* نهوژین
شەوی یەکشەمه ژنێک لە نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەیەکی شاری پزیشکان لە سلێمانی کەوتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. پۆلیش دەڵێت هاوسەرەکەی بە بڕیاری دادوهر بەندکراوە.
نەقیب: سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بۆ نەوژین دەڵێت: پاش ئەوەی هەواڵ دراوە بە پۆلیس کە ئافرەتێک لەباڵەخانەیەکی پرۆژهى نیشتهجێبونى شاری پزیشكان له سلێمانى کەوتوەتە خوارەوە، بنکەی پۆلیس و تیمی بەڵگە و تاوان چونهتە شوێنی روداوەکە و ئەوەی لەشوێنی روداوەکە بوه خراوەتە بەردەمی دادوەر.
وتیشی: لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی لەماڵ بوە دادوەر هاوسەرەکەی بەند کردوە بە مادهى ( 408)ـى یاسای سزادانى عێراقی وەکو هاندەر بۆ خۆکوشتن.
وتهبێژهكهى پۆلیس رونیكردهوه: ژنهكه ناوی (ل. ک)ـه و لە دایکبوی 1998ـه، باوكى ژنهكهش سکاڵای لەسەر هاوسەری کچەکەی هەیە، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.
مادەی 408 له یاسای سزادانى عێراقی، تایبهته بهوهى هەرکەسێک یەکێکی هاندابێت لەسەر خۆ کوشتن یان بە هەر رێگایەک یارمەتی دابێت لەسەر خۆ کوشتن، ئهوا سزا دهدرێت به بەندکردن کە ماوهكهى له 7 ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر خۆکوشتن بەپێی ئەو کارەی ئەو روبدات.