چەندین کچ و ژن بەهۆی گێچەڵی سێکسی لە شوێنە گشتیەکان سکاڵا تۆماردەکەن

2022/01/06    1551 جار بینراوە
 
* نەوژین - زريان محەمەد
 
گێچەڵپێکردنی سێکسی بە ژنان لە شوێنە گشتیەکان ژنان وکچانی بە دەنگ هێناوە، بەشێوەیەک هەندێک لەو ژنانە دەڵێن "بۆ ئەوەی گێچەڵکاران بوەستێنین روبەڕویان دەبینەوە بە سکاڵاکردن و ئاگەدارکردنەوەی کەس و کارمان" هەرەک بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی گەرمیان لە ساڵی رابردو (١٢) سکاڵای تایبەت بە جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی تۆمارکردوە.
 
کچان و ژنان روبەڕوی دەیان جۆری گێچەڵپێکردنی سێکسی دەبنەوە بە شێوەی دەستلدان، زارەکی، شوێن کەوتن تا گەشتن بە دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ بێدەنگ بونی بەشێکی بەرچاوی ژنان لەم جۆرە توندوتیژیە بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگا، بەڵام بە دەیان کەسیان روبەڕوی ئەم توندوتیژیە دەبنەوە.
 
 
فێنک حەسەن، تەمەن (١٨) ساڵ فێرخوازێکی خوێندنگەیەکی گەرمیانە بۆ نەوژین وتی: "زۆر جار گێچەڵم پێکراوە نەک تەنها بە خۆم بەڵکو بە هاوڕێکانیشم هەمان شتمان روبەڕوبوەتەوە لەلایەن رەگەزی بەرامبەرەوە، بە جۆرێک زۆر جار بە توانج یاخود بە ئاماژەی جەستە ئەوەیانکردوە، بەشێوەیەک کەسێکیان زۆر بێزاری کردم".
 
لەبەرامبەردا فێنک، برایەکی ئاگەدار دەکاتەوە وەک خۆی دەڵێت: ناچاربوم بە براکەم وت کە لەهەمان قوتابخانە لەگەڵم بو بۆ ئەوەی تۆمەتم بۆ دروست نەکەن، کە بڵێن خۆی ئەوەی پێخۆشە بۆیە بێدەنگ بوە، چونکە بە ئاشکرا گێچەڵی پێدەکردم، دواتر براکەم پێی وتبو کە لە من نزیک نەبێتەوە خراپ دەبێت هەر بۆیە وازی لێ هێنام.
 
 
لە شوێنی کارکردنیش بە هەمان شێوە کچان روبەڕوی گێچەڵپێکردن دەبنەوە. جینان، ناوی خوازراوی کچێکی دانیشتوی کەلارە بۆ نەوژین، باسی لەوەکرد کە چۆن لە لایەن کڕیارەکانەوە روبەڕوی گێچەڵپێکردن دەبێتەوە. ئەو وتی: "زۆر جار گێچەڵم پێدەکرێت لەلایەن کڕیارەکانەوە، بە جۆرێک وام لێهاتوە لە بری دو چاو دەبێت چوارمان هەبێت، یاخود ناچارم لەو شوێنە دوربکەومەو لەگەڵ ئەوەشدا جارێک بۆ ماڵەوە گەڕامەوە زۆر ماندوی کاربوم، لە پشتەوە زلەیەکم پێدا کێشرا راچەڵەکیم، کە ئاوڕم دایەوە کوڕێک بو بەسەر پاسکیلێکەوە بەخێرای رۆشت".
 
 
بەپێی یاسای کاری عێراقی ژمارە (٣٧) ساڵی (٢٠١٥) پێناسەی گێچەڵی سێکسی دەکات بەوەی بریتیە لە هەر هەڵسوکەوتێکی جەستەیی یان زارەکی کە سروشتێکی سێکسی هەبێت، کە کار لە کەرامەتی ئافرەتان و پیاوانیش بکات.
 
 
لەمیعە محەمەد، بەڕێوبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەی لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، سەبارەت بە کەیسەکانی گێچەڵی سێکسی بە کچان و ژنان لە شوێنە گشتیەکاندا بۆ نەوژین وتی: کەیسی لەو شێوەیە هاتۆتە لامان هەر دو رەگەز روبەروی یەکتر کراونەتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی دراوە بە شێوەیەک مامەڵەمان لەگەڵ کردوە کێشەکە بڵاونەبێتەوە، کەیسمان هەبوە نەگەشتوەتە چارەسەر و ئاراستەی دادگا کراوە.
 
 
گێچەڵپێکردن لە شوینە گشتیەکان بەشێوەیەکە تەمین عەزیز، تەمەن (٦٥) ساڵ بۆ نەوژین وتی: "رۆژێکیان رۆشتمە بازاڕ بۆ کڕینی پێداویستیەکانی رۆژانەمان، بێ ئاگابوم لە خۆم، ئەوەنەم زانی دەستێک بەر لاشەم کەوت، خراپ راچەڵەکیم کە ئاوڕم دایەوە پیاوێکی بەتەمەن بو، پێم وت ئەوە شورەی نیە کە تۆ دەیکەی کوڕەکەم لە تەمەنی تۆیە و بەجێم هێشت، ناچارنەبم نارۆمە بازاڕ چونکە لەبەر چاوم کەوتوە".
 
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ماوەی یانزە مانگی ساڵی (٢٠٢١) دا (١٢)سکاڵای تایبەت تۆمار کراوە لەسەر گیچەڵ پێکردن.
 
 
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بۆ نەوژین وتی: ”لە ماوەی یانزە مانگی ئەمساڵدا ١٢ سکاڵا لەسەر گێچەڵپێکردن بە هەمو جۆروکانیەوە تۆمارکراوە، ئەو کەسانەی کە گێچەڵیان کردوە دراونەتە دادگا و روبەڕوی یاسا کراونەتەوە هەمانە سزای بەندکردن دراوە هەشمانە سزای مادی دراوە لەسەر ئەو بابەتە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,545     ژمارەی میوان 1006

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە