کچان دەیانەوێت یاری تۆپی پێ بکەن و یانەکان دەبنە بەربەستیان

2021/10/17    788 جار بینراوە
 
* نەوژین – هۆزان  فەریق
 
کچانی گەرمیان رەتی دەکەنەوە داب و نەریت چیتر رێگریان بێت بۆ یاری تۆپی پێی، بەڵام بەرپرسانی وەرزش لە ناوچەکە تۆمەت باردەکەن بە کەمتەرخەمی و گرنگی نەدان بە یاریکردنی کچان، چالاکێکی بوارەکەش دەڵێت: "دەبێت یانەی شێروانە ئەو هەنگاوە بنێت"، لەگەڵ ئەمانەشدا بەرپرسانی وەرزشی ناوچەکەش بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەرامبەر ئەو رەخنانەی روبەڕویان دەبێتەوە.
 
کچە وەرزشکارێک"بەرپرسانی وەرزشی هۆکاری ئەم دۆخەی وەرزشی کچانن"
 
لە سەرجەم قەزاو ناحیەکانی گەرمیان یانەو تیپی تایبەت بە یاری تۆپی پێی کچان بونی نیە، کچانی وەرزشکار ئەمە دەبەستنەوە بە خەمساردی لایەنی پەیوەندی دار.
 
تیشکۆ تەیب، کچە وەرزشکارێکی ناوچەکەیە، بۆ نەوژین وتی: "تەنها لەبتوڵەکاندا نادیەکان یاریزان بانگ دەکەن و بەپەلە راهێنان دەکەن، دوایی ئەوە ئیتر یاریزانەکە پشتگوی ئەخەن، لەگەڵ نادی رۆشتوم بۆ بتوڵە دوایی تەنها دەست خۆشیەکیشیان نەکردوە".
 
 تیشکۆ گلەی لە بەرپرسانی یانەکانی گەرمیان هەیە دەڵێت:  پەیوەندیم بەیانەی شێروانەوە کرد پێیان وتوم ئەگەر بتوڵە نەبێت کەس وەرناگرین! چەند یاریەکی دیاری کراو نەبێت ئەسڵەن گرنگی بەوەرزش نادەن".
 
 
تیشکۆ تەیب، کچە وەرزشکار لە گەرمیان
 
 ئەو یاریزانە وتیشی: "من یاریم کردوە  لەبتوڵەی تێنس بۆنادی شێروانە، دوایی وتیان خەڵاتتان دەکەین، بەڵام ئەوە دوساڵە هیچ دەنگێک نیەو تەنها ئێمەیان خەڵەتاند".
 
"یانەکانی گەرمیان نوێنەری کچان ناکەن بۆ وەرزش"
 
"یانەکانی دەڤەری گەرمیان و یانەی شێروانە بەتایبەتی زۆر لاوازە بۆ دروستکردنی تیپی ئافرەتان و یاریە وەرزشیەکانیان نەیان توانیوە ببنە نوێنەر و خاوەنی کچانی ناوچەکەمان کە لە زۆرێک لە یاریە وەرزشیەکاندا یاریزانی باشمان ھەیە و بگرە ئەتوانین چەندین تیپی تۆپی پێشی پێ بنیاد بنێین". ئەمە تێڕاوانینی بەختیار رەوف، شارەزا و چالاکوانی وەرزشە لەسنوری گەرمیان. 
 
ئەو شارەزایی بواری وەرزش وتیشی: "تاکو ئێستاش ئەو بیرکردنەوە کۆنە تاڕادەیەک ماوە کە دەڵێن عەیبەیە کچان بچنە دەرەوەو خەریکی وەرزشکردن و یاریە وەرزشیەکان بن  لەگەڵ ئەوەشدا کچان ئەو ژینگەیان بۆ نەڕەخساوە، خۆیان خۆشەویستی زۆریان بۆ وەرزش هەبێت ھەندێک ھەڵسو کەوتو کاری ناشیرینی یانەو راھێنەرانەرەکان لە یانە جیاوازەکان ھۆکارێکە بۆ نەھاتنە پێشەوەی کچانمان ". 
 
وەرزشکارێکی دێرین "لە گەرمیان بۆ وەزشی کچان هیچ پلان و بەرنامەیەک نیە"
 
وەرزشکارێکی دێرین ئاستی وەرزش لەسنورەکە بەبێ پلانی زانستی وەسف دەکات و دەڵێت "بەڕای من شتێک نیە لەم دەڤەرە ناوی وەرزشی ژنان بێت".
 
 کامەران یاروەیس، شارەزای بواری وەرزش لە هەڵسەنگاندنی بۆ وەرزشی کچان لە سنورەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی هەیە لەکاتی پاڵەوانیەکاندا ولەرێگای مامۆستایەکی وەرزشی چەند خوێندکارێک کۆ دەکرێنەوەو دوای چەند رۆژێکی کەم لەراهێنان بەشداری پاڵەوانیەکان دەکەن بەئامانجی تەنها بەشداری وهیچی تر.
 
 
کچانی وەرزشکاری گەرمیان لە پاڵاوانەتیەکی گۆڕەپان و مەیدان
 
ئەو دەڵێت:  "ئەو ئەنجامانەی کە بەدەستی دێنن لە پاڵەوانیەتیەکان پەیوەستە بە تواناو تێکۆشان وعشقی وەرزشوانەکان ،نەوەک پرۆسەیەکی  زانستی وپلانێکی ئامادەکراو، هەروەک بینیمان لەسەرەتایی ساڵەکانی (٢٠٠٠) هەردو راهێنەری بەتوانای شارەکەمان (مامۆستا حبیب منسور ومامۆستا بەهار رەحیم)توانیان تیپی وەرزشی تایبەت بەخانمان دروست بکەن ولەرێگای یانەی شێروانەوە بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی هەرێمیان کردوە وئەنجامی باشیان هەبوە، بەڵام لەگەڵ گەورەبونی تەمەن یان دورکەوتنەوەیان، بەدیلیان نەبوە چونکە بەرنامەی بۆ دانەنرا".
 
کامەران،  بێ ئومێدە لەپێش کەوتی تۆپی پێیی کچان و دەڵێت "وەرزشی تۆپی پێی کچان لەچالاکی وەرزشی پەروەردە هەبو ساڵانە خولی خوێندنگاکان دەکرایەوە ،بەڵام نەتوانراوە لەسنوری پەروەردە دەرچێت وبگاتە ئاستی یانەکان".
 
بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش دەڵێت: دەبێت دام ودەزگاکانی وەرزش و لەسەرەوەی هەمویانە شێروانە گرنگی بەو وەرزشە بدات وهەنگاو بنێیت بۆ دروست کردنی تیپی کچان.
 
راهێنەری گۆرەپان و مەیدانی کچان ئەگەر هاوکاری بکرێن کچانی زۆر ئازامان هەیە
 
راهێنەری تپپی گۆڕەپان و مەیدانی شێروانە باسلەوەدەکات ئەو یاریزانەکانی ئاستی زۆرباشیان تۆمارکردوە.
 
بەهار رەحیم، بۆ نەوژین وتی:  "لەئیستادا تەنها بەشی گۆڕەپان ومەیدانمان هەیە، چەندین ساڵە ئاستمان زورباشبوە، لەکۆتا پاڵەوانیەتی کە بشداربوین لەشاری سلێمانی لەسەر ئاستی تازە ثێگەیشتوانی کچان توانیمان پلەی دوم بەدەستبهێنین لەسەر ئاستی کوردستان".
 
 
بەهار رەحیم، لەگەڵ کچانی وەرزشکاری تیپەکەی 
 
بەهار، ئاماژەبەوەدەکات یانەکەیان هاوکار و پشتیوانیانە،ئەو دڵنیاییە لەوەی کە پشتیوانی بکرێن وکو چۆن لەگۆڕەپان ومیدان ئەنجامی باشیان بەدەست هیناوە لەم بوارشدا سەرکەوتودەبن.
 
هەروەک هۆگر عەبدوڵڵا، راهێنەری وەرزی پێشوی یانەی رزگاری سەبارەت بەنەبون و دەرنەکەوتنی وەرزشی کچان بەتایبەت تۆپی پێی  کچان لەسنوری گەرمیان لایەنی مادی بەهۆکار دەزانێت ئەو دەڵێت: یانەکەی ئێمە شوێنێکی نیە سەرچاوەی داهاتی بێت کەواتە چۆن پەرە بە وەرزش بدات، ئەمە لە کاتێکدایە ئامادەییەکانی سنورەکە یاریزانی زۆر بەتواناو کچی بەهەرمەندیان تێدایە.
 
 بۆ وەڵامی ئەو رەخنانەو ئەو پشتگوێ خستنەی وەرزشی کچان لە سنورەکە 'نەوژین'  پەیونەدی بە بەڕێوبەری کاروباری وەرزش لە گەرمیان بەرپرسی دارایی یانەی شێراوانە تەڵعەت سەعدوڵڵاو سکرتێری یانەی شێروانە کۆمار خوداداوە کرد، بەڵام ئامادەی هیچ  رونکردنەوەیەک نەبون.
 
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 620,837     ژمارەی میوان 10