گەرمیان: بەشودانی کچانی منداڵ و توندوتیژی دەرونی بەرۆکی ژنانی گوندی گرتوە

2021/10/17    1092 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
باردۆخی ژنانی گوند لە نێوان توندتیژیەکان  لەسەر بنەمای جێندەر قەتیس ماوە لەلایەن بەشودانی پێشوەختەی کچانی خوار ١٨ ساڵ بە زەقی دەبینرێت لەلایەکی دیکەشەوە نەبونی دەرفەتی کار و توندوتیژی ئابوری کاریگەری دەرونی کردۆتە سەر ژنانی گوندنیشی گەرمیان.
 
ئەندامێکی تیمی وادی ئەڵمانی کە پراۆژەکانیان تایبەتە بە گوندەکانی گەرمیان باسلەوەدەکات بەشودانی پێشوەختەی کچان بە شێوەیەکی بەرچاو لە گوندەکان دەبینن. لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی گەرمیانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی  دەڵێت: بەشودانی پێشوەختەی کچان زۆر بەربڵاوە لەناو گوندەکانی ئەم سنورە ئەمەش لێکەوتەی خراپی هەبوە لە روی دەرونی، توندوتیژی و کاریگەری نەرێنی تەندروستی بۆسەر ئەو کچانە.
 
هەروەک مژدە محەمەد، لێپرسراوی خوشکانی یەکگرتو لقی گەرمیان دەڵێت:  لەبەر نەبونی دەرفەتی کار بۆ ژنانی گوند ناچار زو بیر لە بەشودانی کچەکانیان دەکەنەوە، وادەزانن ئەوە چارەسەرە، لەبەر ئەوەی کشتوکاڵ دەکەن بەرهەمی ساغنابێتەوە ئاژەڵداری دەکەن قازانجێکی ئەو تۆی نیە.
 
ئەمەشی گرێدایەوە بەوەی بە رێژەیەکی دیار هەست بە حاڵەتەکانی جیابونەوە دەکرێت لە ناو گوندەکان وتی: ژنان لێرە زۆر زەرەمەندن لە توندوتیژی پیاو رزگاریان ببیت دێنەوە بۆ توندوتیژی براو براژن بۆ ئەمەش حکومەت بیمەی نیە بۆیان شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابیناکات ئاسان نیە ژیانی دوای جیابونەوەیان هۆشیاریان کەمە بەوەی کە چۆن لەگەڵ باردۆخەکان خۆی بگونجێنێت.
 
لەبەرامبەردا خەڵات ساڵح، ئەندامی تیمی وادی ئەڵمانی باسیلەوەکرد: ژنانی گوندێکی گەرمیان  پێیان وتون لە کۆی ٢٥ ماڵی گوندەکە ١٩ ژننیان خیانەتیان لێکراوە!. وتیشی: پیاوەکان دەیانەوێت ژنەکانیان وەک ئەوانەی ناو سۆشیاڵ میدیابن، بەڵام ئیشی ماڵ بکەن ئاژەڵداری بکات، باخداریبکات، مناڵیشی بۆ بەخێوبکات، ئامادەش نەبێت لایەنی ئابوری فەراهەم بکات.
 
 
مێزگردی گفتوگۆی نەوژین تایبەت بە ژنانی گوندنیشین (١٥/١٠/٢٠٢١)
 
"حکومەت و رێکخراوەکان ژنانی گوندیان پشتگوێ خستوە"
 
رێخراوەکانی ژنان لە سنورەکە حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانن لە گرنگی دان بە باردۆخی ژنانی گوندنیشین.
 
مژدە محەمەد، لێپرسراوی یەکگرتوی خوشکان لقی گەرمیان لەسەر ئەم خاڵە وتی: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت پرۆژەیان هەبێت بۆ ژنانی گوندەکان.  بەهەمان شێوە ئەمە بۆچونی خەڵات ساڵحە کە دەڵێت: ژنی گوند نەخوێندەواری زۆری تێدایە، سەیری تیڤی ناکەن دەبێت رێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان بە کردەی ئیش بۆ ژنانی گوند بکەن، چونکە زۆر پشتگوێخراون لەلایەن ئەوانەوە.
"هێشتا پیاوانی گوند رێگرن لە کارکردنی سەربەخۆی ژنانی گوند"
 
توندتیژی ئابوری بە وتەی رێکخراوەکانی ژنان بە زۆری بەرۆکی ژنانی گوندی گرتوە لەگەڵ ئەوەشدا پیاوان رێگرن لە کارکردنیان.
 
مژدە محەمەد، لەوبارەیەوە وتی: هێشتا پیاوانی گوند وادەزانن کارکردن بۆ ژن حەرامە ئەمەش ئەرک دەخاتە سەر مامۆستایانی ئاینی کە مافی ژنان لە وتارەکانی هەینیدا باسبکەن..
 
هەروەک جواهیر تاڵب، بەرپرسی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی گەرمیان، دەڵێت: ژنانی گوند بەرەوپێش چون لە هەندێک روەوە وەک دابینکردنی پێداویستی و کەمبونەوەی زەحمەتیەکانیان، بەڵام توندوتیژی ئابوری بەرۆکی گرتون.
 
دابڕانی کچان لە خوێندن 
 
ئاماژەکان مەترسیدارن سەبارەت بە دابڕینی کچان لە خوێندن ئەندامێکی تیمی وادی ئەوەدەخاتەڕو کە ئەمساڵ لە گوندەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هەست بەو حاڵەتەدەکەن.
 
خەڵات ساڵح، وتی: دابڕانی کچان لە خوێندن، ئەمساڵ زۆر بەرچاوە  پۆلی واهەیە سێ کەسی نەهاتۆتەوە بۆ قوتابخانە، پرسیارمان لە خێزانەکانیان کردوە دەڵێن"ترسمان هەیە بچێتە مەکتەب و نەگەڕێتەوە، خۆشەویستی بکات، یان لایەنی مادی پارەی بۆ خەرج بکەین دوای ئەنجامێکی نەبێت" ئەمەش بەهۆی نەڕەخساندنی دەرفەتی کارەوەیە لەلایەن حکومەتوە کە وایکردوە بێئومێدی لە خوێندن بێتەبون.
 
هەڵکشانی توندوتیژی دەرونی دژ بە ژنانی گوندنیشین
 
ئەندامەێکی تیمی وادی ئاماژەبەوەدەکات توندوتیژی جەستەی بەرامبەر ژنان تاڕادەیەک کەمبۆتەوە ، بەڵام لەبەرامبەردا توندتیژی دەرونی هەڵکشاوە.
 
لەگەڵ ئەوانەشدا کێشەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بەرۆکی ژنانی گوندنیشینی گرتوە، لەیلا، دەڵێت: لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە کچانی گوند  زۆرجار روبەڕوی فریودان بونەتەوە بەناوی خۆشەویستی و زەواج کە کارگەشتۆتە ئەوەی دواتر هەڕەشەیان لێکراوە و پارەیان لێوەرگیراوە.
 
 
مێزگردی گفتوگۆی نەوژین تایبەت بە ژنانی گوندنیشین (١٥/١٠/٢٠٢١)
 
ئەم راپۆرتە لە ئەنجامی گفتوگۆی مێزگردێکی میدیای نەوژین ئامادەکراوە دەربارەی بارودۆخی ژنانی گوندنیشینی گەرمیان تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنانی گوندنیشین بە بەشداری: (لەیلا ئەحمەد و خەڵات ساڵح، دو ئەندامی تیمی گەرمیانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی، مژدە محەمەد لێپرسراوی خوشکانی یەکگروتو لقی گەرمیان، جەواهێر تاڵب بەرپرسی کۆمەڵەی ئافرەتان لقی گەرمیان).
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,557     ژمارەی میوان 2700

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە