سەرجەم ئەو ژنە کاندیدانەی لە سلێمانی بون بە پەرلەمانتار بە دەنگی خۆیان دەرچون

2021/10/13    747 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٧ ژن لە پارێزگای  سلێمانی کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا کە سەرجەمیان بە دەنگی خۆیان و سێکەسیان بە دەنگی یەکەمی بازنەکانیان سەرکەوتون.
 
بە پێی ئەنجامە بەرایەکانی کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بازنەکانی (دو، سێ و چوار) کاندیدانی ژن بە دەنگی یەکەمی بازنەکانیان توانیان کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکەن، هەروەک سەرجەم کاندیدە دەرچوەکان بە دەنگی خۆیان دەرچون بەبێ بەکارهێنانی سیستەمی رێژەی ژنان(کۆتا).
 
دوان لەو کاندیدا زۆرترین دەنگی سەرئاستی عێراقیان بە دەستهێناوە
 
لە بازنەی یەک دو کاندید سەرکەوتون ئەوانیش هەریەکە لە يادكار مەحمود،  کاندیدی پارتی بە (٦٠٦٩) دەنگ لەگەڵ نه رمين مەعروف، کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی) بە (٥٨٦٢) دەنگ.
 
لە بازنەی دو بەدریە ئیبراهیم، کاندیدی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (١٩٠٩٨)دەنگ و بە یەکەمی بازنەکەی کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هەروەک دەنگی سێیەمە لە ئاستی کاندیدانی ژن لە عێراق.
 
بەهەمان شێوە لە بازنەی سێ چرۆ حەمە شەریف، کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی) بە (١٢٢٥٤) دەنگ، کە دەنگی یەکەمی بازنەکەیەتی کورسیەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
 لە بازنەی چوار سروە عەبدولواحید، کاندیدی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (٢٢٦٣٤)دەنگ بە یەکەمی بازنەکەی و دەنگی دوەمی سەر ئاستی ژنانی کاندید لە عێراق کورسیەکی پەرلەمانی بە دەستهێنا.
 
لە کۆتا بازنەدا کە بازنەی پێنجە سروە محەمەد، کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی) بە (٥٤٥٢) دەنگ توانی کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات.
 
لە کۆی ١٨ کورسی ٧ کورسیان بەدەستهێناوە
 
بەمەش لە کۆی ١٨ کورسی پارێزگاکە ژنان توانیان ٧ کورسی بە دەستبهێنن کە دەکاتە رێژەی (٣٨،٨٪) کورسیەکانی پارێزگاکە.
 
لە هەرێمی کوردستان، ٤٩ کاندیدی ژن کێبڕێی بە دەستهێنانی ٤٤ کورسیان دەکرد و توانیان ١٧ کورسی بە دەستبهێنن بەشێوەیەک لە پارێزگای هەولێر ٦ کورسی لە کۆی ١٥ لە پارێزگای سلێمانی ٧ کورسی لە کۆی ١٨ کورسی لە پارێزگای دهۆک ٤ کورسی لە کۆی ١١ کورسی.
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە ئاستی عێراق لەم هەڵبژرادنە ٩٥١ كاندیدی ژن كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسییان دەکرد، ٩٧ کاندیدیان توانیان بگەنە پەرلەمان بەمەش رێژەی کورسی ژنان لەم خولەی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکەم جار لە مێژودا دەگاتە (٢٩،٤٨٪) کە کۆی کورسیەکان ٣٢٩ کورسیە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,763     ژمارەی میوان 645

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە