٭ نەوژین - بژوێن حەیدەر
لەلایەک تێکەڵکردنی جل و بەرگی کلاسیکی و لەلایەکی دیکەوە خەیاڵکردنی ئەو دیزاینانەی کە لە بازاڕەکاندا بونی نیە چەند کچە کوردێکی کردوە بە داهێنەر لە دیزاینی جل بەرگ بەشێوەیەک یەکێک لەو کچە دیزاینەرانە ئەو پارچە قوماشانە تێکەڵکێشی دیزاینەکانی دەکات کە چیدیکە بەکارناهێندرێت بەمەش دوبارە بەکارهێنانەوە بۆ جل و بەرگەکان دەکات.
شێوازی کلاسیکی هەڵبژاردوە بۆ دیزاینکردنی جل و بەرگەکان و کارێکی جیاواز دەکات لە دیزاینەرەکانی تر ئەو ئاسیا کامەرانە، دەرچوی بەشی زانستی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی، ئاسیا بیرۆکەی کارەکەی لەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەو جل و بەرگانەی ئەم لە خەیاڵەکانی خواستی لەسەر بوە لە بازاڕەکاندا دەستی نەکەوتوە ئەو دەڵێت: نەمئەتوانی ئەو جۆرە جلانە لە بازاڕ بدۆزمەوە کە ئارەزوی دەکەم بۆیە بڕیارم دا خۆم دروستی بکەم.
پاش ئەوە ئاسیا، برەو بە کارەکەی دەدات وەک خۆی باسیلێوەدەکات لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پێشوازیەکی گەورەی لێدەکرێت بەمەش دەست دەکات بە دیزاینکردنی جل و بەرگ.
بە وێنە دیزاینەکانی ئاسیا کامەران.
لەگەڵ ئەوەشدا کچی دیکە لە بوارەکە کارەکەی کردوە بە براندی تایبەت بە خۆی، ئەو نوقڵە عوسمانە، وەک خۆی باسی دەکات لە منداڵیەوە خەونی ئەوە بوە براند بزنسی تایبەت بە خۆی هەبێت. دەڵێت: ئیشم لەسەر خەونەکانم کرد و پێی گەشتم.
نوقڵە بیرۆکەی دروستکردنی جلەکانی لە سروشت وەرئەگرێت و تێکەڵ بە دیزاینەکانی دەکات و حەزو خوالیای بۆ کارەکەی وای لێکردوە چەندین کەسی دیکە فێربکات ئەو بۆ نەوژین، وتی: ئەمەوێ ئەم کارە بە زۆرترین کەس بگەیەنم لە رێگیای ئەکادیمیاکەم مانگانە چەندین فێرخواز فێردەبن و ئامانجی من بەرەو پێشبردنی فاشیۆن دیزاینە لە کوردستان.
بە وێنە دیزانیەکانی نوقڵە عوسمان
لەگەڵ دیزاینکردندا گرنگی دان بە پرسی ژینگە وایکردوە یەکێک لە کچە دیزاینکەرەکان جل وبەرگی کۆن یان باو نەماو بەکاردەهێنت بە شێوازی نوێ و باو.
جوان ئەبوبەکر، ماوەی چوار ساڵە ئەم کارە دەکات لەبارەی بیرۆکەکەیەوە بۆ نەوژین، وتی: ئەو کاتەی بیرۆکەی کاری فاشن دیزاینەریم لا دروست بو دەمویست بە شتێکی جیاواز دەست پێبکەم ئەویش ریسایکل کردنە.
بە وێنە دیزاینەکانی جوان ئەبوبەکر.
لە کوردستان ناوبەناو نمایشی جلوبەرگ رێکدەخرێت و دوجار هەفتە نمایشی جلوبەرگی کوردستان(کوردستان فاشن ویک)ئەنجامدراوە کە بە رێژەی (٧٠%) ژنان بون، بڕیار وایە ساڵی داهاتوش ئەنجامبدرێت.
دەرباز یونس، خاوەنی پڕۆژەی هەفتە نمایشی جلوبەرگی کوردستان بۆ نەوژین وتی: ساڵی رابردو (٤٠)دیزاینەر بەشداربون و نزیکەی حەفتا لە سەدیان ژن بون. دەشڵێت: دیزانەری ژنی تێدا بوە کە داهێنەربوە و ژنان شتی جیاوازیان بەکارهێناوە و لە باشترین ئاستدا بون
بەمەش ژنان لە بواری دیزاین دەیانەوێت لە داهاتودا جل بەرگی بازاڕەکانی هەرێم لە ناوخۆداو بە دەستی خانمانی کورد خۆیان دیزاینکرابێت.
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە