مەترسیدارترین پارێزگای عێراق لە مین پاکدەکەنەوە دەڵێن"پێیان وتین عیبە ئافرەت ئەم کارەبکات"

2022/01/23    1141 جار بینراوە
 
* نەوژین - لەیلا ئەحمەد
 
کاتژمێر شەشی سەرلەبەیانیە لە یەکێک لە کێڵگەکانی مین لە پارێزگای بەسڕە لە عێراق (١٤) ئافرەت خەریکی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنین لە روبەری هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشە کە پاشماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقە، ئەمەش دەبێتە دەستپیکێکی نوێ بۆ ژنانی عێراق کە کاری هەڵگرتنەوەو پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی بکەن، ئەوان چه‌ندین شوێنیان له‌ مین پاككردوه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌رده‌وام بن له‌هه‌ر شوێنێكى عێراق پێویست بكات له‌وێبن كێڵگه‌ مینه‌كان پاكبكه‌نه‌وه‌ لەکاتێکدا هێشتا کۆمەڵگاکەیان پێیان دەڵێت” ئەم کارە بۆ ژن عەیبە“.
 
بۆ ئه‌وه‌ى هند ببێته‌ مین هه‌ڵگره‌وه‌یه‌كى باش و شاره‌زا ده‌بو لایەنیكه‌م خولى به‌رده‌وام و هۆشیارى له‌ سه‌ر مین و ته‌قه‌مه‌نى هڵگرتنه‌وه‌ ببینێت، ئه‌مه‌ش به‌لاى كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ قه‌بوڵنه‌بو پێیان وتوە ”هیچ كچێك له‌م كاره‌ى نه‌كردوه‌ و مه‌ترسیداره‌ و كارى پیاوانه‌“.
 
هند على، كچێكى دانیشتوى پارێزگاى به‌سڕه‌یه‌ و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ سه‌رقاڵى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مینه‌، بۆ (نه‌وژین) وتى: سه‌ره‌تا ده‌ستم به‌م كاره‌كرد زۆر قورسبو بۆم یه‌كه‌م كچ بوین له‌عێراق، ببین به‌ مین هه‌ڵگره‌وه‌، بۆیه‌ خێزانه‌كه‌م ده‌ترسان مینمان پێدا بته‌قێته‌وه‌ و به‌ ئابڕو چونیشیان ده‌زانى ئه‌م كاره‌ بكه‌م، به‌ڵام سوربونم له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ و پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى بۆ من ئه‌وه‌ بو كه‌ ئاواتم بو ببم به‌ مین هڵگره‌وه‌یه‌كى شاره‌زا و مرۆڤ دۆستانه‌ سنوره‌كان پاكبكه‌مه‌وه‌ و هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسی مین  و ته‌قه‌مەنى رزگار بكه‌م.
 
بەپێ ئامارە فەرمیەکانی حکومەتی عێراق، ئەو کەسانەی کەبەهۆی مین و تەقەمەنیەوە گیانیان لەدەستداوە یان دەست و قچیان بڕاوەتەوەو کەم ئەندام بون لە نێوان (٨٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار)کەس دەبن.  هەروەک بەسڕە مەترسیدارترین پارێزیە لەعێراق کەزۆرترین مینی تێیدایە، بەهۆی ئەو شەڕ و ململانێیانەی تێدا رویدا، بە روبەری (٨٨٣) ملیون مەتر چوارگۆشە ئەڵغامی تێدایە کە پاشماوەی شەڕی نێوان وڵاتی عێراق و ئێرانە، ئەمە وایكردوه‌ هاوڵاتیان نه‌توانن له‌و ناوچانه‌ بژێن كه‌ مینی تێدایه‌ و لەگەڵ ئەوەشدا نه‌بونى هۆشیارى خه‌ڵك له‌سه‌ر مین و ته‌قه‌مه‌نى پاشماوه‌كان زیاتر هۆکارە بۆ بون بە قوربانی.
 
کارکردنی ژنان لەم بوارەدا لە کاتێکدایە پارێزگاى به‌سڕه‌ هه‌لى كارى كه‌مه‌، زۆرێك له‌ كچان ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكانن و بێكارن و دانه‌مەزراون, له‌به‌ر په‌یداكردنى كار و بون به‌شاره‌زایه‌كى باش له‌ مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ رخساندنى هه‌لى كار له‌ رێكخراوى به‌سڕه‌ له‌مین پاك ده‌كه‌ینه‌وه‌یان به‌ ده‌ستهێنا و كچان بون به‌ ڕاهێنه‌رى خولى هۆشیارى تایبه‌ت به‌ مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ و شاره‌زاى مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌.
 
به‌ڵام پێده‌چێت كێشه‌كه‌ ته‌نیا هه‌لى كار له‌ رێكخراوى مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ نه‌بێت, چونكه‌ له‌ پارێزگاى به‌سڕه‌ كه‌ هه‌مو خێزانه‌كان هه‌مان بڕیاریان بۆ كچه‌كانیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێكخراوى به‌سڕه‌ى مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ دانه‌مه‌زرێن, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرێَك له‌ كوڕه‌كانى پارێزگاكه‌ به‌ ئۆتۆمبیل  ده‌یان كیلۆمه‌تر  رێگاى خۆڵ و قیرتاو ده‌بڕن و خۆیان ده‌گه‌یەننە رێكخراوه‌كه‌ و به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى.
 
"سەرتا کە مین وتەقەمەنیەکانم بینی زۆر ترسام"
 
هودا خالد، كه‌ خانمە شاره‌زایه‌كى مین هه‌ڵگره‌وەیە لە بەسڕە هەروەک راهێنه‌رى خوله‌كانى بوارى مین و ته‌قه‌مه‌نیە باسلەوەدەکات کە چۆن سەرتا خێزانکەی رێگری بون بە عەیبەیان زانیوە کچەکەیان ئەم کارەبکات تەنانەت لە دەروەی ماڵیش روبەڕوی توانج بۆتەوە سەرەڕای مەترسی کارەکەی.
 
ئەو بۆ نەوژین وتی :سەراتا کە مین و تەقەمەنیەکانم بینی زۆر سەخت بو بەلامەوە سه‌ربارى ئه‌وه‌ى خێزانه‌كه‌م رازینه‌بون من ئەم کارەبکەم چونكه‌ هیچ ئافره‌تێك لە شارەکە ئەم  کارەی نەکردبو بۆ پیاوان به‌بشیان ده‌زانى، هەربۆیە رۆژانه‌ لەگەڵ کچەکانی دیکە روبه‌ڕوى كێشه‌و قسه‌ی نه‌شیاو ده‌بوینه‌وه‌ و گاڵته‌یان پێده‌كردین و ده‌یان وت ناتوانن ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر زو خۆشه‌ویستیم بۆ كاره‌كه‌ په‌یداكرد و هه‌وڵى زۆرم ده‌دا تا ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌م تێپه‌ڕاند و ئێستا راهێنه‌رى هۆشیاریدانم له‌سه‌ر مه‌ترسی و چۆنیه‌تى هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى مین بۆ ئه‌ندامه‌ كچه‌كانمان.
 
لەگەڵ وەوەشدا هودا، خەونی ئەوەیە وڵاته‌كه‌ی له‌ مه‌ترسی مین پاكبكه‌مه‌وه‌ و چیتر خه‌ڵك توشى قوربانى و كه‌م ئه‌ندامى نه‌بێت.
 
"ئامانجمان بو ژنان هاوشانی پیاوان خزمەتی وڵات بکەن"
 
رێکخرای بەسڕە بۆ لابردنی مین لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە دامەزراوە، تایبه‌ته‌ به‌ هڵگرتنه‌وه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى پاشماوه‌كانى جه‌نگ، هەلی کار تێیدا  بێ جیاوازى رەگەزییە لە ئێستادا دو گروپی ئافره‌تانی هەیە گروپی یه‌كه‌م تایبه‌تن به‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى مین و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ى (١٤) ئافرەت بەڕێوەی دەبەن‌ گروپی دوه‌م له‌ دو ئافره‌ت پێكهاتوه‌ كه‌ خولى هۆشیارى دان له‌سه‌ر مه‌ترسی مین و پاشماوه‌كانى جه‌نگه‌ دەڵێنەوە.
 
وەلید خالد، بەڕێوبەری رێکخراوەکە بۆ نەوژین باسی لە هۆکاری هێنانە پێشەوەی ژنان کرد لە کاری هەڵگرتنەوەو پوچەڵکردنەوەی مین لە پارێزگاکەو وتی: هه‌ڵبژاردنى خانمان له‌م پیشه‌یه‌ى مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ بۆ دو مه‌به‌ست ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كه‌م رخساندنى هه‌لى كار له‌ به‌سڕه‌ بۆ ئافره‌تان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش بتوانن بژێویان دابین بكه‌ن، دوه‌م ئامانجمان ئه‌وه‌ بو ئافره‌تیش وه‌ك پیاوان به‌شدارى خزمه‌تكردنى وڵات بكه‌ن.
 
ئەو وتیشی: ئافره‌ته‌كان  زۆربه‌یان دایکن له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنیان له‌پیشه‌كه‌ قورسبو و ده‌ترسان، به‌ڵام ئێستا به‌ته‌حداوه‌ شان به‌ شانى پیاوان كار ده‌كه‌ن و كێشه‌و گرفتیان نیه‌ له‌ پیشه‌كه‌یاندا، ژنان له‌ كاره‌كانیاندا زیاتر دڵسۆز و تێكۆشه‌رن و به‌رده‌وام له‌ لوتكه‌ى كاره‌كه‌یانن.
 
ئەو خانمانەی کاری مین هەڵگرتنەوە دەکەن لە کاتژمێر (٦:٠٠) سەرلەبەیانیەوە دەست بەکاردەبن بۆ کاتژمێر(١١:٠٠) نیوەڕۆ، ئه‌و شوێنانه‌ له‌ مین پاكدەکەنەوە كه‌ بون به‌كێڵگه‌ى مین و ته‌قه‌مه‌نى، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی کاروباری مین لەعێراق، کۆی ناوچەی پیسبو بە مین و تەقەمەنی لە عێراق بە (٥٩٩٤) کیلۆ مەتر چوار گۆشە مەزەمندە دەکرێت، زۆربەی‌ ئەو مینانە دەکەونە  سنوری رۆژهەڵاتی عێراق  لەو بڕە (٣١٥٩)کیلۆمەتر چوارگۆشەی پاککراوەتەوە  کە دەکاتە (٥٠%).
 
 
 
 


Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,060,672     ژمارەی میوان 4388

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە