/2016)‌ به‌ناوى "روشی" دامه‌زرا‌وە، تیپەکە لە سەرەتادا تەنها لە 12 کچە یاریزان پێکده‌هات، بەڵام دواتر خواستی کچان بۆ بون بە یاریزان زۆردەبێت و کچانێکی زۆر پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکەن، لە ئێستاشدا تیپەکە 26 یاریزانی هه‌یه‌.
 
نه‌سرین محێدین عه‌لى، 22 ساڵ، ماوەی شەش ساڵە یاریزانی یاری تۆپی پێیە و ئێستاش کاپتنی یانەی روشیە، بۆ نەوژین باسی لە سەرەتاکانی دروستبونی یانەکەیان کرد و وتی: "بیرۆکەی دروستکردنی تیپی کچان بۆ کەمپەکە هی من بو، سەرەتا بیرۆکەکەم بۆ ته‌واوى كچ و خێزانه‌كان باسكرد،ئەوانیش هاوكار و پاڵپشتم بون، دواتریش رێكخراوه‌كان هاوكاریانكردین و پێکەوە تیپەکەمان دروستکرد".
 
 
 
کاپتنی تیپی کچانی روشی ئێزیدی جگە لە راهێنان و وه‌رزش، رێنمایی و ئامۆژگارى دەرونیش دەدات بە کچە یاریزانەکان تاکو بتوانن به‌سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تى و تێكچونى دەرونیانەی چه‌كدارانى داعش بەسه‌ری هێناون،‌ زاڵبن.
 
دەڵێت: "هه‌فتانە دوجار راهێنان و وه‌رزش دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا من رێنمایی و هۆشیارى به‌ كچه‌ یاریزانەکان و خێزانه‌كانیان ده‌ده‌م تاکو بتوانن به‌هێزبن و بڕوایان به‌خۆیان هه‌بێت ".
 
لە رێكه‌وتى 3ـى ئابی 2014، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هێرشیان کردە سەر ناوچە ئێزیدی نشینەکانی شەنگال، بەهۆی ئەمەش به‌شێكى خه‌ڵكه‌كه‌ى بون به‌ قوربانى و به‌شێكى دیكه‌یان ئاوارە بون، بەشێک لە ئاوارانه‌ش له‌ كه‌مپی "باجد كه‌ندالا"ى قه‌زاى زاخۆ نیشته‌جێ كران و تاکو ئێستاش هەر لەوێ ماونەتەوە.
 
 
 
راهێنەری تیپی كچه‌ یاریزانه‌كان، خالد قاسم، بۆ نەوژین باسی لە دۆخی پێشوی کچە یاریزانەکان کرد و وتی: "له‌ سه‌ره‌تایی ئاواره‌بونماندا توشى ئازار و خراپی بارى ده‌رونی زۆر بوین، به‌تایبه‌ت كچه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ كه‌مپه‌كه‌ هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ بون، چونه‌ده‌ره‌وه‌ و كاركردن له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا بۆ كچه‌كان قورسبو، بۆیه‌ بیرۆکەی دامه‌زراندنى تیپێک بۆ یاری تۆپی پێ باشترین چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ده‌رونى و خۆ پێگه‌یاندنى كچه‌كان بو".
 
تیپەکە‌ ئامانجی گەورەی هەیە، وەکو به‌ده‌ستهێنانى نازناو و بون به‌ پاڵه‌وانی خولەکانی یاری تۆپی پێی لە هه‌رێمى كوردستان و عێراق، هەروەک له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى ئاماده‌كارین بۆ به‌شداریكردنیان له‌ پێشبڕكێی یارى تۆپی پێ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م مانگه‌ ‌له‌ پارێزگاى دهۆك به‌ڕێوه‌ بچێت.
 
نەسرین محێدین، دەڵێت: "له‌ نێو ئازاره‌كاندا گه‌وره‌ بوین، بەڵام ئاواره‌یی نه‌یتوانیوە خه‌ونى مناڵیمان بۆ بون به ‌یاریزان له‌بار به‌رێت، ئێمە یه‌كه‌م تیپی كچە یاریزانى ئێزیدین له‌عێراقدا و خەونمان بردنەوەی نازناو و رکابەری کردنە".
 
 
 
لە پێشوتردا هەر کچێک بیویستبایه‌ دەیتوانی پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات، بەڵام ئێستا بە گەورەبونی تیپەکە، مەرج دانراوە، دەبێت کچەکە دانیشتوی ناو کەمپەکە بێت و توانای هه‌بێت و کێشی گونجاو بێت بۆ یاریکردن.
 
هەیفا هادی، 22 ساڵ، یەکێکیترە لە یاریزانەکانی تیپی روشی، ئەو ماوەی شەش ساڵە یاریزانی تۆپی پێیە، بۆ نەوژین وتی: "له‌مناڵیه‌وه‌ شاره‌زاییم بوه‌ و حه‌زم لێبوه‌ ببمه‌ یاریزان، ئامانجمان زیاتر گەورەکردنی تیپەکەیە و دەمەوێت له‌ ئاینده‌دا ببمه‌ یارێزانێكى باش و هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنێم وه‌ك یاریزانانى وڵاتانى تر".
 
 
 


Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,139,535     ژمارەی میوان 3901

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە