* نەوژین، پەرژین کامەران
شیرین شەعبان و رەمزیە شەعبان، خوشک نین، حەزی زۆریان بۆ کاری کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە، کردونی بە ھاوبەش و وەکو یەکەم ژن لە دھۆک، دەبنە خاوەنی نوسینگەی خۆیان.
بۆیەکەمجار لەشاری دهۆک، دو ژن دەست بەکاری کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە دەکەن، ئەوان ماوەی هەشت ساڵە بەشێوەی پچڕپچڕ ئەم کارە دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بە کردەیی دەستیان پێکرد و نوسینگەیەکیان کردوەتەوە.
شیرین شەعبان، بۆ نەوژین دەڵێت: "زۆر دڵم بە ئیشەکەم خۆشە، چونکە حەزم پێیەتی، هەمیشە ئەم کارەم لەبیردابو دەستی پێبکەم، هەربۆیە لەگەڵ رەمزیە کە خەسوی کوڕەکەمە و ئەویش حەزی بە کارەکە بو و ئەزمونی تیایدا هەبو، بڕیارماندا دەست بە ئیشەکە بکەین".
ئەم دو ژنە هاوبەشە دەڵێن: روبەڕوی کێشەو گرفت نەبوینەتەوە، بەڵکو بوینەتە جێگەی رەزامەندی و دەستخۆشی سەردانیکەرانمان، بەتایبەتیش ژنان.
رەمزیە، وتی: لەماوەی چەند ساڵی کارکردنمان هیچ گرفتێک نەهاتوەتەپێش بەهۆی کارەکەمانەوە، بەڵکو ئەو کەسانەی بەمەبەستی کڕین و فرۆشتن رومان لێدەکەن، دەستخۆشی زۆرمان لێدەکەن و کاری کڕین و فرۆشتنی زۆرمان بۆ هاتوە.
ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئەم دو ژنەدا دەکەن، لە ھەردو رەگەزن.
"ھەردو رەگەز دێنە لای ئێمە و
وەکو یەک رێزیان دەگرین"
شیرین، دەڵێت: ھەردو رەگەز دێنە لای ئێمە و وەکو یەک رێزیان دەگرین، ژنانیش کە دێنە لای ئێمە بۆ مامەڵەکانیان زۆر دڵخۆش و رەزامەندن بە کارەکەمان.
بەپێی ئامارەکانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای دهۆک، ٢٧٠٥ کەس لە پارێزگاکە خاوەن مۆڵەتی نوسینگەی خانوبەرەن.
ئەیاد حەسەن عەبدولحەلیم، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک، بۆ نەوژین وتی: (٢٧٠٥) کەس لە شاری دهۆک بە سەرجەم قەزاو ناحیەکانی دەوربەریەوە خاوەن مۆڵەتی نوسینگەی خانوبەرەن، لەو ژمارەیەش جگە لەو دو ژنە هاوبەشە، ئەوانی تر سەرجەمیان پیاون.
شیرین و رەمزیە، دڵخۆشن بەو ھەنگاوە دانسقەیەی کە ناویانە، ئەوەشی زیاتر مکوڕی کردون لەسەر کارەکەیان، پشتیوانی خێزانەکانیانە.