شنیار ئەنوەر: تۆمەتەکان من ناوەستێنیت کۆڵنادەم لە هەڵماڵین و خستەنەڕوی گەندەڵی بەرپرسان

2021/12/13    1012 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
پاش بڵاوبونەوەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاری دەزگای فەرمی ئمێریکان پرۆسپێکت سەبارەت بە کرینی موڵکێکی (١٨) ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نوسینگەی مەسرور بەرزانی بەیانامەیەکی بڵاوکردەوە، لەبەرامبەردا شنیار ئەنوەر، ئەو ژنەی تۆمەتەکانی دراوەتەپاڵ لە بەیانامەکە دەڵێت: " ئەو تۆمەتانە لە کوردستان ژیانی ژنان دەخاتەمەترسیەوە، بەڵام من کۆڵنادەم لە خستنەڕوی راستیەکان".
 
رۆژی (٧/١١/٢٠٢١) رۆژنامه‌ی (The American Prospect)  ئه‌مریكی راپۆرتێكی له‌ ژێر ناونیشانی 'شوێنه‌واری گه‌نده‌ڵی له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ دیڵاوێر و میامی'، بڵاو کردەوە تێیدا ئاشکرا کراوە کە مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،  باڵه‌خانه‌ی ده‌رمانخانه‌یه‌كی له‌ شاری میامی به‌ به‌های(١٨ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار) کڕیوە.
 
 
راپۆرتەکە لەلایەن رۆژنامەنوس (زاك كۆبلین) ئامادەكراوە و تیایدا دەڵێت، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرەنجڕاكێش لە مەیامی، لە دورییەكی كەمەوە لە دەریا، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران کرێمی دژە خۆر و کڵاوی لە پوش دراوتکراو لە دەرمانخانەی (C.V.S) لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن "پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
 
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتوە بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە کڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی راستەقینەی بیناكە 'مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە شاردراوەتەوە.
 
هەر لە راپۆرتەکەدا وردەكاری لەبارەی سەروەت‌ و سامانی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی خەلیفەی گرانبەها‌ و دورگەی (نەخلە) ئاشكرابوە لەگەڵ موڵك‌ و ماڵی نهێنیی پێویستیان هەیە، كە كۆشك لە كالیفۆرنیا‌ و ڤێرجینیا لەخۆدەگرێت‌ و تائێستا چوارجار لەكاتی شاردنەوەی پارەكانیاندا لە ئەمریكا دەستگیركراون، ئەوان پارەكانیان لە ئەمریكا دەشارنەوە، ئەم خێزانە تەنیا بۆ ئەو چوار موڵكە زیاتر لە (75 ملیۆن) دۆلاریان داوە، ڕەنگە ئەمە تەنیا بەشێكی بچوكی سەروەتە نهێنییەكانی بنەماڵەی بارزانی بێت لە ئەمریكا".
 
وەڵامی نوسینگەی مەسرور بەرزانی
 
دوابەداوی بڵاوبونەوەی راپۆرتەکە و دەنگدانەوەی لە کوردستان نوسینگەی مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: چەند رۆژێکە هەندێك سایت و پەیجی سۆشیال میدیا، بابەتی کەسێکی ئەمەریکی بڵاودەکەنەوە، کە راپۆرتێکی بێ بنەمایە لە سەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم بابەتە دورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی بۆ نییە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند رونکردنەوەیەك لە بارەی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە بخەینەڕو.
 
نوسەری راپۆرتەکە بۆ هەڵبەستنی درۆیەکانی پشتی بە کۆنتراکتێك بەستوە، کە گوایە واژوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم واژویە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکومەتەوە نیە.
 
دوای بەدواداچونمان، دەرکەوت نوسەری راپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشوی عێراقەوە هەیە، کە هاوڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ریسوا کرا.
دوپاتی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە، هەڵبەستراوە و بەشێکە لەو هەڵمەتە چەواشەکارییەی، کە دژی  چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت دەکرێت.
 
وەڵامی شنیار ئەنوەر بۆ مەسرور بەرزانی
 
لە بەرامبەر بەیانامەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەت، شنیار ئەنور، ئەو خانمەی لە بەیانامەکەدا تۆمەتی خراوەتە پاڵ لە نوسراوێکدا وەڵامی مەسرور بەرزانی دایەوە کە دەقی نوسراوەکە بەم شێوەیە: لە (٩ ی دیسمەبەری ٢٠٢١) نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە بەیاننامەیەکی پر لە هەڵچون و تۆمەتی بێ بنەما دژی ئێمە و بە ئامانجگرتنی ژیانی تایبەتیمان بڵاوکردۆتەوە گوایە (شنیار ) پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ نوسەری راپۆرتەکە هەیە، ئەم جۆرە چەکانە بەشێکە لە کلتوری باوانیان هەمیشە بەرامبەر نەیارەکانیان بەکاری دێنن.
 
تۆمەتبارمان ئەکات بەوەی لە پشت بڵاوبونەوەی فەزیحەتی کرینی موڵکی (١٨)ملیۆن دۆلاری لە میامی لە ویلایەتی فلۆریدا، ئێمە شانازی بەوەدەکەین کەلەچەند ساڵی رابردودا بەردەوام هەماهەنگی بەردەوامان هەبوە لەگەڵ ناوەندە جیهانیەکان بۆ هەڵماڵینی فەزاحەت و گەندەڵیەکانیان، رای گشتیشمان لێ ئاگادارکردۆتەوە بەردەوامیش دەبین.
 
ئێمە و خەڵکی کوردستان چاوەروان بوین هاوشێوەی پاشای ئوردن کاتێک گەندەڵییەکی ئاوا و بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بڵاو دەبێتەوە، سەرۆکی حکومەت ئازایانە دانیپێدابنێت و ئامادەبێت بۆ لێپرسینەوەی یاسایی وەک خۆی بەردەوام باس لا سەروەری یاسا دەکات. 
 
ئەو رونکردنەوەیە گوایە بۆ وەڵامی راپۆرتێکی بنکۆڵکاری دەزگای فەرمی ئمێریکان پرۆسپێکت و راپۆرتی رۆژنامەنوس زاک کۆپلین سەبارەت بە کرینی موڵکێکی (١٨) ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرۆکی حکومەت و بە واژوی خۆی کڕدراوە، بەتەواوی راستی و دروستی بەلگەکانی زاک کۆپلین ی سەلماند، کە بەڵگەکان لە ماڵپەری فەرمی حکومەتی ئەمریکی و ویلایەتی فلۆریۆدا وەرگیراوە و هەر کەس بەڵگەی وا ساختە بکات لە لایەن (ئێف بی ئای) یەوە دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت.
 
 بەڵام سەرۆکی حکومەت بۆ بەلارێدا بردنی رای گشتی تۆمەتی ئەخلاقی دەخاتە پاڵ ئێمە (شنیار ئەنوەر)، کە ئەوە بۆخۆی تاوانە و تیرۆری کاراکتەرە و هیچی لە تیرۆری جەستەیی کەمتر نیە، بەتایبەت لە کۆمەلەی کوردستان ئەم جۆرە تۆمەتانە ژیانی کەسەکان دەخاتە مەترسی یەوە.
 
ئێمە سەرەرای ئیدانەکردنی ئەو بەیانامە شەرمهێنەرەی سەرۆکی حکومەت داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەلەی مەدەنی و رێکخراوەکانی بواری ژنان و ئازادی رادەربرین دەکەین کە هەڵوێستی توندیان هەبێت و فشاری جدی بکەن، دەبێت سەرۆکی حکومەت بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و ئامادەییش دەرببرێت بۆ لێکۆلىنەوەکانی دەستەی نەزاهە و دەر ئەنجامەکشی قبول بکات، کە کەمتر نییە لە دەستلەکار کێشانەوە.
 
بەپێچەوانەوە ئێمە لەگەڵ پارێزەراکانمان لە گفتوگۆداین بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی سەرۆکی حکومەت، بەدڵنیای دەبێت باجی ئەم هەنگاوانەی بدات.
ئێمە هاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەسەر هەڵوێستەکانمان سورین، هیچ تۆمەت و ناوزراندنێک نامانوەستێنێ، بەڵکو مکورتر ئەبین و شەری ئێمە دژی ستەمکار و گەندەڵکاران بەردەوام ئەبێت.
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,511     ژمارەی میوان 986

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە