٨٦ کچە وەرگێر ماڵپەڕێکی فیلمی سینەمای بە خۆبەخشی بەڕێوەدەبەن

2022/01/06    1298 جار بینراوە
 
* نەوژین - شنۆ نوری 
 
(٨٦) کچ لە شارەکانی کوردستان لە ماڵپەڕێکی فیلم کاری وەرگێران دەکەن بە خۆبەخشی، کە هەریەکەیان خاوەنی چەندین بەرهەمی جیاوازی وەرگێڕانە، هەندێکیان خولیایان بۆ فیلمی سینەمایی وایکردوە هەوڵی فێربونی زمانی دیکە بدەن.
 
زیاتر لە سەد کچ و کوڕی گەنج خۆبەخشانە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان وێبسایتێکی ژێرنوسکردنی فیلم و زنجیرە بەڕێوەدەبەن بەناوی کورد سەبتایتڵ، کچانی گروپەکە زیاتر لە نیوەی پێکدێنن بە (٨٦) کچە وەرگێڕ.
 
رۆزە هیدایەت، زیاتر لە ساڵێکە سەرپەشتیاری کچانی گروپەکە دەکات ئەو بۆ نەوژین وتی: "٨٦ وەرگێڕی کچ لە گروپەکەماندا هەیە، کە بەشێوەی ئۆنلاین کاردەکەین، دەتوانم بڵێم کچەکان چالاکترن و خواستیان بۆ کارەکە پترە، بۆیە کارەکان زیاتر ئەوان رایی دەکەن".
 
"خۆشەویستیم بۆ فیلم و سینەما وایکرد خۆم فێری زمانی دیکە بکەم"
 
هەندێک لە کچە وەرگێڕەکان حەزو خولیایان بۆ فیلمە سینەمایەکان وایکردوە هەوڵی فێربونی زمانی دیکە بدەن و دەست بەوەرگێڕان بکەن نمونەی ئەوەش  'ژین تاهیر' ە دانیشتوی شاری کەلارە.
 
ئەو بۆ نەوژین دەڵێت: "خولیای زۆرم بۆ فیلم و سینەما وایکرد بە باشی خۆم فێری زمان بکەم، لە ماوەی کارکردنمدا ۳ فیلمی سینەمایی و ۳ درامام بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە، ئێستاش دو فیلمم لە بەردەستدایە وبۆ داهاتو پلانی وەرگێڕانی کتێبم هەیە".
 
"بۆ سودی گشتی وەرگێرانی دیکەش دەکەم"
 
کچانی وەرگێڕ لە وێبسایەتەکە بەشێوەیەک ئاستیان بەرزە کە بەشێک لە کارە خێراکان بەوان دەسپێرن، سارا فایەق، یەکێکە لەو کچانە، ئەو ماوەی ساڵێکە وەک وەرگێڕ لە گروپەکەدا کار دەکات.
 
سارا، بۆ نەوژین ئاماژەی بەوەکرد تا ئێستا (١٦) کاری وەرگێڕانی کردوە ئەو زیاتر وتی:  حەز دەکەم لە داهاتودا ئەو فیلمانە بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕم کە دەگمەنن و لە ماڵپەرەکانی دیکە نین".
 
لەگەڵ ئەوەشدا سارا، لە سۆشیال میدیا بابەتی تەندروستی وەردەگێڕێت، وەک خۆی دەڵێت روبەڕوی توانجی جۆراوجۆربۆتەوە "هەندێک کۆمێنت و قسەی خەڵکی وایان کردوە پەشیمان ببمەوە لە وەرگێڕان، بەڵام هەندێک کەس ماندوبونمان لەبەرچاو دەگرن و دەستخۆشیمان لێ دەکەن".
 
هاوشێوەی هاوکارەکانی دڵنیا دارا، تەمەن(۲۲) ساڵ دانیشتوی  شاری هەولێر، ماوەی هەشت مانگە وەک وەرگێڕ لەگەڵ ئەوە ستافە کار دەکات، توانیویەتی (۱٤) کاری وەرگێرانی هاوبەش و دو فیلم بە تەنها وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی.
 
دڵنیا بۆ نەوژین باسیلەوەکرد، بەهۆی ئەو گروپەوە خولیای بۆ وەرگێڕان زیاتر بوەو وتی: "فێر بوم کە چۆن بتوانم فیلمێک یان زنجیرەیەک وەربگێڕم، لەگەڵ ئەوەشدا حەز دەکەم لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان وەک وەرگێڕ کار بکەم".
 
ماڵپەڕی کورد سەبتایتڵ، کە (٨٦) کجە وەرگێر کاری تێدادەکەن لە ماوەی شەش ساڵی تەمەنی  زیاتر لە (۲۰۰۰) دراما و (۳۰۰۰) فیلمی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 628,218     ژمارەی میوان 44