* نەوژین - رۆژان عەزیز
لە بازاڕەکانی کوردستان دەیان جۆری مادەی پاکەرەوە بونی هەیە، بەشێک لەو مادانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر بەکارهێنەرانی دروستکردوە بەتایبەت ئەو ژنانەی کە کاری ماڵەوەدەکەن، پزیشکێکی پسپۆڕی قورگ و لوت باسلەودەکات هەندێکیان کاریگەریەکان بەشێوەیەکە کە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بەکارهێنەرەکەی بکەن. پزیشکێکی پێستیش جەختدەکاتەوە کە چەندین جۆری هەستیاری و سوتانەوەی پێست توشی بەکارهێنەرانی دەکات.
لە ئەنجامی بەکارهێنانی مادە پاککەرەوەکان هەندێک لە ژنان بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر جێهێشتون کە چیدیکە ناتوانن هیچ مادەیەکی پاککەرەوە بەکاربهێنن تەنانەت بۆ چونە دەرەوەیان لە ماڵ دەبێت هەمیشە ماسک بەکاربهێنن.
خەندە ئیبراهیم، تەمەن (٢٦)ساڵ یەکێکە لەو ژنانەی روبەڕوی لێکەوتەی نەرێنی مادە پاکەرەوەکان بۆتەوە، ئەو بۆ نەوژین باسیلەوەکرد رۆژێک بۆ پاکردنەوەی ماڵەکەی مەوادی پاکەرەوەی فاس و زاهی تێکەڵکردوە لەپڕی توشی دڵتێکهەڵات و تەنگەنەفەسی کردوە، ئەو زیاتر وتی: "کاتێک ئەوەم بەسەرهات بە تێگەشتنی خۆم وتم هیچ نیە چاک دەبم هەر ئەو شەوە توشی کۆکەی وشکی کردم و رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر بوم، دوای چەند رۆژێک دەنگم دەرنەدەچو نەم دەتوانی قسەبکەم".
چی دیکە خەندە ناتوانێت بە بێ ماسک لە ماڵ بڕواتە دەروە
دوای ئەوە خەندە سەردانی پیشک دەکات بە چارەسەر باردۆخی هەندێک باشدەبێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت بۆ هەمیشە دەبێت لە چونەدەروەی ماڵ ماسک بەکاربهێنێت، چونکە بەتەواوی توشی هەستیاری قوڕگ و سیەکان بوە، چیدیکەش ناتوانێت هیچ مەوادێکی پاکەرەوە بەکاربهێنێت.
بە پێی قسەی پسپۆڕان ئەو مادە کیمیاویانەی لە دروستکردنی کەرەستەکانی پاکەرەوە بەکاردێت مەترسیدارن بۆسەر تەندوستی مرۆڤ.
ئارام عوسمان، پزیشکی پسپۆری قورگ و لوت و گوێ ئەوە بۆ نەوژین، پشتڕاستدەکاتەوەو دەڵێت: "بەگشتی بەهۆی ئەو مادانەی لەدروست کردنیاندا بەکاردێن مادەیەکی غازی تێدایە ئەوانیش کارلێک دەکەن لەگەڵ ناوەوەی لوت و ئەبێتە هۆی هەستیاری درێژخایەن و توشی چەند کێشەیەک دەبێت وەک تەنگە نەفەسی و ئازاری لوت و چاو ئاوی لوت بەبەردەوامی و گیرانی رێڕەوی هەناسەدان لە لوت و لەدەست دانی هەستی بۆنکردن کە ئەگەری هەیە بۆماوەیەکی کاتی بێت یان درێژ خایەن".
بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی ئەو پزیشکە پسپۆڕە وتی: پێویستە ئەگەر بەکارهێندرا بە وریایەوەبێت، لە ئەگەری چارەسەر نەبونی لێکەتەکانی بەدەرمان و لەو حاڵەتانەی کە ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە ، بوەتە هۆی دروست بونی زیادە گۆشت و تێکچونی ڕێڕەوی هەناسەدان ئەوکات دەبێت پزیشک نەشتەرگەریان بۆ بکات".
خانمان نیگەرانن کە جێگرەوەی دیکەیان نیە بۆ بەکارهێنان و پاکردنەوە، سومەیە ئەحمەد، لە بارەی ئەمەوە بۆ نەوژین وتی: "مادە پاکەرەوەکان بەشێوەیەک کاری لێکردوم تەواو ناڕەحەتی کردوم و توشی هەستیاری قورگ و لوتی کردوم پزیشک پێی وتم نابێت بەهیچ شێوەیەک بەکاریان بێنم چونکە کار لەسیەکانم ئەکات ، ئێستا تەنانەت بە هەوای سارد تێک ئەچم و ناڕەحەت ئەبم".
"پێست توشی هەستیاری و سوتانەوە دەکات"
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مادانە زیانی بۆ پێست هەیە، پزیشکێکی پسپۆڕ باسلەوەدەکات مادە پاکەروەکان بە دو شێواز لێکەوتەی خراپی لەسەر پێست دەبێت.
دلێر رەزا، پزیشکی پسپۆری پێست بۆ نەوژین وتی: "بەدڵنیاییەوە مادە پاککەرەروەکان کاریگەری خراپی هەیە لەسەر پێست بەتایبەت بۆ ئەوانەی خۆیان پێستیان وشکە و هەستیارن، دوجۆر کاریگەری هەیە یەکەمیان هەستیاری نیە تەنیا کاریگەری راستەوخۆیە دەبێتە هۆی وشک بون و سوتاندنەوەی پێستەکە و قڵیشان و خورانی پێستەکە، جۆری دوەمی ئەوەیە کەهەستیاری دروست دەکات و جگە لەوشوێنەی مادەکەی بەرکەوتوە ئەگوازرێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش".
بە وتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕەی پێشت، کەسانی بەرکەوتو بە مادەپاککەرەوەکان توشی نەخۆشی ئەکزیما دەبن ئەویش پێستەکە سور دەبێتەوە و زبری و قلیشان و هەندێک کات بڵقی بچوکی ئاو لەسەر پەنجەکان دروست دەبێت، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان بەسەردێت ئامۆژگاریان دەکات "دەبێت چارەسەری پزیشکی وەربگرن یان شێدار کەرەوەی وەک ڤازلین و گلیسیرین بەکاربهێنن".
ئەم لێکەتە نەرێنیانەی مادە پاکەروەکان لە کاتێکدایە دەیان جۆری ئەو مەوادانە لە بازارەکان ساخدەکرێنەوە، وەک بەکارهێنەرانی مادەکان ئاماژەی بۆدەکەن بەدای جێگرەوی دەگەڕێن.
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.