نوسەرانی ژن لە چالاکیە ئەدەبیەکاندا کەمینەن

2022/01/06    1314 جار بینراوە
 
* نەوژین – هاوناز ساڵح
 
لەسەر ستەیجی چالاکی و فستیڤاڵە ئەدەبیەکان ژنان بە ژمارەیەکی کەم دەبینرێن، ئەمەش نیگەرانی لای بەشێک لە نوسەران دروستکردوە لەگەڵ ئەوەشدا ژنە نوسەرێک دەڵێت: "ئیتر ژن لەوە تێگەیشت خۆی دەبێت شۆڕشی خۆی بکات".
 
لە کۆتا چالاکی ئەدەبی ساڵی رابردودا لە (٢٦/١٢/٢٠٢١)  کە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەبی بو لە سلێمانیدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی  بەرێوەچولەژێر ناونیشانی (رێژنە بارانی وشە لە یادەوەری دونیادا دەمانژێنێتەوە) لەکۆی (٢٦)نوسەی بەژداربو تەنها (٦) نوسەری ژن بون.
 
"پشتیوانی بۆ نوسەرانی ژن وەک پێویست نیە"
 
خانمە شاعیر دیاری فەرەیدون، یەکێک بو لە ئامادەبوانی فیستیڤاڵەکە بۆ نەوژین وتی: "ئەنجامدانی فستیڤاڵ کارێکی گرنگ و گەورەیە، بەڵام رێژەی بەشداری ژنان نەک باڵانس نەبوە بەڵکو بە کۆتاش ناگات بەو ئاستە". لە بارەی هۆکارەکەشیەوە وتی: " کۆمەڵگا بەربەستی ژنن، لەگەڵ ئەوەشدا رێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە بەدەمەوەچونیان بۆ نوسەرانی ژن وەک پێویست نیە".
 
هەروەک بەیان ئیبراهیمی، نوسەر کە خاوەنی چەندین دەقی لێکۆڵینەوەو شعرە نیگەرانە لە پشتیوانی ژنانی نوسەر و پاڵپشتی کردنیان وتی: "فیستیڤاڵ دەبێت داهێنەربێت نەک تەنها تیشک  لەسەر یەک دو نوسەربێت و ئەوانی تر بەلاوە بخرێن".
 
لەگەڵ ئەوەشدا سەرنجمان رادەکێشێت بۆ پیاوسالاری و ئەو ژیانە قورسەی ژن تیایدا دەنوسێت و دەڵێت: "تا ئێستا پیاوان خۆیان دانەماڵیوە لەوەی ژن پێگەو بونی هەیە، بەڵام ئیتر ژن لەوە تێگەیشت خۆی دەبێ شۆڕشی خۆی بکات، ئەدەب بە گشتی روانینی مرۆڤە بۆ دونیا لە هەر جێندەرێک بێت ،کاتێک ئەدەبمان  کردە دو بەشەوە بۆ پیاوان و ژنان ‌غەدرێکی چینایەتی سۆسیۆلۆژی سیاسیە لە ئەدەبی دەکەین".
 
"لە ڤستیڤاڵەکەدا بەشداری ژنان لە ئاستی خەون و خۆزگەی ئێمە دانەبو"
 
بەرپرسانی ڤستیڤاڵی نیودەوڵەتی ئەدەب، لە بەرامبەر کەمی ژنانی نوسەر لە چالاکیەکانیان ئەوەدەخەنەڕو کەمی ژمارەی ژن لە بوارەکە هۆکار بوە.
 
محەمەد کوردۆ وتەبێژی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب لە سلێمانی، بۆ نەوژین وتی :" ئێمە هەوڵی پاراستنی جێندەریمان داوە, بەڵام رەنگە بەراورد بە پیاو  کاری ژن لەم بوارە کەمتربێت، بەژداری ژنان لە ئاست خەون و خۆزگەی ئێمە نەبو بەڵام رۆڵێکی باشیشی هەبو فیستیڤاڵەکە بەرجەستەکردنی سیما دیارەکانی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی بو".
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,243     ژمارەی میوان 804

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە