ژنێکی خاوەنکار: هەمو هەوڵێکمدا بۆ ئەوەی خیزانەکەم لە هەژاری رزگاربکەم

2022/01/06    1581 جار بینراوە
 
* نەوژین - شێنێ رێبوار
 
لە بارودۆخی سەختی هەژاری خێزانەکانیان ژنان و کچان لە قەزای کەلار دەبنە فریاد رەس و دەست بەکاردەکەن بێ گوێدانە رێگریەکانی بەردەمیان.
 
ئیڤان ساڵح، (٢٨) ساڵ یەکێکە لەو ژنانە ئەو دەڵێت"سەختی ژیان و هەژاری وایی لێکردم کە چەندین جار بگریم". بەڵام ئەو بەشێوەیە ناوەستێت بەڵکو دەست دەکات بە کارکردن بۆ ئەوەی بتوانێت ئابوری خێزانەکەی بگۆڕێت. ئیڤان، بۆ نەوژین وتی: "ئەوکاتەیی ماڵی باوکی هاوژینەکەم جێهێشت تەنیا خاوەنی (٢٠) ھەزار بوین ئەوان وتیان نابێت چیتر لێرەبژین، ئەوکات دایکی دو منداڵ بوم  بیرم لەوە کردەوە کە کاریک بکەم، ئەوە بو دەستمکرد بە دروستکردنی شیرنی و کولیچە سەرەتا خۆم بەتەنیا ئەو کارەم دەکرد دواتر ھاوسەرەکەشم  لەگەڵمدا دەستی بەوکارەکرد".
 
لە ماوەیەکی کەمدا کڕیارێکی زۆر بۆ بەرهەمەکانیان دێتەپێش بەو شێوەیە دەست دەکەن بە کڕینی کەرەستەی ماڵ و پاش چەند ساڵێک دەبنە خاوەن خانوی خۆیان ئیڤان وتیشی:"سەرەڕایی ھەمو ئەو رێگریانەی کە دەکرا لەکارەکەم، بەڵام بەھۆیی پێداگریم و پشتیوانی ھاوسەرەکەم توانیمان تائەم ئاستە زۆر باشە بەردەوام بین، چونکە ھەر ئەو کەسانەیی ریگربون لەپێش کاریی ئێمە قەت رۆژێک لە رۆژە سەختەکانی ژیانمان ئاوریان لێنەداینەوە".
 
 
 
 
نمونەیەک لە کارەکانی ئیڤان ساڵح
 
چیرۆکی ئەو ژنانەی هاوشێوەی ئیڤان، رۆژە سەختەکانی هەژاری خێزانەکەی وایکردبێت دەست بۆ کارێکی لەو شێوەیە ببات دەمانباتە لای ژینۆ خەلیل، تەمەن(٢٧) ساڵ کە بەهۆی هاوسەرگیریکردنی ناتوانێت خوێندن تەواوبکات و لە قۆناغی نۆی بنەڕەتی دەستبەرداری خوێندن دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر هەژاری خێزانەکەی دەست بە دروستکردنی خواردن دەکات لە چێشتخانەیەکدا.
 
ژینۆ، لە بارەی ئەو کارەوە وتی: "بۆ ماوەی سێ ساڵ چێشت لێنەربوم تا ئەو کاتەی دوگیان بوم بەمنداڵی دوەمەوە چونکە دەبو بۆماوەیی چەن کاتژمێرێک بەبێ ھیچ وەستانێک کارم بکردایە ئەوە لە توانامدا نەما دواتر بەناچاریی وازم لەو کارەم ھیناو دەستم کرد بە کار لە فرۆشگایەکی شتو مەکی ئافرەتان بەموچەیەکی زۆر کەم، ھیچ سودێکی ئەو تۆیی نەبو بۆژیانی من".
 
دواتر ژینۆ، بڕیاردەدات دەست بە کاری درومانی بکات لە ماڵەکەی خۆیدا تا وەکو ئەمڕۆ لەو کارەی بەردەوامەو دەیەوێت بۆ داهاتو کارەکەی فراوان بکات.
 
 
 
ژینۆ خەلیل، لەکاتی کارکردن وێنە: نەوژین
 
هاوشێوەی ژنان چۆن بۆ باشکردنی ئابوری خێزانەکانیان کاریان کردوە کچانیش ئەم ئەرکەیان گرتوەتە ئەستۆ یەکێک لەو کچانە خەیاڵ ئەحمەد، دەرچوی بەشی ئەندازیاری کشتوکاڵیە کە بەکارکردن لە ماڵەوە دەستی پێکردوە تا گەشتن بە کاری سەربەخۆی خۆی.
 
ئەو دەڵێت: "لەگەڵ خوشکەکەمدا دوای خوێندن بۆماوەیەک لەکافیەک لەشاریی کەلار پێکەوە کارمان دەکرد و لەماڵەوەش شیرینیمان دروست دەکرد بۆ زۆریک لە بۆنەو ئاھەنگ و لەدایکبون و دوکانی ساردەمەنی و شیرینیەکان، تادەھات کارەکانمان زیاتر داوادەکراو خواست لەسەریی زیادیی دەکرد بەجۆریک کە تەنیا لەسەر کەلار نەمایەوە بەڵکو بە گەیاندن بۆ زۆرێک لە شارەکانی سلێمانی و ھەولێر دەماننارد".
 
خەیاڵ، لە سەرەتایی کارەکەیدا رێگری هاتۆتە پێشی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ئەوان بۆ بژێوی خێزانەکایان کاریان کردوە بۆیە رێگریەکان نەیوەستاندون" سەرەرایی ھەمو ئەمانە ئیمە بەردەوام بوین لەم کارەمان چونکە بژویی ژیانمانی دابین دەکرد، لە ئیستادا کارگەیی تایبەت بەخۆمان ھەیە و ماوەیەکی کەم دەبیت کە کردومانەتەوە".
 
 
 
نمونەیەک لە کارەکانی خەیاڵ ئەحمەد
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,207     ژمارەی میوان 100

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە