* نهوژین، سومەیە ساڵح
لە ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان هیچ ئەندامێکی ژن بونی نیە، دەزگاکە نە پشت بە رێژەی کۆتا دەبەستێت نە ئەندامەکانیشی ئامادەن دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بۆ بون بە ئەندامی ئەنجومەن بدەن.
لەم خولەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە کۆی هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا و سەرۆکی سەندیکا و سەرۆک و ئەندامانی لقەکان و نوسینگەکان، هیچ ژنە پارێزەرێک بونی نیە، ژنە پارێزەرێکیش هۆکارەکای دەگەڕێنێتەوە بۆ حزبەکان.
پارێزەر: وەهبیە زرار ئەسعەد، بۆ نەوژین باسی لە هۆکارەکانی نەبونی ژن لە سەندیکاى پارێزهران دا کرد و وتی: "هۆکاری نەبونی ژن لە سەندیکای پارێزەران کەمی توانای ژنان نیە، بەڵکو جیاکاری رەگەزیە، حزبەکان بە قسە ئەڵێن لەگەڵ یەکسانی جێندەریدان، بەڵام لە راستیدا هێشتا بڕوایان بە توانای ژنان نیە".
دیمهنێك له كۆنگرهى شهشهمى سهندیكای پارێزهران، 2019 فۆتۆ: پهیجی فهیسبوكى سهندیكای پارێزهران
لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و زۆرێک لە حزبەکان پشت بە سیستهمى کۆتا دەبەستن بۆ جێبەجێ کردنی یەکسانی جێندەری، بەڵام هیچ سیستهمێكى لهمشێوهیه نیە تاکو رێکخراو و دەزگاکانی دیکە ناچار بکات بە راگرتنى ئهم هاوسهنگیه جێندهرییه.
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بۆ نەوژین باسی لە هۆکاری نەبونی رێژەی کۆتا کرد و وتی: "ئێمە بە دانانی ریژەی کۆتا رازین، بەڵام دانانی رێژەی کۆتا بە دەستی سەندیکا نیە، بەڵکو دەبێت لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت".
دیاریکردنی ئەندام بۆ ئەنجومەنی سەندیکا کە بریتین لە ١٠ ئەندام، لە رێگەی کۆنگرەوە دەبێت، سەرەتا کۆنگرە دەرگای خۆپاڵاوتن دەکاتەوە بۆ حزبەکان تاکو بە لیست کاندیدی خۆیان دیاری بکەن، پاشان لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێن.

بهشداریی ژنه پارێزهرێك له دهنگدانى كۆنگرهى شهشهمى سهندیكاى پارێزهران، 2019 فۆتۆ: پهیجی فهیسبوكى سهندیكای پارێزهران
بەختیار حەیدەر، شێوازی زیادکردنی ئەندام بە هۆکاری نەبونی ژن لە سەندیکادا دەبینێت و دەڵێت: "دانانی ئەندام بە هەڵبژاردنە، کاندیدە ژنەکان نەیان توانیوە دەنگی پێویست بە دەست بهێنن، بۆیە ئەندام نین".
لە بەرامبەردا پارێزەر گەزەنگ سەلام کەریم، دەڵێت:"حزبەکان گرنگی بە رێژەی ژن لە ناو سەندیکادا نادەن، بە هەمویانەوە تەنها یەک ژن کاندید دەکەن، ئەمەش وادەکان رێژەی ژن کەم بێت یاخود هەر نەبێت".
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە ساڵی 1993ـهوه دامەزراوە، هەمو سێ ساڵ جارێک کۆنگرە دەبەستێت، لەئێستادا نزیکهی 13 هەزار ئەندامی هەیە کە بەسەر پینج لقدا دابەشبون کە بریتین لە: (هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دهۆک و هەڵەبجە).