ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری: زۆرینەی ئەندامەکانمان ئافرەتن

2022/01/06    1028 جار بینراوە
 
* نەوژین- شۆخان حەمە ساڵح
 
 
ماوەی ٢١ ساڵە حزبەکە دامەزراوە، ژنان بۆ یەکەم جار لە کۆتا کۆنگرەدا مافی خۆیان چەسپاند، ئەگەرچی حزبەکە بە ئیسلامی ناسراوە، بەڵام سەرکردایەتی حزب دین بە رێگر نابینن بۆ بەشداری ژن لە سیاسەت بەڵکو کەمی بەشداریەکەش دەگەڕێننەوە بۆ عاداتی کۆمەڵگە بەشێوەیەک ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت "ژنان رێژەی زۆرینەی ئەندامەکانمان پێکدێنن".
 
 
کۆمەڵی دادگەری حزبێکە بنەماکانی دینی ئیسلام پەیڕەو دەکات لە (٣١/٥/ ٢٠٠١) دامەزراوە لە دواین کۆنگرەی حزبەکەدا لە مانگی شوباتدا بە (٢٥٪) رێژەی کۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا لەسەرجەم ئاستەکانی حزبدا. لە کۆی (٢٢) ئەندامی سەرکردایەتی (٤) ئەندامیان ژنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبەکەش بەشداری ژنان بە کارا دەبینێت بەشێوەیەک دەڵێت"زۆرینەی ئەندامانی حزب ژنانن".
 
 
قەدەم خێر عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری،  بۆ نەوژین وتی: ”لەڕوی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە بەشداری ژنان لەئاستێکی بەرزدا دەبینم بەشداریەکی کاریگەرو کارایان هەیە، توانیویانە جێدەستیان دیاربێ ئەمەش وای کردوە رێژەیەکی زۆری ئەندامی کۆمەڵی دادگەری ژن بن کەتوانیویانە خزمەت بەخۆیانو کۆمەڵ و ئەوفکرەش بکەن کەهەیانە“.
 
 
بۆ ئەوەی ژنێک بگاتە ئەندامی سەرکردایەتی یاخود سەرۆکی کۆمەڵ دەبێت لە ئاستی ناوچەکان کە کۆنفراس سازدەکرێت هەر ئەندامێک دەیەوێت خۆی کاندید بکات بۆ سەرکردایەتی سیڤی خۆی پێشکەش دەکات دوای هەڵەچنی کاندیدەکان بەربژێر دەکرێن.
 
 
لە ئاستی سەرۆکی حیزب هیچ ژنێک خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید نەکردوە مرواری محمەد، ئەندامی دەستەی چاودێری کۆمەڵی دادگەری  دەڵێت: "هیچ ژنێکی سەرکردایەتی تەنانەت لە پیاوانیشدا جگە لە مامۆستا عەلی باپیر، خۆیان بۆ سەرۆکی حیزب کاندید نەکردوە، ئەگەر بڵێین ژن رێگری هەیە بۆ بون بە سەرۆک راست نیە، رێگری نیە گەر ژنێک خۆی کاندید بکات".
 
 
لەگەڵ ئەمەشدا ژنان رێگری بیرکردنەوەی ئەندامەکانیان بۆ دێتە پێش لەم باردەدا، چونکە بەرای ئەندامانی ژن لە حزبەکە ئەو تێڕانیەی کە دەوترێت" ژن نابێت سیاسەت بکات" لەناو ئەندامانی حزب بونی هەیە.
 
 
قەدەم خێر عەبدوڵڵا، لە بارەی ئەم بۆجونەوە وتی: "بەشێکی زۆر زۆر کەم لەنێو کۆمەڵی دادگەریدا ئەو فکرەیان هەیە ئەم رایە لەئاستی خوارەوەدان بەپێچەوانەی ئاستی باڵای حیزب کە پاڵپشتن، ئەم تێڕوانینە بۆناو کۆمەڵگەی کوردیش راستە ئافرەتان خۆشیان تموحیان نیە بۆ کاری سیاسی، لەناو کۆمەڵیشدا ئەوە دەبینین کە رێژەیەکی کەم لەژنان حەوسەڵەی بەشداری کاری سیاسیان هەیە واتە ئەمە بۆ ئیسلامی بونەکە ناگەڕێتەوە چونکە ئیسلام رێگر نیە بۆ کارکردنی ژن ".
 
 
لە گەڵ ئەمانەشدا دوای ٢٠ ساڵ سیاسەتکردن لەنێو کۆمەڵی دادگەریدا هیچ ژنێک بەرپرسی مەڵبەندی حزب نیە، گەرچی لەپەیڕەوی ناوخۆیی ئەو حزبەدا لەمادەی (٢٥) خاڵی (١٦) مافی خۆپاڵاوتنی بەژنان داوە بۆ بەرپرسی مەڵبەند، بەڵام ئەوانەشی کە خۆیان کاندیدکردوە دەنگی پێویستیان نەهێناوە.
 
 
گەرچی بەشداری ژنان لەکایەی سیاسەتدا بەهێز نابینرێت، بەتایبەت لە پرس و دانوستانە سیاسیەکاندا ، سەڕەڕای کەمی ژنان لە سەرکردایەتی و پۆستە باڵاکانی حزبیدا  ئامادەگیشیان لە رێک کەوتنە سیاسیەکانی نێوان حیزبیەکاندا کەم بەدیدەکرێت.
 
 
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری: لە کۆبونەوەکانماندا ژنان هەمیشە ئامادەیان هەیە
 
 
محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، باس لەوە دەکات ”لە لەئەنجومەنی باڵا بۆ پرسە سیاسەکان و تاوتوێکردنی بابەتەکانی رۆژ ژنان ئامادەییان هەیە و ژنێک نوێنەرایەتیان دەکات، جیاواز لەحیزبەکانی تر لەکۆبونەوە سیاسیەکاندا بەشداری بە ژنان کردوە گەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردو دەرخەری ئەو راستییەیە“.
 
 
ئاماژەی بەوەشکرد کەحیزبە ئیسلامیەکان بەوە تۆمەت باردەکرێن کە گرنگی بە ئافرەتان نادەن و وتی: ئێمە ئەوەمان سەلماندوە کە ژن نیوەی کۆمەڵگایە، ئامادەیی بەرچاویان  لەکۆڕو کۆبونەوەو هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە کۆنگرەی چوارەمدا پەیڕەوی ناخۆی پەسەندی کردوە کە لە مادەی (٢٥) خاڵی (٤) باس لە ماف و ئیمتیازاتەکانی ژنانی  ئەو حیزبە دەکات. مراوری محەمەد، ئەوە بە دەستکەوتی گەورە دەبینێت بۆ ژنان بەوەی بۆ سەرجەم پۆستەکان ژنان مافیان جێگریکراوە.
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,499     ژمارەی میوان 453

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە